لە ئێران مەترسیی کۆڕۆنا بەردەوامە و لە ١٠ پاریزگا لە هەمبەر تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە هۆشداریی درا.
لەگەڵ ئەوەی کە پێشتر باس لە کاریگەریی هەوای گەرم دەکرا لە کەمبوونەوە و کۆتایی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بەڵام بەپێی ئەو ئامار و زانیارییانەی کە بڵاوکراونەتەوە، دەرکەوتووە کە هەوای گەرم نەبۆتە هۆی پێشگرتن لە کۆڕۆنا بەڵکوو لە هێندێک لە ناوچە گەرمەکان خەڵکێکی زۆر بەدەست ئەم ڤایرۆسەوە دەناڵێنن.
لە ئێران پارێزگای خووزستان یەکێک لە ناوچە هەر گەرمەکانی ئێرانە کە ئێستا لەوێ حالەتی نائاسایی ڕاگەیەندراوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٣١٣٤ کەس لە ئێران تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوون و ٧٠ کەس لەوانە گیانیان لەدەستداوە. هەر بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی تا ئێستا ٨٠١٢ کەس لە ئێران بە کۆڕۆنا گیانیان لەدەستداوە. لە ١٠ پارێزگای ئێران لەهەمبەر مەترسیی کۆڕۆنا هۆشدرای دراوە و پارێزگاکانی سنە و کرماشان لەو پارێزگایانەن کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەشێوەیەکی بەربڵاو لەو ناوچانە تەشەنەی سەندووە.
دەوڵەتی ژاپۆن بەهۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە دەروازە و گەشتەکانی بەسەر١١١ وڵاتانی جیهاندا داخست کە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە.
بەپێی ئەو ئامار و زانیاریانەی کە تا ئێستا بڵاو کراونەتەوە، تووشبوانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە جیهاندا لە ٦ میلیۆن و پێنسەد هەزار کەس تێپەڕیوە و ٣٨٦ هەزار کەس لەوان گیانیان لەدەستداوە.