Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۲۰ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۹ | 10/07/2020 | کاتژمێر:
کوردستان

بەیاننامەی شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان سەبارەت بە شەهیدانی تازەی ژینگە

30/06/2020 | 13:48:11
+A
-A

ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان بە بۆنەی گیان لەدەست دانی سێ ژینگەپارێزی “ژیوا”ی پاوە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیە:

هەروەک ئاگادارن، کۆمەڵگای کوردەواری بە گشتی و هەورامان بە تایبەت، لە جەرگەی ژینی ئەمڕۆدا، توانیویەتی بە هەوڵ و هیممەتی ڕۆڵەکانی، قەدر و حورمەتی ژینگە بەرز بنرخێنێ و بۆ گەشەی چالاکی بنوێنێ، بەجۆرێک کە تەنانەت ئازیزترین ڕۆڵەکانی لەم پێناوەدا گیانیان بەخشیوە و بەرانبەر ناحەزانی ژینگە قەقنەس ئاسا گڕیان تێ بەر بووە تاکوو ژینگە بپارێزرێت و گەل لە سێبەری ئەم درەختە ڕیشەدارەدا بحەسێتەوە و بە ئاسوودەیی بژیت. بەڵام بەداخەوە هەموو ساڵێک و لە وەرزی گەرمادا، گڕ دەکەوێتە جەستەی دارستانەکانی و لە کاتی کۆژاندنەوەی ئەم ئاگرەدا ئازیزترین ڕۆڵەکانی شەهید دەبن.

ئێستا دیسان لە تەنگانەی ئێوارەی ڕۆژی ٨ی مانگی پووشپەری ساڵی ١٣٩٩ی هەتاویدا قرچەی پڕووز و گڕی نەهامەتی، لەگەڵ مێردەزمەی تاوان هاودەنگ و هاودەس تاوانیان خولقاند و بێ بەزەییانە جەرگی نیشتمانییان بڕی و و دووکەڵی ڕق و قینیان هەناسەی ژیانی تاساند و سەری سەربەرزییان خوێناوی کرد.

دیسان سێ پڵنگی هەڵمەتبەری شاخە بەرزەکانی کوردستان، بۆ چاودێری شەرافەتی ژینگە، بۆ پارێزگاری لە ڕۆحی بەرزی نیشتمانی ئەهوورایی، کەوتنە داوی کڵپە و بڵێسەی جەستەی نیوە گیانی ئەو دارستانەی وا دەستی ڕق و قین و بیری چڵکنی نەزانین ئاگری تێ بەردابوو.

ئێستا چەم و دۆڵی بووزین و مەرەخێڵ لە هاواری شێرانەی ڕۆڵە نیشتمانپەروەرەکانی کە بۆ نەجاتی قۆڵی هیممەتییان لێ هەڵماڵی بوو و پووزەوانەی غیرەتییان لە پێ کردبوو، دەنگ ئەداتەوە. ئێستا سروشتەکەی بۆیان تازیەبارە و هەزار بە هەزار ئاخ و داخ بۆ کۆچی هەتاهەتاییان هەڵدەڕێژێت و تا دنیا دنیایە چاوەڕێیانە.

ئێمە وەکوو شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان و چالاکانی ژینگەیی مەحاڵی هەورامان، لە ساڵوەگەڕی یادی شەهیدان کاک شەریف و کاک ئومید، لەگەڵ شەهیدانی تازەمان کاک موختار و کاک بیلال و کاک یاسین بەڵێن تازە دەکەینەوە کە ڕێبواری ڕێگەیان بین. دڵنیاین هەرگیز یاد و ناوی ئەو شەهیدانە لە هزرو بیری هیچ تاکێکی کورددا ناسڕێتەوە.

 

شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان

ئەنجومەنی فەرهەنگی ـ ئەدەبیی ڕۆجیار

ئەنجومەنی فەرهەنگی ـ ئەدەبیی مەریوان

ئەنجومەنی سەوزی چیا

ئەنجومەنی مامۆستایانی ئایینی مەریوان و هەورامان (یەمامە)

کانوونی فەرهەنگی ـ هونەری ڤەژین

کانوونی عیلمی ـ فەرهەنگی ڕۆنان

ئەنجومەنی بەرگری لە ماددە هۆشبەرەکان (ژیانەوە)