Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۲۰ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۹ | 10/07/2020 | کاتژمێر:
کوردستان

یانەی کولتووری و شاخەوانی هەڵگوردی پیرانشار: داوا لە خەڵک و بەرپرسان دەکەین بەرپرسیارانە لە پێناو پاراستنی سروشت و ژینگەی وڵات ئەرکی خۆیان بەجێ بێنن

30/06/2020 | 21:46:19
+A
-A

یانەی کولتووری و شاخەوانی هەڵگوردی پیرانشار لە پێوەندی لەگەڵ گیان لەدەست دانی سێ ژینگەی پارێزی ژیوای پاوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە:

 

با بسووتێم « ببمە‌ خاك و خۆڵە‌مێش» ئە‌ی شاخە‌كان

تا پتر ڕۆچم بە‌ ناخی خاكی كوردستانە‌وە‌!

 

جەماوەری خۆشەویستی کوردستان!

هاونیشتمانیانی بەڕێز!

جەماوەری سەوزبیری کوردستان!

دیسانیش کوردستان وەک هەمیشە و هەموو ڕۆژێ برینێکی دیکەی تێ بوو!

ئەمجارەش شین گێڕان بۆ لەدەست‌دانی سێ  ڕۆڵەی ئازا و چاونەترس!

هاوار و ناڵە هەستا لە دڵی دایکانی جەرگ سووتاو بۆ لە دەست‌دانی ڕۆڵەکانیان!

 

بەداخێکی زۆر گرانەوە لە بێ‌باکی و بێ‌ئەمەگی بەرپرسانی وڵات و کەمتەرخەمی هاووڵاتیان، ڕۆژی ٨ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی سێ لاوی تێکۆشەر و وڵات پارێز بە ناوەکانی: “موختار خەندانی”، “بیلال ئەمینی” و “یاسین کەریمی” لە پێناو پاراستنی  دارستان و ژینگەی زاگرۆسی زامدار، ژیانی خۆیان لە کاتی کوژاندنەوەی دارستانەکانی پاوە پێشکەشی خاک و نیشتمان کرد.

بەم بۆنەیەوە ئێمە وەکوو یانەی شاخەوانی هەڵگورد وێڕای سەرەخۆشی کردن لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەو تێکۆشەرانە، هاودەردی و هاوسۆزی خۆمان بۆ هەموو ژینگەدۆستانی جیهان و خەڵکی کوردستان بە گشتی و بە تایبەت خەڵکی شاری پاوەی خۆشەویست ڕادەگەیەنین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین. داواش لە خەڵک و بەرپرسان دەکەین بەرپرسیارانە لە پێناو پاراستنی سروشت و ژینگەی وڵات ئەرکی خۆیان بەجێ بێنن.

لە کۆتاییدا بەڵێن دەدەین درێژە بە ڕێگای پیرۆزی ئەم ئەستێرە پڕشنگدارانە بدەین  کە لە زەوییەوە بەرەو ئاسمان فڕین.

بەرز و پیرۆز بمێنێ ناو و یادیان

یانەی کولتووری و شاخەوانی هەڵگوردی پیرانشار

١٠ـی پووشپەڕی ۹۹ـی هەتاوی