Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۱۳ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۹ | 03/08/2020 | کاتژمێر:
سیاسی

سەرچاوەکانی پێویست بۆ هێزی سیاسی*

22/07/2020 | 00:17:48
+A
-A
و: مەنسوور مروەتی

هێز لە کوێیەوە دێ؟

بێگومان وەدەست هێنانی ئازادی لە ڕێگای ئاشتیەوە کارێکی ئاسان نییە و گەیشتن بەم مەبەستە شارەزاییەکی زۆری ستراتیژیک و ڕێکخستن و پلاندانانی دەوێ. هاوکات گەیشتن بە ئازادی پێویستیی بە هێزیش هەیە. دێموکراتەکان بەبێ کەلک وەرگرتن لە هێزی شوێندانەری خۆیان ناتوانن هیوایان بە هێنانەخوارەوەی دیکتاتۆر و وەدەستهێنانی ئازادیی سیاسی بێ. بەڵام ئەم کارە چۆن دەکرێ؟ دێموکراتەکان توانایی ئامادەکردن و ڕێکخستنی چ هێزێکیان هەیە کە بتوانێ دیکتاتۆرەکان بە هەموو هێزی سەربازیی و پۆلیسییانەوە لە ناو ببا؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە تێگەیشتن لە چەمکی هێزی سیاسیدا شاردراوەتەوە. تێگەییشتن لەم بابەتە کارێکی قورس نییە. هەندێ ڕاستی هەیە بنەڕتی و زۆریش سادەن.

 

چیرۆکی ئەربابی مەیموونەکان

چیرۆکێکی چینی هەیە هی سەدەی چوارە. ئەم چیرۆکە ساکارە زۆر بەباشی چەمکی پشتگوێ‌خراوی هێزی سیاسیمان بۆ ڕوون دەکاتەوە.

لە پارێزگای “چوو” پیرەپیاوێک چەند مەیموونێکی خستبووە خزمەتی خۆیەوە و لەو ڕێگایەوە دەیگوزەراند. خەڵکی ئەو پارێزگایە پێیان دەگوت “جوو کۆنگ”، یانێ ئەربابی مەیموونەکان.

ئەو پیرەپیاوە هەموو ڕۆژێک مەیموونەکانی لە حەساری ماڵەکەی ڕیز دەکرد و فەرمانی بە گەورەکەیان دەکرد کە بۆ کۆکردنەوەی میوە مەیموونەکان ببات بۆ باخەکان. قانوون ئەوە بوو کە هەر کام لە مەیموونەکان دەبێ یەک لە دەی ئەو میوەیەی کۆی دەکاتەوە بداتە پیرەمێردەکە. جا هەر کەسیش سەرپێچیی کردبا زۆر بێ‌بەزەیییانە دارکارییان دەکرد. هەموو مەیموونەکان ژیانیان تاڵ بوو بەڵام کەس نەیدەوێرا مرتەقی لێوە بێ.

ڕۆژێکیان بەچکەمەیموونێک لە مەیموونەکانی پرسی: ئەرێ ئەو پیرەمێردە ئەم دارودرەختانەی چاندوە؟ مەیموونەکان گوتیان نا! ئەمانە لە نێو سروشتدا ڕوواون. بێچووەمەیموونە پرسی: ئەدێ ئێمە بەبێ ئیزنی ئەو پیاوە دەتوانین بۆ خۆمان میوە بڕنین؟ مەیموونەکان گوتیان، ئا بۆ ناتوانین.  بەچکەمەیموونە گوتی باشە ئەگەر وایە ئیتر بۆچی ئێمە خۆمان بەم پیرەمێردە ببەستینەوە و خزمەتی بکەین؟ بەرلەوەی بیچووە مەیموونەکە قسەکانی تەواو بکا ، مەیموونەکان لە پڕ ڕاچەنیبوون و وشیار ببوونەوە.

هەر ئەوشەوە دوای ئەوەی پیرەمێردکە خەوت، مەیموونەکان تۆڕ و پەرژینی حەسارەکەیان تێک دا و خۆیان ڕزگار کرد، ئەوان تەنانەت میوەکانی نێو ئەنبارەکەشیان لە گەڵ خۆیان برد بەرەو نێو دارستانەکان و ئیتر نەگەڕانەوە. لە کۆتاییشدا پیرەمێردەکە لە برسان مرد.

“یوو لی زی” دەڵێ: هەندێ لە مرۆڤەکان بە فێڵ و تەڵەکە بە سەر خەڵکدا حوکم دەکەن نەک بە قانوونێکی دادپەروەرانە. ئایا ئەم کەسانە وەکوو خاوەنی مەیموونەکان نین؟ ئەم کەسانە ئاگایان لە نەزانیی خۆیان نییە، بۆیە هەر کە خەڵکەکە وریا بوونەوە ئیتر فێڵ و تەڵەکەی ئەوان دادیان نادا.

 

سەرچاوەکانی پێویست بۆ هێزی سیاسی

ئەسڵی بابەتەکە سادەیە. دیکتاتۆرەکان پێویستیان بە هاوکاریی ئەو خەڵکەیە کە بەسەریاندا حوکم دەکەن. هاوکارییەک کە بەبێ ئەوە ناتوانن سەرچاوەکانی دەسەڵاتی خۆیان دابین بکەن و ڕاشیگرن.

سەرچاوەکانی هێزی سیاسی لەمانەی خوارەوە پێک دێ:

ڕەوایی، بریتیە لە باوەڕێکی گشتی لە نێو خەڵکدا بەوەی کە دەسەڵات قانوونییە و ئەوان پابەندن بەوەی کە دەبێ گوێڕایەڵی بن.

سەرچاوە مرۆییەکان، بریتیە لە ڕێژە و گرینگیی ئەو کەس و گرووپانەی کە گوێڕایەڵی دەسەڵاتن و هاوکارییان لەگەڵدا دەکەن.

زانست و شارەزایی، ئەمە بۆ دەسەڵات و بە تایبەتی بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانیان پێویستە و لە لایەن گرووپ و کەسانی یارمەتیدەرەوە دابین دەکرێ.

فاکتەرە غەیرە عەینییەکان، ئەمە ئەو فاکتەرە ڕەوانی و ئیدئۆلۆژیکانە دەگرێتەوە کە خەڵک وا لێ دەکا گوێڕایەڵی دەسەڵات بن و یارمەتییان بدەن.

سەرچاوە مادییەکان، ئەو ڕێژیە لە سامان و سەرچاوە سروشتیەکان و سەرچاوە داراییەکان و سیستمی ئابووری و کەرەسەکانی پەیوەندی و بارکردن و ڕاگواستن دەگرێتەوە کە دەسەڵاتداران دەستیان پێی ڕادەگا و کەڵکی لێ وەردەگرن.

تاوان و سزاکان، سزادان یا هەڕەشەی سزادانی ئەو کەسانەی کە خۆیان لە هاوکاری و یارمەتیی ڕژیم دەبوێرن، بەمەبەستی دڵنیا بوون لە گوێڕایەڵی و هاوکاریی ئەوان کە بۆ ڕاگرتنی ڕێژیمەکەیان و جێبەجێ کردنی سیاسەتەکانیان پێویستە.

بەهەرحاڵ هەموو ئەم سەرچاوانە پێوەندیی بە قبووڵ کردنی ڕێژیم لە لایەن خەڵک و گوێڕایەڵی و هاوکاریی ئەوان و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ڕێژیمە. هیچ زەمانەتێکیش بۆ بەردەوامیی ئەو سەرچاوانە نییە.

هاوکاریی تەواو و گوێڕایەڵی و پشتیوانیی خەڵک دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەسەڵاتداران زیاتر دەستیان بە سەرچاوەکانی هێز و دەسەڵات ڕابگا و لە ئاکامدا هێزی دەوڵەت زیاد دەکا.

لە بەرانبەردا وەرگرتنەوەی هاوکاریی خەڵک و ڕێکخراوەکان لە دیکتاتۆرەکان -کە بۆ مانەوەی خۆیان پشتی پێ دەبەستن- دەسپڕاگەیشتنی ئەوان بە هێزی سیاسی کەم دەکاتەوە یان لە ناوی دەبا. بەبێ دەستپێڕاگەییشتن بەو سەرچاوانە، هێزی دیکتاتۆر کەم دەبێتەوە و لە کۆتاییدا لەبەین دەچێ.

ئاساییە کە دیکتاتۆرەکان لە بەرانبەر ئەو چالاکی و بیروباوەڕانەی کە بە هەڕەشە بۆ سەر خۆیانی دەبینن هەستیارن، هەر بۆیە سزای ئەو کەسانە دەدەن کە نافەرمانی دەکەن، مان دەگرن یا خۆ لە هاوکاری دەبوێرن. بەڵام ئەمە کۆتایی باسەکە نییە. بەڵکوو ئیتر سەرکوت و دڕندەیی نابێتە هۆی گوێڕایەڵ بوون و هاوکاریی ڕێژیم بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات.

ئەگەر سەرەڕای سەرکوتەکان، بکرێ بۆ ماوەیەکی باش سەرچاوەکانی دەسەڵات بەرتەسک بکرێنەوە یان تەنانەت بیبڕن، یەکەم شت ئەوەیە ڕەنگە ببێتە هۆی ترس و دڵەڕاوکی لە نێو ڕژیمی دیکتاتۆردا. ئەم کارە بە لاوازبوونی دەسەڵاتی دیکتاتۆر درێژەی دەبێ.

بەردەوامیی ئەم ڕەوتە و پێشگرتن لە دەستپێڕاگەییشتنی دیکتاتۆر بە سەرچاوەکانی هێزودەسەڵات دەبێتە هۆی بێتوانایی و ئیفلیجیی ڕێژیم و لەوەش زیاتر دەبێتە هۆی ڕووخانی ڕێژیم. هێزی دیکتاتۆر درەنگ یان زوو لە بەرانبەر ئەو دۆخەدا خۆی ناگرێ و بە چۆکدا دێ.

بە پێچەوانەی باوەڕی گشتیی خەڵک، تەنانەت پاوانخوازترین دیکتاتۆرەکانیش بەو خەڵکەوە بەسراونەتەوە کە دەسەڵاتیان بەسەردا دەکەن. هەروا کە زانای سیاسی کاڕل دەبلیوو دووچ لە ساڵی ١٩٥٣دا گوتوویە:

دەسەڵاتی پاوانخواز تەنیا تا ئەوکاتە بەهێزە کە زۆر کەڵکی لێ وەرنەگیرێ. ئەگەر بڕیار بێ دەسەڵاتی پاوانخواز بەتەما بێ بە شێوەی هەمیشەیی بەسەر خەڵکەکەیدا حوکم بکا، ئەگەری زۆر کەمە بتوانێ ماوەیەکی زۆر بەهێز بمێنێتەوە. لەو ڕووەوە کە حکوومەتە پاوانخوازەکان لە چاو حکوومەتەکانی دیکە لە پەیوەندییان لەگەڵ خەڵکدا زیاتر پێویستیان بە زۆر هەیە، کەوایە پێویستیان بە جێگەوپێگەی زیاتر و پشتیوانیی بەربڵاوتری خەڵک هەیە. جگە لەوانە دیکتاتۆرەکان دەبێ بتوانن لە کاتی پێویستدا پشت بە پشتیوانیی چالاکانەی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە ببەستن.

“جان ئاوستین” تیۆریسیەنی ناوداری سەدەی ١٩ی بریتانیا، بارودۆخی ئەو دیکتاتۆرەی کە خەڵکەکەی خۆشیان ناوێ، ئاوا باس دەکا: “ ئەگەر زۆرینەی خەڵک بڕیار بدەن کە حکوومەت بڕووخێنن و لەم ڕێگایەشدا خۆیان بۆ سەرکوتەکان حازر بکەن، تازە هەوڵ و تەقەللای حکوومەت و ئەو کەسانەی بەرگریی لێ‌دەکەن، تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەش یارمەتی وەربگرن، هیچ سوودێکی نابێ.” ئاوستین لە کۆتاییدا دەڵێ، ناکرێ بە زۆر خەڵکی خەباتکار بۆ هەمیشە گوێڕایەڵی خۆت بکەی.

“ماکیاوەلی”یش زۆر پێشتر لەمانە لەم قسانەی کردوە کە: شازادە “ی” کە خەڵکەکەی لێ بووەتە دوژمن، ناتوانێ خۆی بپارێزێ و هەرچەندە ستەمی زیاتریش بکا ڕێژیمەکەی لاوازتر دەبێ.

دەکرێ نموونەی بەرچاوی ئەم ڕوانگەیە لە خۆپیشاندانەکانی نوروێژییە قارەمانەکان لە بەرانبەر داگیرکاریی نازییەکان و خەباتی ڕۆڵە ئازاکانی لەهستانی، ئاڵمانییەکان، چێکەکان، سلۆواکەکان و خەباتی گەلانی دیکە کە بەدژی دیکتاتۆریی کۆمۆنیستەکان شەڕیان کرد و لە کۆتاییدا کۆمۆنیزمیان لە ئورووپادا بەزاند، ببینرێ.

دیارە بە دڵنیاییەوە ئەم بابەتە دیاردەیەکی تازە نییە. هەندێ بەرنگاری و مقاومەتی ناتوندوتیژ، لانیکەم بۆ ٤٩٥ ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. ئەو کاتەی کە خەڵک هاوکاری و یارمەتیی خۆیان لە ئاغاکانی ڕوومی بڕی. خەباتی ناتوندوتیژ جگە لە ئورووپا زۆر جاران لە لایەن خەڵکی ئاسیا، ئافریقا، ئامریکا و ئوسترالیا و دوورگەکانی پاسیفیک کەڵکی لێ وەرگیراوە.

 

ناوەندەکانی هێزی دێموکراتیک

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگە دێموکراتیکەکان بوونی گرووپ و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی سەربەخۆ و نەبەستراوە بە دەوڵەتە. ئەم گرووپ و ڕێکخراوانە بۆ وێنە بریتین لە: بنەماڵەکان، ڕێکخراوە ئایینیەکان، ئەنجومەنە فەرهەنگییەکان، یانە وەرزشییەکان، ڕێکخراوە ئابوورییەکان، یەکیەتییە بازرگانییەکان، ئەنجومەنەکانی قوتابیان و خوێندکاران، حیزبە سیاسییەکان، دانیشتووانی گوندێک، ئەنجومەنی دراوسێیەکان، یانەکانی باخەوانی، ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ، گرووپەکانی مووسیقا، ئەنجومەنە ئەدەبییەکان و زۆر ڕێکخراو و دەستەی دیکە. ئەم ڕێکخراوانە هەروا کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان تێدەکۆشن، ڕۆڵێکی زۆر گرینگیشیان لە وڵامدانەوە بە ویستەکانی کۆمەڵگە لە ئەستۆیە.

جگە لەوە ئەم ڕێکخراوانە خاوەنی مانا و مەفهوومی سیاسیی زۆر گرینگن. ئەمانە زەمینە خۆش دەکەن کە لەو ڕێگایەوە خەڵک بتوانن لە ئاراستەکردن و بردنە پێشی کۆمەڵگەی خۆیاندا شوێندانەر بن و لە بەرانبەر دەوڵەت و گرووپەکانی دیکەدا _ بەتایبەت ئەو کاتەی کە هەست  بە نادادپەروەری و سەرپێچی لە بەرانبەر دواکارییەکانیاندا بکەن_ بەرگری بکەن.

تاکەکەسەکان کە ئەندامی هیچ کام لەو گرووپانە نین ناتوانن بە تاقی تەنیا فشارێکی وا بخەنە سەرکۆمەڵگە یان لەوە کەمتر بۆ سەر دەوڵەت، وە بە دڵنیاییەوە ناتوانن هیچ گوشارێک بخەنە سەر دیکتاتۆر.

دەرهاویشتەی ئەم باسە ئەوەیە کە ئەگەر دیکتاتۆر بتوانێ ئازادی و سەربەخۆیی ڕێکخراوە سەربەخۆکان زەوت بکا، خەڵک تا ڕادەیەک بێهێز و دەستەوەستان دەبن. هەروەها ئەگەر ئەم ڕێکخراوانە بە شێوەی دیکتاتۆرانە لە لایەن ڕژیمی ناوەندییەوە بەڕێوە ببرێن یان لە لایەن ڕێکخراوە نوێیەکانەوە کۆنترۆڵ بکرێن و جێیان بگیرێتەوە، دەتوانن ببنە هۆکارێک کە خەڵک بهێننە ژێر ڕکێفی ڕێژیم.

ئەم ڕێکخراوە مەدەنییانە ئەگەر بتوانن ئازادی و سەربەخۆیی خۆیان وەدەست بێنن، دەتوانن لە خەباتی سیاسیدا ببنە فاکتەرێکی زۆر گرینگ. خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو نموونانەی کە بۆ ڕووخان یان لاوازکردنی دیکتاتۆر لەم کتێبەدا باس کرا، بریتییە لە بەشداریی بەربڵاو و بوێرانەی خەڵک و ڕێکخراوەکانی ئەوان لە خەباتی سیاسیدا.

هەروا کە باس کرا ئەم ناوەندانە بنەما و بنا‌غەی ڕێکخراوەگەلێک پێک دێنن کە خەڵک دەتوانن لە ڕێگای ئەوانەوە فشار بۆ دیکتاتۆر بێنن و بەرنگاری ببنەوە. لە داهاتووشدا ئەم ڕێکخراوانە دەبنە بەشێک لە سیستمی کۆمەڵگەیەکی ئازاد. هەر بۆیە سەربەخۆیی و گەشەی بەردەوامی ئەمانە پێشمەرجی سەرکەوتنی خەباتی ئازادیخوازەکانە. ئەگەر دیکتاتۆری بتوانێ بەڕادەیەکی بەربڵاو ئەم ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییانە لە بەین ببا یان کۆنترۆڵیان بکا، بۆ هێزە خەباتکارەکان زۆر گرینگە کە ڕێکخراوەی نوێ پێک بێنن یا دەسەڵاتی دێموکراتیک بۆ ڕێکخراوەکە بگەڕێننەوە. لە کاتی شۆڕشی مەجارستاندا لە ساڵەکانی ٥٦ و ٥٧دا شۆڕایەکی زۆری دێموکراتی لە ناوچە جیاجیاکانی ئەوێ ڕاستەوخۆ سەریان هەڵدا، تەنانەت بۆ چەند هەفتەیەک پێکەوە توانییان سیستمێکی حکوومەتیی یەکگرتوو پێک بێنن.

لە دەیەی ٨٠ لە لەهستانیش کرێکارەکان چەند یەکیەتییەکی نایاساییان پێک هێنا کە هەندێ جار تەنانەت توانییان یەکیەتییە ڕەسمییە ژێر دەسەڵاتی کۆمۆنیستەکان بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. ئەم جۆرە گەشەکردنەی ڕێکخراوەکان دەتوانێ دەسکەوتی سیاسیی گرینگی لێ بکەوێتەوە.

بێ گومان هیچکام لەم قسانە بەو مانایە نییە کە لاوازکردن و بەزاندنی دیکتاتۆرەکان کارێکی ئاسانە، هەروەها نابێ پێشمان وابێ کە هەموو هەوڵەکان لە سەرکەوتنەوە نزیکن. بە دڵنیاییەوە ئەم قسانە بەم مانایە نییە کە خەباتی سیاسی هیچ خەسارێکی نابێ چونکە ئەوانەی کە هێشتا لە خزمەتی دیکتاتۆرەکاندان لەوانەیە بۆ مەجبوور کردنی خەڵک بە هاوکاری و گوێڕایەڵی، هەموو هەوڵ و تەقەللایەک بکەن.

ڕوانگەی سەرەوە لە سەر هێز و دەسەڵات پێمان دەڵێ کە لێکهەڵوەشان و لێکهەڵتەکانی دیکتاتۆرەکان کارێکی کردەنییە.

دیکتاتۆرەکان بەتایبەتی هەندێ تایبەتمەندیی خۆیان هەیە کە لەبەرانبەر خەباتی سیاسیی شارەزایانەدا زۆر خەسار هەڵگریان دەکا.

لەبەشەکانی داهاتوودا بەوردی لە سەر ئەو تایبەتمەندییانە قسە دەکەین.

***

* جین شارپ