Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۲۰ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۹ | 10/07/2020 | کاتژمێر:
سیاسی

مان و مەوجوودییەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان

21/06/2020 | 01:21:59
+A
-A
سمایل شەرەفی

بەرەو یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزب

(مان و مەوجوودییەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان)

ڕازی مانەوەی حیزبێک کە نزیک بە تەواوی تەمەنی ٧٥ ساڵەی خۆی لە ئاوارەیی و دەربەدەریدا ژیابێ و ئێستا هەروا جێی هیوا و خاوەن پێگە لە نێو خەڵک و نیشتمانی خۆیدا بێت، دەبێ چ بێت؟ حیزبی دێموکراتی کوردستان کە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ (١٣٩٩)، یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی خۆی جێژن دەگرێ، زیاتر لە ٧٠ ساڵ لە تەمەنی لە دەرەوە و دوور لەو شوێنەی لێی دامەزرا تێپەڕاندوە و هەر ئێستاش ئەم ڕەوتە لە دووربوون لە ژینگەی ئەسڵیی خۆی هەروا درێژەی هەیە. ئەم حیزبە کە بۆ ماوەی زیاتر لە  حەوت دەیە لە تێکۆشان و خەباتی، ڕێبەرایەتییەکەی لە دەرەوەی وڵات بووە و هەیە، ئێستاش سەرەڕای گەلێک کەمایەسیی دەروون تەشکیلاتی کە هەیبووە و هەیەتی، لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کوردستاندا هەروا جێی متمانە و هیوایە. هەر ئەم پێگە بەرز و متمانە پێکراوە، ئەم حیزبەی لە نێو کۆڕ و کۆمەڵی کوردستانی، ئێرانی و جیهانیشدا بە ئێعتبار و خاوەن کەسایەتیی تایبەتی خۆی هێشتۆتەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بوون و وجوودی، بەرهەمی وڵامدانەوە بە هەلومەرجێکی مێژوویی تایبەت بە بەشێک لە خاکی کوردستان بوو، بە هۆکاری مەعریفەیەکی تێکەڵ بە ئەقڵییەتێکی مودێرن کە پێشەوای مەزن، قازی محەممەد وەک کەسی یەکەمی ئەم حیزبە نوێنەرایەتیی دەکرد، توانی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ڕەوتی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەی کورددا پێک بهێنێ. بنیاتنانی ڕەوتێکی نوێ لە خەباتی نەتەوایەتی لە سەر ئەساسی دوو کۆڵەکەی “پلانمەندکردنی بزووتنەوە” و “بەخشینی کەسایەتیی بە کۆمەڵگە”، ئەو جەهانبینییە سیاسی و فکرییەیە کە مانای وجوودیی حیزبی دێموکرات لە جووڵانەوەکانی پێش خۆی جیا دەکاتەوە.

ڕاگەیاندنی “کۆماری کوردستان” هەر دوای چەند مانگ لە دامەزرانی حیزب و داڕشتنی قەوارەی سیاسی و تەشکیلاتیی ئەم دەسەڵاتە لە شێوەی دانانی کابینەی وەزیران، سەرکۆمار و وەزارەتخانە و….هتد، نیشانی دا کە کورد لەمەوبەولا دەیهەوێ بە پڕۆژەوە قسە لە ویست و داخوازییەکان و ئامانجەکانی بکا. حیزبی دێموکرات وەک دامەزرێنەری کۆماری کوردستان کە پێشەواکەی ئەرکی سەرکۆماریی ئەم سیستەمە سیاسی و بەڕێوەبەرییەی کەوتۆتە سەر شان، سەلماندی کە بە پشتبەستن بە تێفکرێنێکی خاوەن پلان، پێوەیە لە ڕێگای بە دامەزراوەییکردنی خەباتەوە، هەنگاو بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان بنێ. لە لایەکی دیکەوە بە هەستکردن بە “بۆشایی باوەڕبەخۆبوون”ی تاکەکانی کۆمەڵگە کە لە ڕەوتێکی دورودرێژی تاریخیدا، سیاسەتی سەرکوت و بە کەم‌سەیردنی نەتەوەی بان‌دەست بەسەر کوردیدا سەپاندبوو، بنیاتناوەی کەسایەتیی کورد و خەباتەکەی پێویستییەکی هەرە زەرووری بوو. پاراستنی ئەم دەسکەوتە (کۆماری کوردستان)، پێویستیی بە درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی دەروەست بەرانبەر بە گەل و نیشتمان بوو کە بێگومان لە بابەتی “نەتەوەسازی‌“دا باسێکی گرینگ و ئەساسییە و ڕاستەوخۆ لە چێبوونی بەرژەوەندی گشتییەوە کەهەستێکی هاوبەش پێک دەهێنێ، شوێندانەرە. بۆ دروستبوونی ئەم دەروەستبوونە پێش هەموو شتێک دەبوا تاکەکانی کۆمەڵگە هەستیان بە کەسایەتیی خۆیان کردبا و ڕەمزێک هەبا کە هەستی باوەڕبەخۆبوون لە نێویاندا درووست بکا. بۆیە بەرزکردنەوەی “ئاڵای کوردستان” لە کۆماری کوردستاندا و بەڕێوەێوچوونی ڕێوڕەسمی تایبەت بەم دەسکەوتە مێژووییە لە چەند شارێکی ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستاندا بەوپەڕی گرێنگی‌پێدانەوە بەڕێوەچوون.

بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، ڕاگەیاندنێکی ماناداری شوناسخوازانە بوو کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی دەروونیی لەسەر تاکی کورد و کۆمەڵگەی ئەو کاتی کوردستاندا دانا و هەستی باوەڕبەخۆبوونێکی نەتەوەیی بنیات نا. “بوون” بوو بە بەشێکی دانەبڕاو لە ئینسانی کورد و کەسایەتیی بە تاکی کورد بەخشی. بەو مانەیە کە خەڵکی کوردستان لە ژێر ئەو ئاڵایەدا بە تەواوەتی هەستی بە بوونی خۆی – جیا لەویتر – کرد. هەر ئەوە بوو کە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا مهاباد و کۆماری کوردستان بوون بە جێی هیوا و هومێدی نەتەوەیەک بە ناوی کورد.

لە پرۆسەی بنیاتناوەدا بە تایبەت کە لێرەدا ڕاستەوخۆ قسە لە ڕەوتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەتەوەیەکی دارووخراو حاشالێکراوە، تێگەیشتن لە زەروورەت و پێویستیی “پارێزگاری”ی و “پاراستن” زۆر گرینگە. بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستان هاوکات لە گەڵ ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، دامەزراندنی “سپای میللیی کوردستان” کە دواتر ناوی هێزی پێشمەرگەی لە سەر دادەنرێ، بە زەرووری دەزانێ. ئەم بەشە لە بزووتنەوەی کوردستان کە دواتر لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیشدا جێ دەکەوێ، تا ئێستایشی لە گەڵ بێت، بەشێکە لە هۆوییەتی کورد و خەباتەکەی. پێشمەرگە بەشێکە لە ئەرزش و بەها نەتەوایەتییەکانی نەتەوەی کورد، پێشمەرگە و خەباتی پێشمەرگانە کە باڵێکی هەرە ئەساسی و جێی شانازیی بزووتنەوەکانی کوردستانە، ڕیشە و ماهییەتی بۆ تێفکرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کردەوەی کۆماری کوردستان دەگەڕێتەوە.

بوونی پێشمەرگە و دامەزرانی سپای میللیی کوردستان، متمانەیەکی نەتەوەیی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا درووست کرد و باوەڕی خەڵکی بە حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستان قورس و قاییم کرد. پێشمەرگە بوو بەو هێزە متمانەپێکراوەی کە خەڵک وەک قودرەتێکی ڕزگاریدەر سەیری بکا. بۆیە هەر وەک شەهید دوکتور قاسملوو بە درووستی پێناسەی دەکا؛ “پێشمەرگە باسکی بەهێزی گەلە”.

لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا هێزی پێشمەرگە توانی بە مەبەستی ئەم دەسکەوتە مێژوویە بۆ ماوەیەکی باش دژ بە هێزەکانی ڕێژیمی شا بەرەنگاری بکا و دواتریش و لە قۆناغەکانی دوای کۆماریشدا، هێزی پێشمەرگە بوو بە پارێزەری مان و مەوجوودیەتی میللەتەکەی و لەم پێناوەدا زۆرترین قوربانیی پێشکەش کرد.

هەموو ئەو ڕەمز و سەمبوول و هێمایانەی کە ئەمڕۆ نەتەوەی کورد لە هەر چواربەشەکەی کوردستان و هەر کوردێک کە لە هەر کوێی ئەم گۆی زەوییە دەژی، شانازییان پێوە دەکا و بوونی خۆی وەک نەتەوەیەکی جیاواز بە کەسایەتیی جیاوازەوە پێناسە دەکا، لەسەر دەستی حیزبی دێموکراتی کوردستان دروست کراون و بەرهەمی تێفکرین و جیهانبینیی ئەم حیزبەن کە بەخۆشییەوە ئەمڕۆ هەموویان بوونەتە بەشێک لە خەسڵەت و شناسنامەی نەتەوەی کورد. ئەگەر ٧٤ ساڵ پێش ئێستا لە شاری مهاباد و شارەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماردا، تەنیا بە هەزاران کورد لە رێوڕەسمی هەڵکردنی ئاڵای کوردستاندا بەشدارییان دەکرد، ئێستا ئەم ئاڵایە بۆ میلیۆنان ئینسانی کورد و بۆ نەتەوەیەک ڕەمز و شوناسی نەتەوەییە. کۆماری کوردستان و سەرکۆمار پێشەوا قازی محەممەد، ئەمڕۆ بۆ هەموو ئینسانێکی کورد نەتەنیا یادەوەرەیەکی مێژوویی لەبیر نەکراوەن، بەڵکوو بۆ نەتەوەیەک بوونەتە هۆوییەت و بەهای نەتەوەیی.

ئەوەی تا ئێرە بە نیسبەت داهێنان و دەسکەوتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە باس کرا، تەنیا بەرهەمی یەکساڵ لە خەبات و جیهانبینیی ئەم حیزبە بووە. ئەم حیزبە لە ماوەی تەمەنی ٧٥ ساڵی تەمەنی خۆیدا کە لە ئێران دوو ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتدار بوون، سەرەڕای بڕینی قۆناغی زۆر سەخت و دژوار، لە زۆر بواردا خاوەنی دەسکەوت و داهێنان و، – لە هەموویان گرینگتر – بەردەوامبوون و درێژەدان بە خەبات بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان بووە.