Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۲۰ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۹ | 10/07/2020 | کاتژمێر:
سیاسی

کۆماری ئیسلامی سەرچاوەی قەیران، یان ڕێگەچارە؟

27/06/2020 | 19:08:13
+A
-A
مووسا باباخانی

ڕۆژهەڵاتیی ناڤین ئەگەر وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی مرۆیی پێناسەی بارودۆخێ بۆ بکرێ، وەک سەرچاوەی بەشێکی ئەسڵی و بنەمایی سەرهەڵدانی قەیرانگەلی بنەمایی بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە قەڵەم دەدرێ.

یان بە واتایەکی دیکە، جەستەیەک کە به‌ نەخۆشی لە دایک بووە و ئەو پێکهاتەیە هەر بە نەخۆشی شکڵ و فۆرمێ گرتوە، هەر بۆیە ئێستا ئەم ناوچەیە بووە بە ئالۆزترین شوێنی جیهان و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کارەساتی مرۆیی زیاتری لێ دەکەوێتەوە.
یەکێک لەو سیستمە سیاسیانەی کە ڕۆڵی نەرێنی لەم ناوچەیە دا هەیە ، کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرهەمی ئەقڵیەتی سیاسیی سیستمێکی مەزهەبی توندئاژۆە کە بەرهەمی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوییە و بە نێوی ڕەوایی وەرگرتن لە ئاسمانەوە لەم وڵاتە دەسەڵاتی خۆی بەڕێوە دەبا.
ئەوەی لەم وتارەدا هەڵوەستەی لە سەر دەکرێ قەیران خوڵقاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌ لەم ناوچە ئاڵۆزه‌دا.
هەر سیستمێکی سیاسی کە کێشەی ڕەوایی سیاسی هەبێ، بێ‌گومان ناتوانێ گرفتەکانی کۆمەڵگەی خۆی چارەسەر بکاو بۆ دەرباز بوون لەو دۆخە، ناچارە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بە دوای ڕێگە چارەدا بگەڕێ، هەر ئەو کارەی کە بەڕێوەبەرانی کۆماری ئیسلامی دوای ٢٠٠٣ و ڕووخانی سەدام حوسێن لە عێراق کردیان، واتە دەیانزانی شەڕ هاتوەتە پشت سنوورەکانی ئەوان، هەر بۆیە بڕیاریان‌دا شەڕ ببەنە نێو ماڵی دراوسێکانیان.
کۆمەڵگەی ئێران لەگەڵ چەندین قەیرانی جیددی و کەلێنی گەورەی وەک قەیرانی ئابووری، کێشە کۆمەڵایەتییەکان، پرسی نەتەوەکان و کەمایه‌تییه‌ دینیەکان، قەیرانی ئاو کە وەک پرسێکی ئەمنییەتی لە قەڵەم دەدرێ و چەندین کێشە و گرفتی گەورەی دیکە، بەرەوڕوویە، وەک بڵاو بوونەوەی پەتای کۆرۆنا بە شێوەیەکی بەربڵاو لە بەشێکی زۆر لە پارێزگاکانی ئێران، نە تەنیا بەرنامەی چارەسەری ئەو قەیرانانه‌ی له‌ نێوخۆی وڵاتدا نییە، بەڵکوو بە پشتگوێ خستنی ئەو گرفتانە، کۆمەڵگەیەکی بێ دەنگ و هەژار بە هێزی چەک کونترۆڵ دەکا.
کۆماری ئیسلامی لە جیاتی چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگەی ئێران، لەگەڵ هاتنە سەر کاری تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت خەریکی قەیران خوڵقاندن لە ناوچە و تەنانەت لە ئاستی جیهانیش دایە.

کە باس لە قەیران یان کێشەی ڕەوایی لە سیستمی کۆماری ئیسلامی دا دەکرێ، بێ گومان ئەو ڕێژیمە پێویستی بە سیاسەتێکی تایبەت هەیە بۆ شاردنەوەی قەیرانە نێوخۆییەکان و لە ئەگەری هەر ناڕەزایەتییەک زۆر بە ئاسانی ئەو ناڕەزایەتییانە سەرکوت دەکرێن، چونکە لە ‌زه‌ینییه‌تی خەڵکی ئێراندا کۆمەڵێک دوژمنی خەیاڵی دروست کردوە که‌ ئەو دوژمنە وەهمیانە کە لە دنیای واقیعشدا هیچ بوونێکیان نییە، ده‌یانهه‌وێ کێشه‌ بۆ خەڵکی ئێران دروست بکەن، ئەڵبەت مێژوو پڕە لە نموونەی ئەو ڕێژیمە ترسەنۆکانە کە بەردەوام لەبەر کێشە بنەماییەکانی وڵات هەڵاتوون و کێشە و قەیرانی دەرەکییان بۆ خەڵکی وڵاتی خۆیان دروست کردوە، کۆماری ئیسلامیش لەو بارەوە دەچێتە ڕیزی سیستمگەلی وەک نازی  و بەعس لە سەردەمی سەدام حوسێن لەعێراق.

دۆخی سیاسی وڵاتانی ناوچەش بەستێنێ بۆ دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتانەدا خۆش کردوە، بە تایبەت کێشەی دینی و مەزهەبی لەو ناوچەیە دەستی ئەو ڕێژیمە قەیران خولقێنەی ئاوەڵا کردوە بۆ پێکانی ئامانجە سیاسییەکانی خۆی بە تایبەت ناردنە دەرەوەی شۆڕش بۆ وڵاتانی دیکە کە یەکێک لە کۆڵەکە بنەماییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەو ڕێژیمەیە، نموونەش بۆ ئەو ئیدعایە، وتە توندەکانی خومەینی بۆ خەڵک و ئەرتەشی عێراق بوو کە ئەوانی هان دەدا کە بە دژی سەدام ڕاپەڕن و ئەوەش بووە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هاندان و هەڵوێست گرتنی سەدام لە هەمبەر ئێران.

ناوەندەکانی زانیاریی کۆماری ئیسلامی لە سەر ئەو بۆچوونە کار دەکەن کە سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی ئەو سنوورە جوغرافیاییانە نین کە چوارچێوەی وڵاتی ئێران پێک دێنن، بەڵکوو ئەندازیارانی سیاسەتی دەرەکی ئەو ڕێژیمە بە فەرمی کار لە سەر سنووری ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی دەکەن و لەو بڕوایەدان کە تا دەریای مه‌دیتەرانە سنووری ئێرانە، کە ئەوە بۆ خۆی قووڵایی ستراتێژی ئەو ڕێژیمە بۆ قەیران خوڵقاندن نیشان دەدا.
بەڵگه‌ی عەینی و بە کردەیی کراو بۆ ئەو بابەتە، ناردنی کارناس و هێزی سەربازی بۆ وڵاتانی وەک یەمەن، عێراق، لوبنان و بە تایبەت سووریەیە.
تا ئێستا چەندین فەرماندەی سپای پاسداران لە سووریە کوژراون و ئەرکی خۆیانیان بەجێ هێناوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو تێئوریە کە پێشتر باس کرا واتە، پاراستنی سنووری ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچە.

لەم وتارەدا دەستێوەردانە سەربازییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئسلامیی ئێران لە چوارچێوەی ئەمنییەت و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێران ( نە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران) و هەروەها زێدەخوازی و ناردنە دەرەوەی شۆڕش باسی لێ دەکرێ.

لە هەندێک بواردا ڕێژیم لە ناوچە توانیویەتی بە سەرکەوتن بگا، هەرچەند درێژخایەنیش نییە، وەک پێڕەوی کردنی حوسییەکانی یەمەن لە ڕێژیم، پێکهێنانی  گرووپە سەربازییەکان کە پێکهاتەکەیان خەڵکی وڵاتانی پاکستان، عێراق، ئەفغانستان و لوبنانن. ئەو کردەوانە حکوومەتی بەشارئەسەد و شیعەکانی عێراقی زیاتر لە ڕێژیمی ئێرانە نزیکتر کردۆتەوە، بەڵام بابەتی گرینگ ئەوەیە کە ئەو نفووزە زۆرەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە هیچ کاریگەرییەکی لە سەر بەرژەوەندەییەکانی خەڵکی ئێران نییە.

 

  • ئەو ڕووداوانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەڕێوەیە هەموویان دەرەنجامی دەبێتە پووچەڵ کردنەوەی تێچووەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دوای ساڵی ٢٠١١ لە عێراق، سوریە و یەمەن. لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی  ئێران لە سووریە و نزیک بوونەوەی عێراق لە عەرەبستان و لە هێندێک بواردا کە عێراق لە کێشەکانی نێوان ئێران و ئامریکا لایەنی ئێران ناگرێ. هەروەها کڕینی مووشەکی ئیس ٤٠٠ ڕووسی لە لایەن عەرەبستانی سعوودی، هاوکاری عەرەبستان و ئیسرائیل و هەڕەشە یەک لە دوای یەکەکانی ئیسرائیل لە ئێران لەبەر حزووری سەربازیی ئێران لە سوریە. هەر بۆیە هەلومەرجی سەربازی و دیپڵۆماسی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بۆ کۆماری ئیسلامی  لە ساڵی ٢٠٢٠ چالنجی زیاتری بۆ ئەو ڕێژیمە پێک دێنێ.
  • هەر وڵات یان دەوڵەتێک هێندێک بابەت دەکاتە پێوەر بۆ دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە وەک بەرژەوەندی و ئەمنییەتی نەتەوەیی، لەم وتارەشدا پێویست دەکا هەڵوەستەیەک لەسەر دەستێوەردانەکانی ئێران لە پرسی نێوخۆیی چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناڤین باس بکرێ.
  • گرینگی دوو وڵاتی لوبنان و سوریە بۆ ئێران:
  • دەست پێڕاگەیشتن بە سەرچاوە گرینگەکان بۆ پێشبردنی بەرنامەی درێژخایەن کە کاریگەریی لە سەر ئەمنیەتی ئەو وڵاتە هەبێ وەک دەستڕاگەیشتن بە ئۆرانیۆم و هاوکات ئەو وڵاتە لە هەلومەرجێکدا بێت کە وڵاتێکی دراوسێی “بمبی اتم”ی هەبێ. لوبنان و سووریە هاوسنوورن لەگەڵ ئیسرائیڵ، جگە لەوە خاوەن هیچ سەرچاوەیەکی بێ وێنە یان کەم وێنە نین کە ڕێژیمی ئێران بەو جۆرە دەستێوردان لەو وڵاتانەدا دەکا.
  • ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ مەترسییەکی ئەمنییەتی “هێزەکی یان کردەکی” وەک مەترسی داعش بۆ سەر وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکا، بەڵام کێشەی نێوخۆیی یەمەن یان هەڵوێستەکانی دیکەی دەوڵەتی یەمەن لە ناوچە، نابێتە مەترسی بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئێران.
  • بابەتەکەی دیکە کە دەبێتە هۆکاری دەستیوەردانی دەوڵەتێک لە وڵاتێکی دیکە، هاوکاری بە کۆ لەگەڵ هاوپەیمانەکان بۆ پاراستنی هاوپەیمانی درێژخایەنی ئەو وڵاتانەیە، کۆماری ئیسلامی چ هاوپەیمانەتییەکی لە ناوچەدا هەیە تا ئەو دەستێوەردانە هاوپەیمانەتییەکەی بەهێزتر بکا.
  • لە لایەکی دیکەی دەستێوەردانی دەوڵەتان لە وڵاتانی دیکە بازاڕی تایبەتی ئەو وڵاتانەیە، بەڵام بە حزووری سەربازی ڕێژیمی ئێران لە سووریە یان عێراق، بەشێک لە بازاڕی ئەو وڵاتانە ناکەوێتە دەستی ئێران.
  • هیچ کام لەو ئامانجانە واتە مەبەست لە دەستێوەردان لە وڵاتێکی دیکە ناچێتە چوارچیوەی پێناسەی بەرژەوەندی خەڵکی ئێران، بەڵکوو بە گشتی ڕێژیم بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی، واتە قەیران خوڵقاندن لە وڵاتانی ناوچە.

 

  • یەمەن:
  • ناردنی کەرەستەی سەربازی لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ وڵاتی یەمەن زیاتر لایەنی ” ایذایی” هەیە بۆ ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی، ئەوە لە حاڵێک دایە کە عەرەبستانی سعوودی مەترسی ئەمنییەتی بۆ ڕێژیمی ئێران نەبووە و بەرژەوەندییەکانی ئێران بە هۆی عەرەبستان لە مەترسی نەکەوتوە.
  • درێژە دان بە دەستێوەردان لە یەمەن لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە داهاتوو، هیچ کاریگەرییەکی لە بردنە سەری ئەمنیەت یان دابین کردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئێراندا نابێ، چونکە یەمەن بەجۆرێک لەت و پەت و تووشی شەڕی نێوخۆیی بووە کە نە بەرژەوەندیی ئابووری بۆ ئێران دەبێ ونە قەیرانی سیاسی و شەڕی نێوخۆیی یان تەنانەت ئاشتی لەو وڵاتە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر خەڵکی ئێران نابێ.
  • عێراق:
  • دەستێوەردان لە عێراق لە ٢٠٠٣ بە دابین کردنی بۆمبی سەرڕێگا بۆ گرووپە توندڕەوەکانی عێراق بە مەبەستی زەربە لێدان لە هێزەکانی ئامریکا بووە، ئەوە لە حاڵێک‌دایە کە ئامریکا دوژمنێکی جیددی وەک سەدام حوسێنی لە کۆڵ ڕێژیمی ئێران کردەوە. داعش پرسێکی نێوخۆیی عێراق و سوریە بوو. داعش تا ساڵەکانی کۆتایی خۆی هیچ کارێکی بە ئێرانەوە نەبوو. حزووری ئێران لە شەڕی دژ بە داعش هۆکاری بۆمب دانانی ئەو ڕێکخراوە لە تاران بوو.
  • ئەفغانستان:
  • یارمەتی و هاوکاری تاڵیبان لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بە مەبەستی بردنە سەری هەزینەی گیانیی هێزەکانی ئامریکا و چوونە دەری ئامریکا لە ئەفغانستان بووە. حزووری ئامریکا لە ئەفغانستان هەرگیز مەترسی ئەمنییەتی بۆ کۆماری ئیسلامی نەبووە، چونکە کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە و لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی خاتەمی لە ئەفغانستان بۆ سەقامگیری سیاسی هاوکاری ئامریکای دەکرد.
  • لوبنان:
  • کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی دوژمنایەتی نێوان لوبنان و ئیسرائیل ساڵانە بە سەدان میلیۆن دولار تێچووی دەبێ. ئەو دوژمنایەتییە هیچ قازانجێکی بۆ خەڵکی ئێران نییە. ئیسرائیلیش مەترسیی بۆ سەر ئەمنییەتیی ئێران دروست نەکردوە، یان بە واتایەکی دیکە لە ڕوانگەی سیاسەتی عەقڵانی نە سیاسەتی دووبەرکی نانەوە و شەڕی ئیدئۆلۆژی، ئەنجامی دەستێوەردانی ئێران لە وڵاتانی دراوسێ و ئیسرائیل قازانجەکەی بۆ خەڵكی ئێران دەبێتە “هیچ”.

 

  • مەترسییە ئەمنیەتییەکانی دەستێوەردان
  • دەستێوەردانی سەربازی بێ ئەنجام نیە. زلهێزەکان بۆ ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ ئەو دەرئەنجام گەلە خاوەن کەرەستەی پێویستن. بەڵام وڵاتێکی وەک ئێران ئەو کەرەستەگەلەی نییە. دەستێوەردانە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی بوونە مەترسییەکی ئەمنییەتی بۆ ئەو وڵاتە بە تایبەت هەڕەشەکانی دوو دەوڵەتی ئیسرائیل وعەرەبستان دوای ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی مەترسی بۆ سەرئەمنییەتی ئەو دوو وڵاتە پێک‌هێناوە، لەوە گرینگتر ئیسرائیل بەردەوام  هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر شوێنە سەربازییەکانی ئێران لە سووریە.
  • وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکاش، ئاگادارییان بە ڕێژیمی ئێران داوە کە ئەنجامی دەستێوەردانی ئێران لە وڵاتانی ناوچە بە قازانجی ئێران نییە.
  • دەستێوەردانی سەربازیی ئێران لە وڵاتانی ناوچە کە دەچێتە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەکی یان ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی بۆ ئەو ڕێژیمە، بێ هەزینە نەبووە. قەیران لە دەرەوەی سنوورەکان هۆکار نەبووە کە کەلێن و قەیرانە نێوخۆییەکان بشارێتەوە، بەڵکوو بە هۆی گۆشاری ئابووری بۆ سەر خەڵک، لەم قوناغەدا، ڕووخانی ڕێژیمی ئاخوندی، دروشمی ئەسڵی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێرانە. گۆشار بۆ سەر خەڵکی ئێرانیش دەرئەنجامی سیاسەتی دەرەکی ڕێژیمە بە تایبەت گوشاری ئابڵۆقە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران لە ماوەی زیاتر لە  چوار دەیە تەمەنی ئەو ڕێژیمە بێ وێنە بووە و ئیتر ڕێبەرانی ڕێژیم بە گەمارۆکانی ئامریکا ناڵێن “کاغذ پارە”.

 

  • خەڵکی ئێران هیچ قازانجێکیان لە دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتانی ناوچەدا نەبووە، بەڵکوو ئامانجی ڕێژیمی ئیسلامی لەو دەستێوەردانانە، چالێنج دروست کردن بۆ ئامریکا و ئیسرائیل بووە لە ژێر نێوی بەربەرەکانی لەگەڵ دوژمنانی خەڵکی ئێران، بێ ئەوەی ئەو دوو وڵاتە مەترسیی ئەمنیەتییان بۆ خەڵکی ئێران دروست کردبێ.
  • کێبەرکێی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی ناوچە، وەک تورکیە، عەرەبستان و ئیسرائیل زیاتر لە سەر هێژمۆنی لە ناوچە و پەرەپێدان بە ئیدئۆلۆژی سیاسی ڕێژیمە نە لەبەر تەناهی و بەرژەوەندییەکانی خەڵكی ئێران.
  • لە کوێ ئاگری شەڕ لە نێوان دوو وڵات یان شەڕی نێوخۆیی لە وڵاتێک هەڵگیرسابێت، کۆماری ئیسلامی لەوێ ئامادە بووە تا پەرە بە نفووزی ناوچەیی و جیهانیی خۆی بدا، وەک حزووری ئێران لە دەیەی ٩٠ی زایینی لە بۆسنی و هێرزگۆین کە هیچ قازانجێکی بۆ خەڵكی ئێران نەبوو. بە گشتی ئێران خاوەن ئابوورییەکی بەهێز نییە تا بتوانێ کەڵك لە دەستێوەردان لە وڵاتانی دیکە وەربگرێ، لە بیاڤی ئەمنیەتییش دەستێوەردانەکان ئەنجامی پێچەوانەی بۆ کۆماری ئیسلامی هەبووە.
  • یەکێک لە بەرپرسانی سیاسی ئەمنییەتیی ڕێژیم سەبارەت بە کوژرانی پاسدارە ئێرانییەکان لە سووریە دەڵی: ئەو پاسدارە ئێرانیانە بۆ ئەوەی لە سووریە کوژراون تا ئێمە لە تاران ئەمنییەتمان هەبێ.
    ڕووداوەکان لە یەمەن، بەحرەین، عەرەبستان، عێراق و سووریە ده‌رخەری ئەو ڕاستیەن کە کۆماری ئیسلامیی یارمەتیدەری ئەمنییەتی ناوچە نەبووە، بەڵکوو سەرچاوەی بنه‌ڕه‌تیی خوڵقاندنی دۆخی نائاسایی سیاسی و ئەمنیەتیی لەو ناوچەگەلەیە‌.
    کۆماری ئیسلامی ئێران ویستوویه‌تی به‌ نێوی ڕەوایی وەرگرتن لە ئاسمان، دەسەڵاتداریەتی خۆی بسەپێنێ و هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک لە ژێر نێوی هاوکاری کردن لەگەڵ دوژمنانی خەڵکی ئێران ومەترسی بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی ئێران، ئەو جموجۆڵە ناڕازییانە سەرکوت بکا .
  • کاریگەرییەکانی نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنی سەرتاسەری یان بەدیلێکی دێموکراتیک لە مەڕ قەیران خوڵقاندنی ڕێژیم لە ناوچە.
  • یەکێک لە هۆکارە نێوخۆییەکانی درێژبوونەوەی تەمەنی دیکتاتۆری لە ئێران واتە تەمەنی کۆماری ئیسلامی، نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی سەرانسەری و بەهێز بووە کە بتوانی وزە و پۆتانسێلی نێو کۆمەڵگای ئێران ڕێک بخا و لە دەرفەتەکان کەڵک وەربگرێ. ئەڵبەت سیاسەتی سڕینەوەی فیزیکی نەیارانی ڕێژیم لە لایەن دام ودەزگا ئەمنیەتییەکانەوە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر لاوازیی هێزە نەیارەکانی ڕێژیم لەسەر ئاستی ئێراندا هەبووە.
  • لەوەها کۆمەڵگە و حاڵەتێکدا بۆ ئۆپۆزسیۆن یان هه‌ر بەدیلێکی دێموکراتیک دژوارە‌ بتوانێ بە بێ تێچووی کەم کەڵک لە پۆتانسێلی نێو کۆمەڵگا وەربگرێ و مەترسیی ئەمنییەتی بۆ کۆماری ئیسلامی دروست بکا.
  • ئۆپۆزسیۆن یان هەر حیزبێکی سیاسی دەبێ هەڵقوڵاوی کێشەی کۆمەڵگەی خۆی بێت تا بتوانی ببێ بە حیزبێکی خاوەن ڕیشەو پێگەی کۆمەڵایەتی. هەر چەند هێندێ کەلێن یان قەیرانی هاوبەش لە کۆمەڵگای ئێراندا هەیە، بەڵام لەم بارودۆخەدا بە داخەوە ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز و هاوبەش کە نوێنەرایەتیی بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئێران بکا لە گۆڕەپانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕێژیمە دژی گەلییەدا نابیندرێ.
    به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و سەبارەت به‌ هێزه‌ سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان تا ڕاده‌یه‌ک جیاوازه ‌و تەنیا پرسێک کە هەمیشە مەترسییەکی جیددی بووە بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، پرسی نەتەوەکانی ئێران به‌ تایبه‌تی پرسی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌م وڵاته‌دا بووه‌.
    کۆماری ئیسلامی لەو ناوچانه‌ی کە نیشتمانی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانه‌ که‌ به‌ بەراورد ڕووبه‌ری خاکی ئێرانه‌ له‌ زۆرینه‌دان، وەک کوردستان، بلووچستان، ئەهواز، تورکمەن سەحرا و ناوچەکانی دیکە کێشەی “ئەمنیەتی” و “ڕەوایی” سیاسی هەیە، بەڵام ئەو ئۆپۆزیسیۆن و هێزانە لەو ناوچانە ئەوەندە بەهێز نین کە بتوانن ببن بە ئالترناتیڤێکی گشتگیر و دێموکراتیک بۆ داهاتووی ئێران.
    مەبەست لە باس کردن لە بارودۆخی سیاسیی نیۆخۆی کۆمەڵگەی ئێران و دۆخی هێز و لایه‌نه‌ نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە لە ڕەوشێکی وەهادا ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی خه‌ڵکی ئێران و نه‌ته‌وه‌کان یه‌کگرتووانه‌ و به‌ هێزه‌وه‌ ڕووبه‌رووی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ببنه‌وه، بێگوومان ده‌کرا پێش بە سەرچاوەی ئەسڵی قەیران خۆڵقاندن لە ناوچەدا بگیرێ.