Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۱۳ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۹ | 03/08/2020 | کاتژمێر:
سیاسی

دێموکراسی و دوکتور قاسلموو

22/07/2020 | 00:46:43
+A
-A
شاهۆ مەتین

“”دوکتور قاسملوو: “دێموکراسی بۆ ئێمە بە مانای پلۆرالیزم و ئازادیی بڕوا، بەیان و کولتوور دێ.”

دوکتور قاسملوو یەکێک لەو بیرمەندانەی جیهان و بزاڤی ناسیۆنالیزمی کوردستان بوو کە باوەڕی قووڵ و ڕیشەیی بە چەمکی دێموکراسی بۆ دواڕۆژی ئێران و هەموو دنیا هەبوو.

لە هزری دوکتور قاسملوودا دێموکراسییە کە دەتوانێ ئێرانی فرە زمان، کولتوور، نەتەوە و ئیتنیک لە چوارچێوەیەکی شارستانییدا بە تەبایی و پێکەوە سازان ئیدارە بکا؛ هاوکات ئازادی وەک ئەساسی دێموکراسی و هاوشانی پلۆرالیزم لە نێوان گەلانی ئێران پارێزراو ڕابگرێ.

بەڵام بە سەرنجدان بە جۆراوجۆریی دێموکراسی لەسەر ئەرزی واقع کە لە نێو وڵاتان تاقی کراوەتەوە و دەکرێ، دەبێ مەبەستی دوکتور قاسملوو لە کام جۆری دێموکراسی بووبێ؟

 

دێموکراسیی زۆرینە:

لەم مۆدێلەدا ئەو هێز و لایەنەی زۆرترین ڕێژەی دەنگی هەڵبژاردنی بەدەست هێناوە دەسەڵات دەگرێتە دەست، واتە ئەو ڕەوتەی زۆرترین دەنگەکانی بەدەست هێناوە دەزگا و دەسەڵاتە بنەڕەتییەکانی ئەم دەوڵەتە بەڕێوە دەبا، بۆیە ئەم مۆدێلە زۆرتر دەسڵاتێکی ناوەندییە؛ چون دەسەڵاتێکە لە ناوەندەوە بڕیار بۆ بەشەکانی تری وڵات دەدا. بەم پێناسەیە لە دێموکراسیی زۆرینە، ئەم مۆدێلە لەو وڵاتانە دەتوانێ وڵامدەر بێ کە لە ڕووی زمانی، نەتەوەیی و ئایینییەوە یەک‌دەست بێ.

لە سەر ئەم ئەساسە، مۆدێلی دێموکراسیی زۆرینە بۆ وڵاتی ئێران کە لە ڕووی زمانی، نەتەوەیی و ئایینییەوە وڵاتێکی پلۆرالە ناتوانێ گونجاو بێ، چون ئەو نەتەوەی خاوەنی زۆرینەی پێکهاتەی حەشیمەتە دەتوانێ زۆرترین ڕێژەی دەنگەکان بەدەست بێنێ و مۆنۆپۆلی جومگەکانی بەڕێوەبەریی وڵات بکا، کە ئەو کات جیاوازی لەگەڵ دیکتاتۆریی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی نابێ.

لەم بارودۆخەدا کە دێموکراسیی زۆرینە وڵامدەر نییە، بە مانای گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆریی پاشایەتی و ئیسلامی نییە، کە بەداخەوە هەندێک حیزبی سەرتاسەریی ئێرانی ئێستا داوای دەکەن.

ئەوەی لەو دۆخەدا پێویستە، کارکردنە بۆ هێنانە کایەی دۆخێکی لەبار بۆ بەد‌هێنانی مۆدێلێکی تر لە دێموکراسی، کە ئەویش دێموکراسیی ڕێک‌کەوتن یا تەوافوقییە.

 

دێموکراسی ڕێککەوتن:

دێموکراسیی ڕێککەوتن بریتییە لە بەخشینی دەرفەت بە بەشداریی سیاسیی هەموو ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی لەو وڵاتەدا کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان دەبێ لەسەر ژیانی کۆمەڵگە.

مۆدێلی دێموکراسیی ڕێککەوتن لەو وڵاتانە وڵامدەر و ئامادەیە کە لە ڕووی زمانی، نەتەوەیی و مەزهەبییەوە جیاوازیی گەورە لە نێو پێکهاتەکانی ئەم وڵاتەدا هەبێ. واتە کۆمەڵگەیەکی فرە زمان، نەتەوە و ئایینییە کە لە جیاتی ئەوەی حیزبی سەرتاسەری شێوازی ڕێکخستنی سیاسیی هەبێ و جێبەجێ‌کاری پرۆسەی دێموکراسی بێ، حیزبی لۆکاڵی و ناوچەیی ئەم ڕۆڵەی دەبێ؛ هەر بۆیە ئینتیمای تاکەکان زیاتر ڕووی نەتەوەیی و زمانی و ڕەگەزی و ئیدئۆلۆژیی هەیە.

لەسەر ئەم ئەساسە ئاشکرایە لە وڵاتێکی وەک ئێران کە بیهەوێ ببێتە وڵاتێکی دێموکراتیک، مۆدێلی دێموکراسیی زۆرینە وڵامدەر نابێ، لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەو تایبەتمەندییانەی لێرەدا پێویستە، لە ئێراندا بوونی نییە.

هەر بۆیە بە بۆچوونی ڕێبەری هەرمانمان، دوکتور قاسملووش ئەو مۆدێلەی بتوانێ بەکەلکی دواڕۆژی ئێران بێ و لە داهاتووی ئەم وڵاتەدا یارمەتی‌دەر بێ و، لەو کێشانەی -بە هۆی ئەقڵیەتی پاوانخوازانە و دیکتاتۆریی مێژووی دەسەڵاتدارانی ڕابردوو و ئێستای ئێران دروست بوون- ڕزگاری بێ و بتوانێ ئاشتی و تەبایی بەرقەرار بکا، ئەوە مۆدێلی دێموکراسیی ڕێککەوتنە .

لەبەر ئەم تایبەتمەندییە پۆزێتیڤانەی دێموکراسیی ڕێککەوتن هەیەتی، حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزبەکەی دوکتور قاسملوو، لە کۆنگرەی ١٣ی خۆیدا، بە خوێندنەوەیەک لە چەمکی دێموکراسیی ڕێککەوتن هەیبوو، دێموکراسی بۆ فێدرالیزم لە پێناوی وڵامدەر بوونی زۆرتری ئەم چەمکە بۆ دواڕۆژی ئێران دەگۆڕێ، چونکە نە تەنیا لە زۆر وڵاتی دنیا فۆڕمی دێموکراسیی ڕێککەوتن فۆڕمێکی فێدرالییە، بۆ وڵاتێکی وەک ئێرانیش بە لە بەرچاو گرتنی ئەو تایبەتمەندییانەی هەیەتی؛ مۆدێلێکی گونجاوە.

فەلسەفەی فێدرالیزمیش دابەشکردنی دەسەڵات و سەروەرییە -نەهێشتنی ناوەندگەرایی لە وڵاتە- کە خەباتی حیزبی دێموکرات بۆ ئەم قۆناغەی ئێستاشە. واتە فێدرالیزم هەوڵ دەدا دەسەڵات بەسەر بەشە جیاوازەکانی وڵاتدا دابەش بکا و بە هەر بەشێک، بە قەدەر خۆی سەروەری ببەخشێ.

هەم دابەشکردنی دەسەڵات و هەم پێدانی سەروەری، دوو چەمکی سیاسیین کە ئەمەش بەم مانایە دێ لەم وڵاتە (ئێران)ـدا کێشەی سیاسی هەیە و، فێدرالیزمیش دێ چارەسەری ئەم کێشە سیاسییانە بکا.

بەم پێیە بە فێدرالی‌کردنی ئێران هەوڵدانێکی سیاسییە کە لەسەر ویست و ئیرادەی هێزە نەتەوەییەکانی ڕۆژهەڵات و بە پێشەنگایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆتە وێژمانی بزووتنەوەی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات.

ئێرانی دواڕۆژ پێویستی بە دامەزراندنی ناوەندێکی لیبرال و پلۆرال هەیە کە پێوەندیی نێوان بەشە جیاوازەکانی ئەم فێدرالیزمە لەگەڵ ناوەند ڕێک بخات و کولتوورێکی سیاسیی نوێ، کە ڕێک‌کەوتن بنەماکەی بێ و ڕاوێژ و دیالۆگ، بە بەردەوامی لە نێوان ناوەندەکانی دەسەڵات و لە نێو نەتەوە جیاوازەکاندا هەبێ و، دابەشکردنی دەسەڵات و سەروەری لە وڵاتدا ڕێک بخا.