Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۲۰ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۹ | 10/07/2020 | کاتژمێر:
ئەدەب

سمینی بن‌هەنگڵی کڵۆخوێی بۆگەن

21/06/2020 | 02:36:07
+A
-A
دارسمە

فارس دەڵێ “هرچه بگندد نمکش می‌زنند، وای به روزی که بگندد نمک”. پێم‌خۆشە خوێنەری هێژا و چازان و لێزان بەهۆی ئەم ڕستە فارسییەوە لۆمەم نەکەن و بە دژە نەتەوە و نۆکەری بێگانه و داردەستی شۆڤینیزمم نەزانن. خۆ ئەگەر ئاواش بکەن، هیچم لەدەست نایە. جاری جاران نییە خەڵک بەدوای کتێب و ڕۆژنامە و پەند و ئامۆژگاریی پیرە ژنان و پیرە پیاوانی دنیادیتە و خاون ئەزمووندا بڕۆن. کەنگێ پێیان خۆش بێ لەسەر ڕووبەری مۆبایل دەست بە پەنجە لێدان دەکەن، یان ئەگەر مەجێزیان بخوازێ ئەنگوستێک بە پاوەری کامپیۆتێرەکەیانەوە دەنێن. جا ئەگەر کامپیۆتێر داگیرسا و خواوڕاستان کیژومیژ لەسەر خەت نەبوون و کچانی جوان وێنەی تازەیان سناپ نەکرد، یان کوڕێژگەی شاز، دەست و مەچەکیان پێشان نەدا، ئەوە یەکسەر دەکەونە گیانی من و بە ستاتووس و کۆمێنت و تێچێن و مێچین دامدەگژێنێ. دەمکەن بە نۆکەری بێگانە و وام لێ‌دەکەن ئەوەندە ڕستە فارسییەم لە ببێتە ژەهری مار و بۆم قوت نەدرێ.  لە قوڕگمدا بمێنێ و مەرەکەبەکەی بە لالغاوانمدا بێتە خوار.

ئەم‌جۆرە ژیانە‌ی ئەم سەردەمە تەنیا ئەوەندەی باشە زۆربەی ئەو شەڕانەی تێیدا دەکرێ، بیلامانێ هەر بە قوونەوە لەسەر ڕووبەری مۆبایل و کامپیۆتێرانە. ئەگەر وا نەبوایە، ڕۆژانە دوو ئەوەندەی گۆڕستانی کڕۆنالێدراوانی شاری قوم لە هەموو شارێک گۆڕ بۆ نەیارانی مەیدانی ئەم جەنگە هەڵدەکەندرا. منیش بههۆی ئەو ڕستە کورتە فارسییەی لە سەرەوە نووسیومە، دەکەوتمە بەر تیروتوانجی ئەو کوڕ و کچە نیوە وشیارە خەواڵووانەی بە زڕەباوێشکانەوە پشتیان بەرانبەر به کامپیۆتیر و موبایلان دەچەمێننەوە.

لە نێو هەموو ئەوانەی لە سەر رووبەری مۆبایل و کامپیۆتێران خەریکی شەڕە دندووکەن، ڕۆژنامەنووسان و پەیامنێران لە هەمووان زیاتر زەرەرمەندن. ئەوان جیا لەوەی لە نێو تۆڕە کۆمەڵایتییەکان بە تۆڕەوە دەبن، لە دونیای ڕاستەقینەشدا ناچارن لەسەر ڕووپەڕی ڕۆژنامە و لە بەرانبەرکامێرای تەلەڤیزیۆن و لە پشت مایکرۆفۆنی ڕادیۆکانیش دەربکەون. جا ئەمە وایان لێ‌دەکا بکەونە بەر سزای یاسا. دیارە یاسای ئەم سەردەمەش وەک خوێی نێو چیشتە و دەبێ بەپێی پێویست لە هەموو شتێکدا هەبێ.  ئەم یاسایە زۆربەی جارانیش وەک یاسای ٨ کاتژمێر کار بۆ کرێکاران هەر زۆر بێتامە.

ئەوە بەم باسی سۆشیال میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتی و ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن و ڕۆژنامە و شتانە کە بە بڕوای هەندێک لە دەسەڵاتداران هەموویان سەروبنی قوماشێکن و بە پیلانی زایۆنیسم و شەیتانی گەوڕە دەجووڵێنەوە و دەست و پێوەندیی سی ئای ئەی و مووساد و ئێم ئای٦ و شتی وان. (دیارە جارێ “ک‌گ‌ب” لەم موعادەلە و موعامەلەیەدا نییە و لە بنکەی فڕۆکە شەڕکەرەکانی “نەوژە”ی هەمەدانەوە براگەورەشمانە.)

قسەی خۆمان بێت دارسمە بۆ ئەوە نابێ دەم لە بابەتی سیاسی وەربدا. ئەوە نییە بابەتەکەم بۆ ڕاستەڕێ نابێ و هەرجارەی بە پەراوێزێکەوە دەنووسێم و بە دوایدا دەڕۆم و بابەتە سەرەکییەکەم لێ دەبێ بە پەراوێز و پەراوێزەکە پەراوێزێکی دیکەی لێ ‌دەکەوێتەوە، ئەویش پەراوێزێکی دیکە و بەم پێیە هەر پەراوێزە و پەراوێزێکی دیکەی لێ دەکەوێتەوە و دارسمە هیچ، کەندەسمەش سەری لێ‌دەشێوێت و ڕێگەی چوونەوە هێلانەی خۆی لە کەندەڵاناندا لێ‌دەشێوێ.

بۆ دۆزینەوەی سەرەداوی سەرەکیی باسەکەمان بەناچاری لەنێو لۆمەی ڕەخنەگران و دژبەراندا دەچینەوە سەر ڕستە فارسییەکە واتە “هرچه بگندد نمکش می‌زنند، وای به روزی کە بگندد نمک”.

لەنێوان دەسەڵاتەکانی وەک جێبەجێکار و یاسادانان و تەنانەت دەستەڵاتی میدیا و ڕاگەیاندیش کە ئێستا وەک دەستەڵاتی چوارەم دەناسرێ و کەسیش هەرزنی بە کڵاوی ناپێوێ. بەڵام دەسەڵاتی دادوەری کە سەرتۆپی هەموو دەسەڵاتانە و بە چاودێری‌کردنی جێبەجێ‌کردنی یاسا لەلایەن دەسەڵاتەکانی دیکە و کۆمەڵانی خەڵکەوە وەک ئەو كڵوخوێیە وایە پێش بە بۆگەن‌بوونی شتەکانی دیکە دەگرێ. دەسەڵاتی دادوەری ناهێڵێ کارمەندانی پلەباڵای جێبەجێکاری دەسەڵات دزی بکەن و سەرمایەی خەڵک بۆ خۆیان تەرخان بکەن، پێش بە دزی و فزیی کاربەدەستان و بڵاوبوونەوەی درۆ و دەلەسە لە لایەنە هێندێک لە ڕۆژنامەنووسانی “غەیری ‌خودی” دەگرێ.

نەمگوت ناتوانم ئەوەندە لەسەر بابەتی سەرەکی بوەستم؟ دیسان تۆڕە  تۆڕ و سەرکێشە کۆمەڵایەتییەکان بەرەوخۆیان ڕاکێشام. خۆزگە وەک جاری جاران لە ڕووبەری کامپیۆتێر دوور بوایەم و لەسەر کاغەز نووسیبام. ئەوکات لەم هەموو “نۆتیکەیشن” و پەیامە بەدوور دەبووم و هۆشم هەر لەسەر نووسینەکە دەبوو و بە هۆی ئەم هەموو پەیام و مەیامە وا بەخێرایی هەواڵی ڕاکردنی دادوەرە گەورەکەی شاری تارانم پێ‌نەدەگەیشت و نەمدەزانی خۆی گەیاندووەتە ئورووپا و لەوێ لەلایەن پۆلیسی ئینترپۆلەوە دەستبەسەر نەکراوە، وا بەخێرایش نەمدەزانی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران هەموو قازی و دادوەرەکانی دەیانەوێ دزی کردن وەک ئەزموون تاقی بکەنەوە.

باشە تۆی خوێنەریش لەم داهێنانە جوانەی دەسەڵاتی دادوەری فێر بی و هەر لەئێستاوە دەست بە دزین بکەی و یارمەتیی وەڕاستگەڕانی ئیدیومی ”وای به روزی کە بگندد نمک” بدەی.

***