“ئانتۆنیۆ گۆترێس”، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا سپاسی پزیشکێکی کوردی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بە ناوی دوکتور”هەڤاڵ کێلی” دەکا.
بە پێێ ڕاپۆرتێکی تۆڕی میدیایی ڕووداو، ڕۆژی پێنج شەممە، ١٥ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرنامەیەکی ڤیدیۆییدا ڕاستەوخۆ لە گەڵ دوکتور”هەڤاڵ کێلی” قسە دەکا و سپاسی ناوبراو دەکا بۆ کار و چالاکییەکانی کە لە ماوەی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادا ئەنجامی داوە و، بە ڕێنماییەکانی یارمەتیی کۆمەڵگەی جیهانیی داوە، بۆ خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا.
شایانی باسە، دوکتورهەڤاڵ کوردێکی پەنابەری خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە کە لە ئەمریکا دەژی. ناوبراو لە وڵامی گۆترێسدا دەڵێ کە جیهان دەبێ بڕوا بە پەنابەران بکا و دۆخیکی باشیان بۆ بخوڵقێنێ، لەبەر ئەوەیکە مرۆڤ و مرۆڤایەتی پێکەوە جوانن.