Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۱۳ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۹ | 03/08/2020 | کاتژمێر:
کۆمەڵایەتی

بۆچی لاوانی کوردستان بەرەو چارەنووسی نادیار سەر هەڵ‌دەگرن؟*

01/08/2020 | 21:00:36
+A
-A
حاجی عەبدوڵڵا حەمزە

لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە سەر دەسەڵاتی خۆسەپێن و ستەم‌کاری پاشایەتی، هەموومان بەو هیوایە بووین کە لە کەشێکی بێ‌پاشاییدا بەختەوەر بین. بەڵام، هەر زوو بە هۆی کێشە و بەزمەکانی نێوان عێراق و ئێران و کێشە نێوخۆییەکانەوە، هەموو ئێرانییەکان بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، شار و گوند و ژێرخانی ئابوورییمان وێران و هەزاران شەهید و بریندار و بەرکەوتووی تەنانەت چەکە قەدەغە کراوەکانمان هەبوون و، لە دواییشدا بە بیانووی بارودۆخی ئەمنیەتی ئەوەندە کار بۆ ئێمە نەکرا کە لاوان بخوێنن و بە پێی پلەی خوێندن لە کەرتەکانی دەسەڵات و تایبەتییدا دامەزرێن و هەلی کاریان بۆ دابین بێ.

هەر بۆیە پیشەی سەرەکیی لاوان و تەنانەت گەورە ساڵان و منداڵانیش بوو بە کاسبیی سەر سنوور و کاروانچێتی و …

قاچاخی وەک مۆرکی چارەنووس لە نێوچاوانی لاوانی کورد درا و بە هۆی بەستنی “دەروو” و دەروازەکانی سنوور و نەمانی پیشەی باربەری بە پشتی باربەرانی وەک ئێستر و ئەسپ، بە جێی ئەوەی هەلی کار بە سازکردنی کارگە و کارخانە و بووژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵ‌داری بۆ لاوان بڕەخسێنن، کورتانی وڵاغە تۆپیو و فرۆش‌راوەکانیان خستە سەر کۆڵی چینی نێرینەی گوند و شارەکانی لای سنوور و بە فەرمی و یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران و دەزگا پێوەندیی‌دارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕامیاریی وڵاتدا وەک کۆڵبەر و باربەر ناسێن‌دران و ئیدی لە مرۆڤێکی کاروانچی و سواری پشتی باربەران بووینە مرۆڤێکی باربەر و قورس‌ترین کالاکانمان بە پێدەشت و ڕێچکە باریک و هەڵدێر و شاخاوییەکاندا ڕا گواست.

لاوان چیی‌دی توانای بار هەڵ‌گری و هەڵدێران و کوژاران و مردن لە برسان و لە سەرمایان نەماوە و تەمایانە بڕۆن و سەری خۆیان بەرەو ئەو شوێنانە هەڵ‌گرن کە لەوێش دەبێ وەک هاونیشتمانیی پلە دوو و، نۆکەر و قەرەواش بە دزی و بە کەم‌ترین نرخ کار بکەن و بینێرنەوە هەتا بژیوی دایک و باب و خوشک و برا و ژن و منداڵیانی پێ دابین بکەن.

لاوەکان چۆن دەڕۆن و تێچووی قاچاخچی و ڕێگە و مانەوەیان چۆن دابین دەکەن؟

زۆر کەمن ئەوانەی تێر و پڕ و دارا و دەوڵەمەند بن و تەمای ڕۆیشتن بۆ هەندەرانیان بە یەکجاری هەبێ. ئەدی کێ دەڕوا ؟

ئەوانەی دەڕۆن  خانوو و ڕەز و باخ و ماشێن و زێڕی دایک و خێزانەکانیان دەفرۆشن و بە بارمتە هەتا دەگەنە وڵاتێکی ئورووپایی له لای دەڵاڵانی قاچاخچییەکانی دادەنێن.

ئەو لاوە کۆچەرانە بە برسیەتی و لێ‌دان و بێ‌ڕێزی و هەزاران کوێرەوەری و کێشە دە نێو ماشێنە بارییەکان و لووتکە و گەمیەی بار هەڵ‌گر بە ڕێگە سەخت و کوێرە ڕێ و لانەدیوەکان و بە نێو شەپۆلە بە لرفەلرف و گێژاوی دەریاکان و سەر سنوورە تەلبەند کراوەکان و زەلکاو و مەیدانەکانی مین‌ڕێژ کراوی سپا و پۆلیسی وڵاتاندا تێ‌پەڕ دەکرێن و ئەگەر دەرچوون ئەوە لە بەختی خۆیان، یا دەمرن و دەبنە بەردی بن گۆمێ و بێ‌سەر و شوێن و دیدار ئاخرەت دەبن، یا دەگیرێن و دەر ناچن و دەست لە ئەژنۆیان دەگەڕێنەوە و ئەگەر هاتیشنەوە نە ماڵیان ماوە و نە کاریان هەیە و ئەوانەی سەڵت و ڕەبەن نین خێزان و منداڵیشیان سەر بارن.

هەر بە چەند ساڵان جارێک کۆڕەوی لاوان بەرەو هەندەران دەست پێ دەکا. ئەگەر کەسێک لەو دیوی سنوورەکان بە هەڵە یا بۆ کارێکی ئاسایی بێتە نێو خاکی ئێمە دەست و پێی دەپەڕێنن و لە مێدیادا دەنگ دەداتەوە، بەڵام ئەگەر بە هەزاران کەس بێ‌پاسپۆرت سنوور بەرەو هەندەران دەبەزێنن بۆچی هیچ بەربەستێک نییە و هیچ مێدیایەکیش باسی لێ ناکا؟

هێزی بیر و هزر و هێزی کاری وڵاتەکەمان خەریکە کۆچ دەکا و لە هەندەران دەبێتە ماشێن‌شۆر و سەرتاش و شاگردی مەی‌خانە!

کێ لێرە دەمێنێ؟

کۆمەڵێکی بە ساڵاچووی بێ‌دەرەتان و نەخۆش و چینێکی منداڵ و مێرمنداڵ کە ئەویش لە ئێستاوە تەمرین و ڕاهاتنی ڕۆیشتن دەکەن!

بەڵێ لێرە ژیان نەماوە و کار و پیشە و داهات نییە.

بەڵام دەبێ خۆڕاگر بن ئەم وڵاتە مشوور خۆر و خەم‌خۆر و هێزی لاوانی پێویستە.

تکایە کۆچ مەکەن.

ڕاستە لێرە بێزار بوون، بەڵام لەوێش دڵتان بۆ ماڵ و گوند و شار و وڵاتەکەتان لێ دەدا.

“کاریلە هەر لە بن سەوەتەیدا نابێ!”

 

*لە کاناڵی تێلێگرامیی “ڕۆژنامە” وەر گیراوە.