Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۱۳ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۹ | 03/08/2020 | کاتژمێر:
جیهان

دابەزینی زیاتر لەسەدا ٥٠ی ئاستی هەناردەی ئورووپا بۆ ئێران

01/08/2020 | 11:53:14
+A
-A

بە پێی نوێترین ڕاپۆرتی ناوەندی گشتیی ئاماری یەکیەتیی ئورووپا “یوروستات” کە ڕۆژی هەینی ١٠ی گەلاوێژ بڵاو بوەتەوە، کۆی گشتیی هەناردەی بازرگانیی ئورووپا بۆ ئێران ملیاردێک و ٢٢٣ میلیۆن یۆرۆ بووە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٨ زیاتر لە ٥٠لەسەد کەمی کردوە. چوار مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٨، هەناردەی ٢٧ وڵاتی ئورووپایی بۆ ئێران زیاتر لە ٣ ملیارد دۆلار بوو.
هەر بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، یەکیەتیی ئورووپا لە چوار مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی بە بڕی ٢٤٥ میلیۆن یۆرۆ کالایان لە ئێرانەوە هاوردە کردوە کە بە جیاوازی لەگەڵ چوار مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٨، ١٥ بەرابەر کەمی کردوە.
ئەندامانی یەکیەتیی ئورووپا لە ساڵی ٢٠١٩ بەولاوە هاوردەی نەوت لە ئێرانیان ڕاگرت. پێش ئەوەی ئەمریکا گەمارۆ لەسەر ئێران دابنێت، وڵاتانی ئورووپایی ڕۆژانە ٥٢٠ هەزار بەرمیل نەوتیان لە ئێرانەوە هاوردە دەکرد.
بە پێی ئەو ئامارەی یۆرۆستات بڵاوی کردوەتەوە، ٨٥ لەسەدی هاوردەی یەکیەتیی ئورووپا لە ئێران هەموو کات مادەی خاو بە تایبەت نەوت بووە.
شایانی باسە کە سەرەڕای هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئورووپا بۆ وەگەڕخستنی ڕێرەوی ماڵی بە تایبەت “ئێنستێکس″، ئامارەکانی یۆرۆستات نیشانی دەدات کە لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، هیچ گۆڕانێک بەسەر ئاستی پێوەندی بازرگانی دوو لایەندا نەهاتوە. جگە لە ئاڵمان، هەناردەی ئیسپانیا، هوڵەند و ئیتاڵیا بۆ ئێران کەمی کردوە.
ئەوە یەکەمین جارە هاوسەنگیی بازرگانی دەرەکی ئێران بە بڕی ١٨.٦ ملیارد دۆلار بە زیانی ئەو وڵاتە دەبێ و ئاستی پاشکەوتی ئەرزی ئێران کەم دەبێتەوە و دەگاتە ٨٥ ملیارد دۆلار.