Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۲۰ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۹ | 10/07/2020 | کاتژمێر:
ئەدەب

زیبای دەستەشکاو

21/06/2020 | 02:50:23
+A
-A
لەیلا قادری

زیبا، ژنێکی بەقەڵافەت و پان و پۆڕ بوو. ڕووئاڵ و کرچ‌وکاڵ، دەبوو خۆی لەبەر جوان کەی. ژنێکی نازدار و دەست‌و‌پێ سپیلکە. شۆخ و چەلەنگ، لەوانەی حەوتیان بمرێ لە باوان، کلیان نابڕێ لە چاوان.

وەختی خۆی، بە هەرزەکاری، ژنی بۆ کاکی کردبوو، باربەها ئەسپێونەکەی، دوو منداڵ بەسەر ماڵی کابرادا بەجێ دێڵێ و دەڕواتەوە، بەڵان زیبا دەستی لە دڵی نابێتەوە و منداڵی خۆی بەجێ ناهێڵێ… هەرچی ماڵە بابی دەیهێنن و دەیبەن، هەڕەشە و گوڕەشەی لێ دەکەن، فایدەی نییە.

لەو تاریخە بەولاوە، بەیەکجاری پشتی تێدەکەن و بێبەری دەکەن و لە خێر و بێری دەچنە دەرێ.

ئەویش لەگەڵ مێرد و منداڵی خۆی سەر پێکەوە دەنێ.

بە قەرز و قۆڵە و سوود و سەلەم، خانووبەرەیەکی چکۆلە دەکڕن و خۆیانی تێدا دەشارنەوە. هەتا چەرخی پەپگەرد، کاک بایز وە کۆخەکۆخ دەخا و دەکەوێتە سەر خەرجی.

کەس نامێنێ دوو جار و سێ جار دەست‌قەرزی لێ وەرنەگرن. باشاری دەرزی و دەرمان و دوکتوور و ڕێی تاران و تەورێز ناکەن. تا ئێوارێ زیبای بەستەزمان، دەبێ ڕوو لە دەروجیران نێ، ڕوو لە پیاو و ناپیاو هەڵێنێتەوە، بەڵکوو ئەو دەرمانانە ببنە شەفا و چارشێوی سەری نەخزێ و منداڵ هەتیو و بێناز نەکەون.

کوڵەکوڵی نیوەڕۆی ئەوەڵ مانگی هاوین، کاک بایز کەوتە گیانەڵڵا، هەتا مەلا خدر گەیشتێ یاسینی بخوێنێ، بایزی خۆشی‌نەدیو سارد ببۆوە.

لەو گەرمەشین و تەنگانەیەدا، ماڵە بابی هەردووکیان، وەک خەڵکەکە هاتن و مەجوعمەیان بەتاڵ کرد، خۆیان تەکاند و هەستانە حەوا.

زیبا بەلەنگاز و دڵ‌بەخەمەکە، بە کۆڵێک قەرز و قۆڵە و شەش سەغیری ورد و درشت، لەو خانووە چۆڵەدا ماوە.

کابرایەکی سەلەمخۆر، چ نەیهێشت حەوتووی بچێ، دەرگایان پێ دەگرێ، ژنەی بێ‌ئەنوا وەجان دێنێ، گوتبووی: “یان دەبێ بێڵی پاش چوار مانگی دی مارەت کەم یان لەباتی پووڵەکەم، سێ دانگی خانووەکەم بەناو دەکەی.”

پەنا بۆ دەروجیران دەبا، خودا هەڵناگرێ لێی دەبنە دایک و باب و کەسوکار، وەبن باڵی خۆیانی دەدەن، دەڵێن:

دەوەڵکوو ئەو بۆرەپیاوە خوێڕییە بە درەک و بانتدا هاتەوە، موویەکمان لێ هەڵپڕووزێنە، چما نایڕێنین بە گۆڕی بابە سەگیدا! ڕەنگە پێی‌وابێ ژنی خەڵکی وێنجە بەڕەڵڵایە.

لەو حانەدا، ماڵی بابی لێیان ڕاسپاردبوو:

“هەستە وەرەوە، جوان و جحێڵی، سەد کەس قوڕاوخۆرتە، هێندە تێر و تەسەل نەبووی، ئێستا بەدیار تووتکە سەگی کابراوە دانیشتووی، ناوی دەنێی چی! خۆ بێت و قسەوباست بێتەوە سەر و بمانکەیە سەرنەویی دەستی خۆت، خودا ڕوحت لێ نەستێنێ، لێت دەستێنین، بەڵان منداڵی خەڵکی بێرەدا نەهێنییەوە”.

هەر چاوێک و ڕبەیەک فرمێسک.

+ “ئەی ئەو منداڵانە بۆ کێ بەجێ بێڵم؟ باشە ئێستا ئەوانە بۆ منداڵی خەڵکین؟ ئەوەنێ لە داوێنی خۆم بەربوونەوە! ئەو تفڵە بەرمەمکانە بە تەمای کێ بەجێ بێڵم؟ مەگەر مردن لەسەر ئەو تفڵانەم هەڵپچڕێ، دەنا شەرت و قەرار بێ هەتا ڕوحم لەسەر یەخەی کراس بێ، قەت بۆ سەعاتێکیش خافڵیان ناکەم.”

کەیخوداژنی گەڕەک، فێری شۆراب و ترشیات و مرەبا دانانیان کرد. به باقە، گەسکیان دەکڕی و لەگەڵیان دەبەست، خەیارشۆر و قەیسی و سەوزیی ویشک و مێوژی ئەو نێوبانگی دەر کردبوو.

دۆست و ناسیاو، دەروجیران، خزم‌و‌کەس، هەتا ئەو لەوێ بایه، دەسکاری کەسیان نەدەکڕی. بەو جۆرە دە ساڵ سەری خۆی و منداڵی خۆی پێ ڕاگرت، لە دەمی خۆیان گرتەوە، قەرز و قۆڵەیان سووک کرد.

دوو سێ هێکتاری دێمەکار لەپاڵ زەوییەکانی ماڵی خەزووریدا هەبوو. دەستەی نۆک‌ڕنینەوە و خەلەوخەرمان هەڵگرتنەوەی نەبوو، بۆیە هەموو ساڵێ دەیدا بە دە و دوو، گەرچی بەرەجووتێکی وای لێ هەڵنەدەگیراوە و چی وای پێ نەدەبڕا.

کوڕگەل پەلیان ئەستوور ببوو، قسەیان خەنجەری میسر نەیدەبڕی.

داواکاری زۆر بوو، هەر لە شینگایی مێردەکەیەوە، لە پیر و جحێڵ، نێوان‌ساڵ و سەرەمێر، ڕەبەن و ژندار، هەموو ببوونە ژن‌خواز و ژن‌هێن.

زیبا دەیگوت:

“قەت مەیلی بایز بە کەس نادەم. منداڵی خۆشم ناخەمە بن دەستی زڕبابەوە، کچی سەروعوزرشۆرم هەیه، قەت پیاوی بێگانە ناهێنمە پاڵ منداڵی خۆمەوە.

کەچی قاڵمەقاڵم پەیدا بوو، گوتیان پیاوێکی دەستە، جوامێر، هەڵکشاو و داکشاو، شایی‌بەخۆ و تێروتەسەل ناردوویەتە سەری. کابرا وەکەڵی هێنابوو، لە مەعبەینی هەفتەیەکدا، سێ جار به دەستەودیارییەوە، دەرگای ژنەی گۆرینی کوتابوو و عاقیبەت دڵی ژنەی ڕاتڵەکاندبوو.

وەڵحاسڵ، مارەی دەکا و دێتە سەر ماڵێ.

ئەوجار خەڵک وەک جاری جاران، ئاوڕیان لێ نەدەداوە. کابراش دەڕۆیشت بە هەفتە نەدەهاتەوە. ماڵی درۆ و دەلەسە بە سێپەی قوڕێ گیرێ.

حانێ به پێ و سۆراغی کابراوە دەچێ، ئێ! خۆ ژن و منداڵ و بووک و زاوای هەیە. ژنەکەی سوێندی گەورەی بە سەری “میرزا مەحموود”ە. وامێکی چاکی وەرگرتوە، خانووبەرەی تێک داوە بۆخۆی وەک هەلووک لەبن دەستی وەستا و بەننادا هەڵدەسووڕێ و تەبەقە دووی خانووەکەی هاتۆتە دارەڕایە.

جا زیبای دەستەشکاو و هەڵخەڵەتاو و ماڵ‌دۆڕاو، وەرە هەڵیگرەوە. ئەوجار زانی کابرا چۆن بە تاڵووی بردوە و چۆن گسکی لە ماڵی ئەو هەتیوانە داوە. نە ژن‌ تەڵاقدراو بوو، نە ژنبرا چەقۆی لێ سووبوو، نە پاستار ڕاوی نابوو، نە لە ئازەرشار عەلافی دەکرد.

+ “ئاخ ئەو ژیانە بەکەم بێ، خۆزگە هەمووی خەونێک بایه، شەڵای قەت ڕۆژێک سەنیرم نەگۆڕیبا. خۆزگە لە خۆزگەداری دونیایە، هەردوو چاوم ڕۆڕژابایە و قەت ڕۆژێک نەونیگایم نەدیبایه، خۆزگە سەری قامکم هەڵوەریبا و سەنەدی ئەو کوچکە خانووەم بۆ ئیمزا نەکردایه. خۆ ئەو گوتی وام وەردەگرم، ئەو کاوڵەکۆنەت بۆ تێک دەدەم و سێ تەبەقە بۆت هەڵدەچنم.”

وەک پۆلووی ئاگر داییسا، قسەی دەپەڕاند، هەر قسەیەکی لە جێیەکی دەکرد، بە چڕنووک هەموو پێستی ڕوومەتی خۆی داماڵیبوو، پەیتاپەیتا دەیگوت:

“ڕۆڵە چۆن شەرمەزار و ڕووزەردی ئێوە بووم! حەک جەرگم هەلاهەلا بێ، حەک سێبەڕۆیە گرم، حەک بە گولی لە وڵاتان گەڕێم بۆ مێردی کردمەوە…گوتم ئۆخەی کەوتمە جێی خۆم و منداڵەکانم خەنی بوون، چووزانم ئاوا وە سەحرایان دەخا! ڕۆڵە تازە لە حاست ئێوە و خزم و دیوناس چۆن سەرم هەڵێ! بەقوربانتان بم، چۆن شەش دانە مانگ لەگەڵ ئەو سەگە گڵاوە چوومە نێو جەواڵەوە! جەماعەت بەشایەت بن، ئەو بێ‌شەڕەفە چۆن پاشقولی دام!

ئەیڕۆ جوابی دوو کوڕی سەربازم چ بدەمەوە! حەک دایکتان بمرێ، ڕۆڵە. بڵێم کابرا لە داوێن و لە ماڵم ڕۆ هات! حەک ئابڕووچوواو خۆم!”

هەتا کەوتە هەناسەبڕکێ و شل و کوت بوو، بە چەپۆک بە خۆی دادا، ئەوجار منداڵ کەوتنە زریکەزریک و دایکەڕۆ…

بە دوو پیاوی قۆچاخ، پڕیان دایە و گورجێک لە ماشێنیان هاویشت. هۆگانێک دوور کەوتبۆوە، جا ئەوجار میرزا مەحموود بە نارەنار، بە تەلیسێک گرکە و کاڵەکەوە، کلیلی لە دەرگا نا.

گوتیان: …. ماشێنەکە ڕووی لە حەساری نەخۆشخانە کرد، زیبا لە پەلەقاژە و هەناسەبڕکێ کەوت…”

 

لەوەتی مێردی کردبۆوە، وەک زەمانی کاک بایز، خۆی له گوڵێ دەنا، ئەو ڕۆژەش، کراسێکی زەڕی مسقاڵی ڕەشی لەبەر دابوو، پشتێنێکی سەوزی سەیزادەی تێ هاڵاندبوو، دەسماڵێکی ڕەشی پنۆک بە ئۆیەی سەوزەوە ئەو شان و شەپیلکەی نەخشاندبوو، دەتگوت لە گەڕی شایی هاتۆتەوە. چووزانێ بۆ ئێوارێ لە بەری دادەدڕن!

***