فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانیی سپای پاسداران وێڕای ئاماژه به هه‌ڕه‌شه‌ی هێندێك له وڵاتانی بیانی له دژی كۆماری ئیسلامی، ئه‌وانی وریا كرده‌وه كه مووشه‌كه‌كانی وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌ن‌و سوار كراون‌و چاوه‌ڕوانی بڕیاری خامنه‌یی.
ئه‌میر عه‌لی حاجی زاده، فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانیی سپای پاسداران هه‌ڕه‌شه‌ی كردوه كه ئه‌گه‌ر له لایه‌ن دژبهرانمانهوه چووكترین هه‌ڵه بكرێ، پایه‌گای مووشه‌كه‌كان له قوڵایی زه‌وییه‌وه وه‌ك گڕكان ده‌ته‌قنه‌وه.
حاجی زاده گوتی، پایه‌گا ژێر زه‌وییه‌كانی مووشه‌كی دوورهاوێژی كۆماری ئیسلامیی ئێران له هه‌موو پارێزگا‌و شاره‌كانی ئێران له قووڵایی زه‌ویدا جێگیر كراون‌و ئاماده‌ن. به قسه‌ی ناوبراو ئه‌و مووشه‌کانه له قووڵایی ٥٠٠ میتریی له ژێر چیا به‌رزه‌كاندا دامه‌زراون.
حاجی زاده وێڕای ئاماژه‌ی به هه‌ڕه‌شه‌كانی ئامریكا‌و ئیسراییل، له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که ده‌ڵێن له دژی ئێران هه‌موو بژارده‌کان له‌سه‌ر مێزن، گوتی ئه‌وانه‌ی كه دڵیان به بژارده‌کانی سه‌ر مێزه‌کانیان خۆشه، ته‌نیا گورگه ئاوڕێك له بژارده‌كانی ژێر مێزی سپای پاسداران بده‌نه‌وه.