Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۲۰ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۹ | 10/07/2020 | کاتژمێر:
سیاسی

«تاوانی سیاسی» و «زیندانیی ئەمنیەتی»ـی کورد

21/06/2020 | 01:40:53
+A
-A
هەردی سەلیمی

زیندانیی سیاسی دەستەواژەیەکە کە ئەو بەشە لە زیندانییان لەخۆ دەگرێ وا چالاکیی ڕەخنەگرانە و کردەوەییان لەدژی سیستمە حکوومەتییەکان هەیە. بەڵام هەتا ئێستاش لە ئێرانی کۆماری ئیسلامییدا دان بە بوونی ئەم بەشە لە زیندانییان نەنراوە. هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمەوە کە بە سەرکوتی بەربڵاوی چالاکانی سیاسیی حیزبە جۆراوجۆرەکانی گۆڕەپانی سیاسیی ئێران دەستی پێکرد، بەرپرسان لە بیری ئەوەدا بوون کە ئەم زیندانییانە ببەنە چوارچێوە و خانەیەکی ئەمنیەتییەوە و تاوانی دژایەتی لەگەڵ خوا و بنەما ئیسلامییەکان، سیخوڕی و بەکرێ‌گیراوی بخەنە پاڵیان؛ بە مەبەستی پاساو هێنانەوە بۆ بیر و ڕای گشتی و بۆ ئەوەش کە لەو سۆنگەیەوە بەئاسانی سزای زیندانیی درێژماوە و تەنانەت ئێعدامیان بەسەردا بسەپێنن. کە وابوو لە بەکاربردنی دەستەواژەی زیندانیی سیاسی خۆیان پاراستوە. هەر لەم پێوەندییەدا غوڵام‌حوسێن ئیسماعیلی، وتەبێژی دەزگای دادی ڕێژیم لە لێدوانێکیدا لەمەڕ زیندانییە سیاسییەکان دەڵێ زیندانییەکان لە ئێران یا “تێرۆریست”ـن، یا “لەگەڵ ئەسڵی نیزام و ئینقلاب دژایەتییان هەیە” و یان “هاوکاریی سرویسە سیخوڕییەکان” دەکەن و، هەروەها دەشڵێ بەکارهێنانی دەستەواژەی زیندانیی سیاسی بۆ کەسانێک کە بە ڕای ئەو “تاوانباری ئەمنیەتیی”ـن “جێگەی داخ”ـە.

عەلی موتەههەری، نوێنەری پێشووی مەجلیس لە وتووێژێک لەگەڵ ڕۆژنامەی “اعتماد” لە ساڵی ٩٨ـدا، وێڕای ڕەخنەگرتن لەوەی کە لە ئێراندا بە هۆی ڕوانگەو ئەمنیەتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای دادەوە هیچ دژبەرێکی ڕێژیم وەک زیندانیی سیاسی پێناسە ناکرێ گوتی: “لە هەنگاوی یەکەمدا پیرۆزییەک بۆ نیزامی کۆماری ئیسلامی لە بەرچاو دەگرن کە لە سۆنگەی ئەم پیرۆزییەوە، کەس بۆی نەبێ ڕەخنە لە نیزام بگرێ، هەر بەم هۆیەشەوە ئامادە نین بڵێن لە وڵاتدا ڕەخنەگر و دژبەری نیزام‌مان هەیە.” لە ڕاستییدا کۆماری ئیسلامی پیرۆزییەکی دەسکردی بە پێکهاتە حکوومەتییەکەی خۆی داوە و گرێی داوە بە ئاسمانەوە، هەر بۆیە ئەم پیرۆزییە هێڵی سوورە بۆ ڕەخنەگران و دژبەرانی ئەم ڕێژیمە و بەزاندنی ئەم هێڵەش دەچێتە خانەی کردەوەی دژە ئەمنیەتی و تەنانەت موحارەبەوە و کەسی بکەریش دەبێتە “تاوانباری ئەمنیەتی” و، سەرکوت و زیندان کردنیشی پاساوێکی یاسایی و بەڕواڵەت ڕەواشی لە پشتە.

سزادانی تاوانبارێکی ئەمنیەتی بە چەندین قات ئاسانتر و کەم‌تێچووترە بۆ حکوومەت بە نیسبەت زیندانی/تاوانبارێکی سیاسی. یاسای “تاوانی سیاسی” لە ساڵی ٩٥‌ـدا لە مەجلیس پەسەند کرا و لە لایەن شۆڕای نیگابانیشەوە پشتڕاست کرایەوە و، دواتریش لە لایەن سەرۆک کۆمارەوە بە وەزارەتی نێوخۆ و دادسێنیی وڵات ڕاگەیەندرا. بەپێی ئەم یاسایە کە لە شەش ماددە پێک هاتوە: “ئەو کەسانەی کە بە تاوانباری سیاسی دەژمێردرێن، ئەگەر مەبەستەکەیان چاکسازی بێ و کردەوە یان هەڵوێستەکەیان بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم نەبێ تەنانەت ئەگەر بڵاوکردنەوەی درۆ و بێ‌ڕێزی بێ و بوختانیش بخەنە پاڵ بەرپرسانی سیاسیی سێ هێزەکەی وڵات –بێجگە لە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی-، وەزیران، جێگرەکانیان و نوێنەرانی مەجلیس و شۆڕای نگابان و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتیش؛ ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە.” پێوەری هەڵسەنگاندنی “بێ‌ڕێزی” و “بڵاوکردنەوەی درۆ”ش دیارە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی وەک وەزارەتی ئیتلاعات و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و دەزگای دادی ڕێژیمە کە دیاری دەکەن. ئەم یاسایە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن سەرۆکی دادی کۆماری ئیسلامی، ئیبراهیم ڕەئیسییەوە ڕاگەیەندراوە. دەبێ ئەوە بڵێین لە ماوەی ئەم پتر لە چوار ساڵەی کە ئەم یاسایە لە لایەن مەجلیسەوە پەسەند کراوە و هەر وەک باسیش کرا بە وەزارەتی دادیش ڕاگەیەندراوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی دەستی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی –کە هەمیشە دەسوەردانیان لە ڕەوتی دادگادا کردوە و بڕیاردەری سەرەکی بوون- بە ئاوەڵایی هێشتوقەتەوە؛ هەتا بە ئێستاش هیچ تاوانبارێک وەک مەحکوومێکی سیاسی پێی لە دادگاکان نەناوەتە دەرەوە و، دۆسییەکان هەر بە ئەمنیەتیی ماونەتەوە.

له‌و وڵاتانه‌ی تاوانی سیاسی پێناسه‌ کراوه‌، چالاکانی سیاسی ده‌زانن که‌ له‌ به‌رامبه‌ر هه‌رچه‌شنه‌ کرده‌وه‌یه‌کدا چ جۆره‌ سزایه‌ک چاوه‌ڕوانیان ده‌کا و له‌وه‌ش دڵنیان که‌ جیا له‌ قازی که‌ نوێنه‌ر و پارێزه‌ری ده‌سه‌ڵات و حاکمییه‌ته‌، هه‌یئه‌تی مونسیفه‌یه‌ک هه‌یه‌ که‌ ته‌شخیسی تاوان بوون یا نه‌بوونی کرده‌وه‌که‌ی ئه‌وان ده‌دا و دادگایی کردنه‌که‌شیان به‌ئاشکرا و له‌ به‌رچاوی میدیاکانه‌. به‌ڵام له‌ ئێراندا به‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ تاوانی سیاسی پیناسه‌ نه‌کراوه‌، هیچ ڕوون نییه‌ که‌ کرده‌وه یان دژکرده‌وه‌‌یه‌کی سیاسیی چالاکێک به‌ چ پێودانگێک هه‌ڵ ده‌سه‌نگێندرێ و چ جۆره‌ سزایه‌کی بۆ ده‌بڕدرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ش له‌ جێی خۆی که‌ هیچ کام له‌و دادگایی کردنانه‌ی تاوانبارانی سیاسی به‌ ئاشکرا به‌رێوه‌ ناچن و ته‌نانه‌ت پێچه‌وانه‌ی ئه‌سڵی ١٦٨ ی یاسای بنه‌ڕه‌تیی وڵاتیش هه‌یئه‌تی مونسیفه‌یه‌ک نییه‌ که‌ ته‌شخیسی کرده‌وه‌که‌ی ئه‌و وه‌ک تاوان یان کردارێکی قانوونی بکا و ، ئه‌وه‌ ته‌نیا بازجووەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان و دادوه‌ری پەروەندەکەیە که‌ وه‌ک پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵات چۆنیان پێ خۆش بێ به‌ گه‌ز و ربه‌ی خۆیان ده‌یپێون و حوکمی خۆیان دەدەن.

پێشینەی بوونی زیندانیی سیاسی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامییدا بە قەد تەمەنی ئەم ڕێژیمەیە. لە درێژایی ئەم ساڵانەدا بە هەزاران کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەسبەسەر و ئەشکەنجە و ئێعدام کراون، بەبێ ئەوەی یەکێک لەمانە تاوانەکەیان وەک تاوانی سیاسی پێناسە کرابێ. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی مەدەنی و … بە بەردەوامیی نیگەرانیی خۆیان لە هەمبەر دۆخی زیندانییانی سیاسی لە ئێران دەربڕیوە و بە دەیان جار بە نامە و … ڕاستەوخۆ داوای ئازادیی ئەم چالاکە سیاسییانەیان لە کاربەدەستانی ڕێژیم کردوە. بەڵام کۆماری ئیسلامی و هەموو دەوڵەتەکان و ئێستاش بۆ نموونە جەواد زەریف و حەسەن ڕۆحانی دوو کاربەدەستی دیاری ئەم ڕێژیمە لە چەندین لێدوانی خۆیان لە نێوخۆی وڵات و بە تایبەتی لە دەروەی وڵاتیش و ڕوو بە ڕاگەیەنە نێونەتەوەییەکان ڕایان گەیاندوە، لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییدا زیندانیی سیاسی بوونی نییە. ئەم شان داخزاندنە لەژێر باری زیندانیی سیاسی بێ‌هۆ نییە، حکوومەت لەم ڕێگەیەوە دەیهەوێ فشارە نێودەوڵەتییەکان و بە تایبەتی زەختی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەسەر خۆی داماڵێ و، بە دەست‌ئاوەڵاییەکی زیاترەوە سەرقاڵی سەرکوتی ناڕازییانی حکوومەتەکەی لە نێوخۆی وڵات بێ.

لانی‌کەمی ئەرک و بەرپرسایەتیی حکوومەت لە بەرامبەر زیندانییاندا پاراستنی ماف و کەرامەتی ئەوانە، کە کۆماری ئیسلامی لەم بارەیەشەوە کۆتایی دەکا و بە نسبەتی زیندانییانی سیاسییەوە ئەم ئیدیعایە بە دەیان قات بەرچاوتر و ڕوونترە. زیندانییانی سیاسی لە یەکەم ڕۆژی دەسبەسەرکرانیانەوە بەرەوڕووی دۆخێکی پڕ لە ترس و ئەشکەنجە دەبنەوە. زیندانیانی سیاسیی کورد لەو نێوەدا دووقات غەدریان لێ دەکرێ. هەموو جۆرێک لە سزاکان لەسەر زیندانییانی سیاسیی کورد تاقی دەکرێنەوە، لە دوورخستنەوە، ئەشکەنجەدان، دادگای چەند خولەکی، حوکمی زیندانی درێژخایەن، ئێعدام و …

بەداخەوە لە زۆربەی جۆراوجۆریی ماوە و شوێن و ڕێژە و هتدی پێوەندیدار بە زیندانەوە، زیندانییانی کورد لە سەرەوەی ڕیزبەندییەکانن. بۆ نموونە عوسمان مستەفاپوور درێژماوەترین زیندانیی سیاسیی ئێران بوو کە لەم دواییانەدا بەهۆی فشار و زەختەکان بەردرا. زێنەب جەلالیان، کۆنترین ژنە زیندانیی سیاسیی وڵاتە کە حوکمی قورسی زیندانی هەتاهەتایی دراوەتێ، کە بەداخەوە لە بنەڕەتییترین پێداویستییە دەرمانی و پزشکییەکان بێبەشە و تووشی چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆر بووە. بێ‌جێ نییە لیرە ئاماژە بەوەش بکەین کە لەم ماوەیەدا کە نەخۆشیی کرۆنا بڵاو بۆتەوە و زیندانەکانیشی گرتۆتەوە، ژمارەیەک زیندانیی زۆر تووشی ئەم نەخۆشییە بوون و ئەمەش بووە هۆی نیگەرانیی هەموو لایەک و داوای مەرەخەسییان بۆ کرا. بەڵام یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم زیندانییانی “ئەمنیەتی” ئەوەیە کە مەرەخەسییان نادرێتێ یا لانی‌کەم زۆر بە شێوەیەکی سنووردار دەیانگرێتەوە، ئەوە لە کاتێک‌دایە ئەگەر وەک زیندانیی سیاسی چاو لێ بکرێن؛ دەتوانن لەو مافە بەئاسانی کەلک وەر بگرن.

مەبەست لە دوورخستنەوەی زیندانییانی سیاسیی کوردیش دووریی لە بنەماڵە و کەش و هەوای شار و زێدی ئەو کەسەیە. بێجگە لە هەستی دووریی لە بنەماڵە، لە باری دەروونییشەوە شوێن و کاریگەریی خراپ لەسەر خودی زیندانی و خزم و کەسانی دادەنێ، کە ڕەنگە ئەگەر نەڵێین بە هەموو تەمەنی خۆی دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین ساڵانێکی زۆری پێ دەچێ هەتا بتوانێ ئەو کەسە سڵامەتیی دەروونیی خۆی بە دەست بێنێتەوە.

بەشێکی بەرچاو لە زیندانییانی سیاسیی کورد لە ماوەی تەمەنی ئەم ڕێژیمەدا کەوتوونەتە بەر ڕقی دەسەڵاتداران و لەگەڵ ئەوەی کە ئێعدام کراون –لە هەندێک حاڵەتدا ئەگەر پێشمەرگە بوون، سووکایەتی بە تەرمیشیان کراوە و بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک بە دوای ماشێن ڕاکێشراون-، زۆر یەک لەوان پاش تەحەممولی ئەشکەنجە و پاشان کێشانی حوکمی زیندانەکەشیان ئێعدام کراون و، دوایەش گۆڕون و شوێن‌بزر کراون. تا بە ئێستاش تەرمی هیچ زیندانییەکی سیاسیی کورد ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە و لانی‌کەم شوێنی ناشتنیشیان نیشانی بنەماڵەیان نەدراوە. لە دوایین نموونەی لەم جۆرە دەتوانین ئاماژە بە بارودۆخ و چارەنووسی ناڕوونی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بکەین کە ئەگەرچی لەلایەن کاربەدەستێکی ڕەسمییەوە بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە کە ئێعدام کراوە؛ بەڵام بەهۆی ئەوەی تەرمەکەیان نیشان نەداون، ئەو بنەماڵەیە ئێستاش لە نادڵنیاییدا بەسەر دەبەن و یەکلا نەبوونەتەوە.

بەو پێیە بڕیارەکەی “ڕەئیسی”ش کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باسی لە پێویستیی پێڕاگەیشتن بە تاوانە سیاسییەکان کردوە هیچ لەو واقعییەتە ناگۆڕێ، چونکی هەر قانوونە پەسندکراوەکەش لەجێدا ژمارەیەکی یەکجار کەم لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی بەندکراو دەگرێتەوە و بەشی هەرە زۆری چالاکانی سیاسی و مەدەنی بە تایبەت لە کوردەکان و نەتەوە نافارسەکانی دی هەمدیسان تۆمەتی “ئەمنیەتی”یان دەدرێتە پاڵ و لە “دادگاکانی شۆڕش”دا دادگایی دەکرێن و حوکمەکانیان لە لایەن “ناوەندە ئەمنیەتییەکان”ەوە دەدرێ و لە ڕێگەی “دادوەر”ەکانەوە ڕادەگەیەندرێ.

***