ڕۆژنامەنووس و بەندکراوێکی سیاسی پێشوو لە لایەن حکوومەتی تورکیەوە دوای ئەوەی کە بۆ ئێران دیپۆرت کرا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
“نەسروڵڵا لەشەنی”، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی لوڕستان کە لە هەرێمی کوردستانەوە ڕووی کردبووە وڵاتی تورکیە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە دەسبەر و دیپۆرتی ئێران کراوەتەوە.
ئەو ڕۆژنامە نووسە دوای ئەوەی کە ڕۆژی شەممە، ١٧ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، لە ڕێگای شاری خۆی دیپۆرت کراوەتەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر و، ڕۆژی دووشەممە، بنەماڵەکەی ئاگادار کراونەوە کە ناوبراو دەسبەسەر کراوە.
“نەسروڵڵا لەشەنی” لە بەرەبەرەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران، ساڵی ٩٢ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و ساڵی دواتر لەلایەن دادگای شۆرشی تاران، بە تۆمەتی کۆبوونەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و تەبلیغ بە دژی نیزام، حوکمی ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و بۆ ماوەی دوو ساڵ هەموو جۆرە چالاکییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لێ قەدەغە کرا.
ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ڕێکەوتی ٤ی جۆزەردانی ٩٥ی هەتاوی، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ئێڤینی تاران کرا.
نەسروڵڵا لەشەنی، پاییزی ڕابردوو دوای ئەوەی لە بەندیخانە مەرەخەسی پێدرابوو، لە ئێران هەڵات و ڕووی لە باشووری کوردستان کرد و چەند حەفتە پێش ئێستا چووەتە وڵاتی تورکیە و لەوێوە دەسبەسەر و دیپۆرتی ئێران کراوەتەوە.
شایانی باسە کە تا کاتی ئامادە کردنی ئەو هەواڵە هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.