خۆپێشاندانی شاری “سۆیدا”، لە باشووری سووریە کە لە ڕۆژی یەکشەممەوە دەستی پێکردوە، خەڵک داوای ڕووخانی حکوومەتی ئەسەد دەکەن.
بە پێی هەواڵی چاودێری مافی مرۆڤی سووریە، ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، خۆپێشاندان لە چەند شاری ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی “بەشار ئەسەد”، لە سووریە دەستی پێکرد و لە پێشدا دروشمی کێشەی ئابووری بەرز کرایەوە، بەڵام دواتر دروشمەکان و داواکارییەکان گۆڕان بۆ دروشمی سیاسی و ڕووخاندنی حکوومەتی دەسەڵاتداری ئەسەد.
شایانی باسە کە لە ماوەی ڕۆژێکدا بەهای پارەی سووریە ٤ بەرابەر دابەزی و دۆخی ئابووری خەڵکی ئەو وڵاتە ڕۆژبەڕۆژ بەرەو داڕمان دەچێ و گوشارێکی زۆری ئابووری و بێکاری لەسەر خەڵکی سووریە و بە تایبەتی خەڵکی هەژارە و، ئەسەدی دیکتاتۆریش تەنیا لە بیری کوشتن و ماڵوێرانکردنی خەڵکە بۆ ئەوەیکە خۆی لەسەر کورسی دەسەڵات بمینێتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە لە ساڵی ٢٠١١وە بە هۆی شەڕی نێوخۆیی سووریە و پاڵپشتیکردنی کۆماری ئیسلامیی لەو ڕێژیمە زیاتر لە ٣٨٠ هەزارکەس لە خەڵکی ئەو وڵاتە کوژراو، چەندین میلیون کەسیش ئاوارە و ماڵوێران بوون و خەڵک لە دۆخێکی زۆر ئاڵۆز و نالەباردا دەژین.