Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۲۰ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۹ | 10/07/2020 | کاتژمێر:
سیاسی

دەسەڵاتەکان لە هەیکەلی کۆماری ئیسلامییدا

21/06/2020 | 01:12:31
+A
-A
دیلان هەردی

ڕێژیمی سیاسیی ئێران لە نێوان ئۆتۆریتاریزم ‌و تۆتالیتاریزمدا

(دەسەڵاتەکان لە هەیکەلی کۆماری ئیسلامییدا)

 

دەسەڵاتی جێبەجێ‌کردن (قوه مجریه)

دەسەڵاتی جێبەجێ‌کردن لە کۆماری ئیسلامیدا، ئیلهامی لە کۆماری پێنجەمی فەڕانسە وەرگرتوە، بەڵام کۆمەڵێک گۆڕانکاریی بنەڕەتیی تێدا کراوە. دەسەڵاتی جێبەجێ‌کردن لە لایەن سەرکۆمارەوە ئیدارە دەکرێ، بەڵام لەژێر کۆنتڕۆڵی وەلی فەقیهـ ‌دایە. بەپێی مادەی ١١٤ی قانوونی بنەڕەتی، سەرکۆمار بە دەنگی خەڵک بۆ ماوەی ٤ ساڵ هەڵدەبژێردرێ ‌و تەنیا دوو خول دەتوانێ لە پشت سەری یەک خۆی کاندید بکا. هەروەها بە پێی مادەی ١١٥، سەرکۆمار دەبێ کەسێکی “ئایینی ‌و سیاسی بێ”. بەربژێرەکانی سەرکۆماری دەبێ لە لایەن شوڕای نیگابان ‌و لە کۆتاییشدا لە لایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە پەسند بکرێن (لە هەڵبژاردنی ساڵی 1396دا لە نێوان ١٦٣٠ بەربژێردا، تەنیا ٦ کەس لە لایەن شوڕای نیگابان ‌و ڕێبەرەوە پەسند کران کە لەنێو ڕەتکراەکاندا، ناوی مەحموود ئەحمەدینەژاد، سەرکۆماری پێشوو، ‌و دەیان کەسایەتیی سیاسیی پێشووی کۆماری ئیسلامی وەکوو وەزیر‌ و جێگری سەرکۆمار و سەرۆکی دامەزراوە دەوڵەتییەکان وەبەر چاو دەکەون). بە پێی مادەی ١٢٢ی قانوونی بنەڕەتی، سەرکۆمار لە بەرامبەر ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ‌و مەجلیسدا بەرپرسیارە. دەسەڵاتی سەرکۆمار لە لایەن دامەزراوە ئایینییەکانەوە سنووردار کراوەتەوەو پاڕلمان‌و رێبەر بۆیان هەیە سەرکۆمار لە سەر کار لا بدەن. پاڕلمان بە دەنگی ٢ لە سەر ٣ی  ئەندامانی دەتوانێ بە هۆی ناکارامەیی، سەرکۆمار لە کار لابدا (ساڵی ١٣٦٠ ئەبولحەسەن بەنی‌سەدر، یەکەم سەرکۆماری ئێران، بەو شێوەیە لە سەر کار لادرا). بە پێی مادەی ١٣٠ی قانوونی بنەڕەتی، دەست لە کار کێشانەوەی سەرکۆمار دەبێ لە لایەن ڕێبەرەوە پەسند بکرێ ‌و بەبێ رەزامەندیی رێبەر، سەرکۆمار ناتوانێ دەست لە کار بکێشێتەوە. لە دوای ساڵی ١٣٦٨ـەوە کە پۆستی سەرۆک‌وەزیران هەڵگیراوە، سەرکۆمار لە بەرامبەر مەجلیسدا بەرپرسیارە و وەزیرە دەستنیشانکراوەکان لە لایەن سەرکۆمارەوە پێویستیان بە دەنگی مەجلیسە. سەرکۆمار بەبێ راوێژ‌ و هاوکاری لەگەڵ ڕێبەر، بۆی نییە سیاسەتی نەتەوەیی‌ و نێونەتەوەیی دیاری بکا. پۆستی سەرکۆماری لە ئێران، لە ڕادەبەدەر گرێدراوی کەسایەتییە سیاسییەکانە. بەهۆی دەستێوەردانەکانی ڕێبەر لە کاروباری دەسەڵاتی جێبەجێ‌کردندا، پەیوەندیی نێوان سەرکۆمارەکان بەتایبەت میانەڕەوەکان لەگەڵ ڕێبەردا بەردەوام کێشەی تێ‌دەکەوێ، بەڵام سەرکۆمار خاوەن دەسەڵاتێکی قانوونیی بەهێز نییە کە بتوانێ پێش بە دەستێوەردانەکانی ڕێبەر بگرێ. ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە گۆڕینی سەرکۆمار تەنانەت بە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵکیش ناتوانێ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە وڵاتدا دروست بکا، بە تایبەت لە بواری سیاسیدا. لە نێوان ساڵەکانی ١٣٧٦ هەتا ١٣٨٤، لە ماوەی سەرۆکایەتیی محەممەد خاتەمی وەکوو کەسێکی میانەڕەو، لەگەڵ ئەوەشدا کە پشتیوانیی زۆرینەی نوێنەرانی پاڕلمانی هەبوو، بەڵام نەیتوانی ئەو بەڵێنانەی جێبەجێ بکا کە پیشتر بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری‌ بە خەڵکی دابوون. سەرکۆمار وەکوو کەسی یەکەمی دەسەڵاتی جێبەجێ‌کردن، نەک هەر مافی ئەوەی نییە گۆڕانکاریی بنەڕەتیی بکا، بەڵکوو هەر گۆڕانکاری‌یەکی‌تر کە بیهەوێ ئەنجامی بدا، ئەگەر مەجلیسیش پشتیوانیی لێ بکا، دەبێ شوڕای نیگابان ‌و ڕێبەر پەسندی بکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهـ  سازگار بێ. گۆڕانکاریی قانوونی‌ و پێداچوونەوە بە قانوونی بنەڕەتی تەنیا لە دەستی ڕێبەردایە.

 

دەسەڵاتی یاسادانان (قوه مقننه)

بە پێی مادەی ٥٨ی قانوونی بنەڕەتی، دەسەڵاتی یاسادانان لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا، تەنیا لە یەک ژوور بە ناوی “مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی” پێک هاتوە و ئەندامانی ئەو مەجلیسە نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵکن. پەسندکراوەکانی دەسەڵاتی یاسادانان (یاسا یان ئەنجامی ڕێفراندۆم) بەبێ رەزامەندیی شوڕای نیگابان‌ و هەندێک جاریش کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەند‌ییەکانی نیزام، هیچ بایەخێکیان نییە(١). مەجلیس یان پاڕلمانی ئێران لە دوو ڕووەوە سنووردارە(٢): یەکەم، ناتوانێ لە دەرەوە‌و  لە دژایەتی قانوونی بنەڕەتی ‌و بنەماکانی ئایینی فەرمی دەوڵەت یاسا دابنێ. دووهەم، لە هەندێک بواردا، ڕای رێبەری کۆماری ئیسلامی لە سەرووی یاسا و مەجلیسەوەیە (٣). دەسەڵاتی یاسادانان بۆی نییە یاسا و رێسا بۆ هەندێک دامەزراوەی وەکوو وەلی فەقیهـ‌ و مەجلیسی خیبرەگانی رێبەری دابنێ. مەجلیس ناچارە رێز لەو یاسا و رێسایانە بگرێ کە ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی کولتووری دایاندەنێ. سیاسەتەکانی بەرگری، ئەمنی، زانیاری، کۆمەڵایەتی، کولتووری ‌و ئابووری لە چوارچێوەی دەسەڵاتی مەجلیسدا نین‌ و لە لایەن ڕێبەر و شوڕای بەرزی ئەمنییەتی نەتەوەییەوە دیاری دەکرێن(٤). بەپێی مادەی ١٧٧ی قانوونی بنەڕەتی، پاڕلمان بۆی نییە گۆڕانکاری لە قانوونی بنەڕەتیدا بکا، تەنانەت مافی ئەوەی نییە پێشنیاری گۆڕانکاریش بکا، بەڵکوو ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بە هاوکاریی لەگەڵ کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام‌ و شوڕای پێداچوونەوەی قانوونی بنەڕەتی مافی ئەو کارەی پێدراوە.

بەربژێرەکانی پاڕلمان دەبێ لە لایەن شوڕای نیگابانەوە شیاوبوونیان پەسند بکرێ‌ و ئەو تایبەتمەندییانەیان تێدا هەبێ کە شوڕای نیگابان دیاریی کردوون. زۆر جار بەربژێرەکان هەموو تایبەتمەندییەکانیشیان تێدایە بەڵام ڕەت دەکرێنەوە. ماوەی هەر خولێکی مەجلیس ٤ ساڵە. ئەگەر گرووپێکی سیاسی زۆرینەی کورسییەکانی پاڕلمان مسۆگەر بکا، بەو واتایە نییە کە دەتوانێ سیاسەتی خۆی بە سەر وڵاتدا بسەپێنێ یان کاریگەرییەکی ئەوتۆی هەبێ، چونکە دامەزراوەی سەرووتر وەکوو شوڕای نیگابان هەن کە چالاکییەکانی مەجلیس بلۆک دەکەن ‌و ڕێگرن لە پەسندکردنی هەر جۆرە یاسایەک کە بیهەوێ گۆڕانکاریی بنەڕەتی دروست بکا.

 

دەسەڵاتی دادوەری (قوه قضائیه)

بەپێی قانوونی بنەڕەتی، رێژیمی سیاسیی ئێران لە سەر بنەمای ئایین ‌و سەروەریی بێ‌ئەملاوئەولای خودا دامەزراوە ‌و هاوڵاتییان بەزۆر ناچار دەکا کە پەیڕەوی لە فەرمانەکانی خودا بکەن. هەر جۆرە سەرپێچییەک لە فەرمانەکانی خودا (بە تەفسیری ئایینی شیعەی دوازدە ئیمامی) سزای بۆ دیاری کراوە. لەبەر ئەوەی یاسا و رێسا ئایینییەکان پیرۆزن، هەموو یاسا و ڕێسای مەدەنی، سزادان، دارایی، ئابووری، بەڕێوەبردن، کولتووری، نیزامی، سیاسی‌ و هتد دەبێ لەگەڵ پڕەنسیپە ئایینییەکان سازگار بن(٥). لەو ڕوانگەیەوە، مافەکانی مرۆڤ ‌و بەهاکانی کە بە شێوەی جیهانی پەسند کراون، جێگە و پێگەیەکی ئەوتۆیان لە پڕۆسەکانی یاساداناندا نییە. قانوونی بنەڕەتیی هیچ دامەزراوەیەک ناچار ناکا ڕێز لە بەهاکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ بگرێ، بەڵکوو ناچاریان دەکا یاساو ڕێساکانی شەریعەت (بە تەفسیری ئایینی شیعەی دوازدە ئیمامی) بە بنەما بگرن، تەنانەت ئەگەر دژایەتیشی لەگەڵ بەهاکانی مافەکانی مرۆڤدا هەبێ.

دەسەڵاتی دادوەری لە ئێراندا، زۆر لە دەسەڵاتەکانی یاسادانان ‌و جێبەجێ‌کردن بەهێزترە و نەک هەر سەربەخۆ نییە، بەڵکوو بەتەواوی لەژێر دەسەڵاتی وەلی فەقیهـ دایە. تەواوی دادوەرەکان ‌و سەرۆکی دادگاکان لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری خۆیەوە دەستنیشان دەکرێن. دادگاکانی تایبەت بە پەروەندە کۆمەڵایەتی ‌و مەدەنییەکان، دادگاکانی شۆڕش، تایبەت بە پەروەندە سیاسیی‌ و ئەمنیەتییەکان‌ و هەروەها، دادگا تایبەتەکان بۆ دادگاییکردنی کەسانی ئایینی، لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە بەڕێوە دەبرێن. دەسەڵاتی دادوەری ٦ ئەندامی شوڕای نیگابانیش دەستنیشان دەکا(٦). ڕێبەر تاکە دەسەڵاتێکە کە لە سەرووی دەسەڵاتی دادوەرییەوەیە و جگە لە خودی ڕێبەر، دەسەڵاتی دادوەری دەتوانێ هەموو کەسێک، دەستبەسەر و دادگایی بکا، تۆمەتباری بکا و سزای بدا و سزاکەش جێبەجێ بکا. سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی لەلایەن ڕێبەرەوە بۆ خولێکی ٥ ساڵە دەستنیشان دەکرێ. دادوەری دادگای تایبەت بە کەسایەتییە ئایینییەکانیش هەر لەلایەن ڕێبەرەوە دەستنیشان دەکرێ. ئەو دەسەڵاتە هەر خۆی ڕێکخستنی دامەزراوەیی ‌و سیستەمی دادوەریی، نووسینەوە و ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای تایبەت بە سیستەمی دادوەری بۆ پاڕلمان‌ و هەر جۆرە دامەزراندن، لەکارلادان ‌و بردنە سەری پلەی دادوەرەکانی لە ئەستۆیە(٧).  وەزیری داد دەبێ لە سەر بنەمای مادەی ١٦٠ی قانوونی بنەڕەتی لەلایەن سەرکۆمارەوە و لەنێوان ئەو بەربژێرانەی دەسەڵاتی دادوەری پێشنیاری کردوون، دەستنیشان بکرێ. ئەوەش ئەوە دەردەخا کە دەسەڵاتی دادوەری وەکوو دەسەڵاتێکی هەڵنەبژێردراو، بەتەواوی بە سەر دەسەڵاتی جێبەجێ‌کردن وەکوو دەسەڵاتێکی هەڵبژێردراودا زاڵە. وەزارەتی داد بەرپرسی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵاتی دادوەری‌ و دەسەڵاتەکانی جێبەجێ‌کردن‌ و یاسادانانە. لە دوای ساڵی ١٣٥٧ەوە ، دەسەڵاتی دادوەری لە کۆنتڕۆڵی بناژۆخوازەکان‌دایە.

سیستەمی دادوەریی ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا گۆڕانکاریی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. دەسەڵاتدارە ئایینییەکان زۆریان هەوڵ داوە سیستەمێکی دادوەریی سەقامگیر پێشان بدەن، بەڵام ئەنجامەکان پێچەوانەکەی پێشان دەدەن. هۆکارێکی سەرەکی ناسەقامگیری‌ و بێ سەروبەریی سیستەمی دادوەریی ئێران، دژایەتییە لە نێوان بەها جیهانییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە لایەک ‌و یاسا و رێسا ئایینییەکانی قانوونی بنەڕەتیی ئێران لە لایەکی‌تر.

***

بابەتێکی گرینگ لە پۆلێن بەندیی هاوچەرخ یان نوێی ڕێژیمە سیاسییەکاندا ئەوەیە کە، ڕێژیمەکان لەسەر بنەمای ناو یان مۆدێلی نەریتی لێک جیا ناکرێنەوە، بەڵکوو بە پێی ئاستی دێموکرات‌بوونیان پۆلێنبەندی دەکرێن، لەبەر ئەوەی لە دونیای هاوچەرخدا، دێموکراسی بە باشترین ڕێژیمی سیاسی دادەنرێ. بەگوێرەی پۆلێنبەندیی هاوچەرخ، ڕێژیمی پاشایەتی هەیە کە دێمۆکراتە ‌و ڕێژیمی کۆمارییش هەیە کە نادێمۆکراتە. بە لەبەرچاوگرتنی قانوونی بنەڕەتیی بنەڕەتیی ئێران، ڕێژیمی سیاسیی ئێران، ڕێژیمێکی چەند سەرە، چونکە پێکهاتە دامەزراوەییەکانی جۆراوجۆرن. لە لایەک، دامەزراوە کۆمارییەکانی وەکوو مەجلیس ‌و سەرکۆمار کە خەلک هەڵیاندەبژێرێ، لە لایەکی‌تر، دامەزراوە ئایینییەکان‌ و هەڵنەبژێردراوەکان کە بەسەر دامەزراوە کۆمارییەکاندا زاڵن. هەر دوو جۆرە دامەزراوەش لەژێر کۆنتڕۆڵی وەلی فەقیهـ دان. تەواوی بەربژێرەکانی خەڵک بۆ هەر دامەزراوەیەک کە پێویستی بە دەنگی خەڵک بێ، دەبێ بە فیلتەری دامەزراوە ئایینی‌ و هەڵنەبژێردراوەکانی ‌وەکوو شوڕای نیگابان‌ و وەلی فەقیهـ دا تێپەڕ بێ. هەروەها، بڕیار و پەسندکراوەکانی دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان بەبێ ڕەزامەندیی دامەزراوە هەڵنەبژێردراوەکان هیچ بایەخێکیان نییە. ئەوەش نیشاندەری ئەوەیە کە دەسەڵاتی خەڵک زۆر لاوازترە لە دەسەڵاتی چەند کەسێکی ئایینی هەڵنەبژێردراو. کەوابوو بەو ئەنجامە دەگەین کە ڕێژیمی سیاسیی ئێران لەگەڵ پێوەرەکانی دێمۆکراسی سازگار نییە.  یەکەم، لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بازنەی بەشداریی سیاسی خەڵک وەکوو یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی دێمۆکراسی، سنووردارە‌ و لە لایەن دامەزراوە ئایین‌یەکانەوە بەرتەسک کراوەتەوە. دووهەم، فرەڕەنگی ‌و جیاوازییە سیاسی ‌و کولتووری‌ و نەتەوەییەکان، بەتەواوی لەلایەن قانوونی بنەڕەتیی بنەڕەتییەوە سنووردار و چوارچێوەدار کراون‌ و شیعەی دوازدە ئیمامی ‌و نەتەوەی فارس لە سەرووی هەموو ئایین ‌و نەتەوەکانی دیکەوە دێن‌ و هەموو دەزگا و دامەزراوەکانی دەوڵەتیش بەپێی شیعەگەری ‌و فارسچیەتییەوە ڕێکخستنییان بۆ کراوە. سێهەم، یەکێک لە مەرجەکانی دیکەی دێموکراسی، ماوەی سنوورداریی دەسەڵاتە، بۆ ئەوەی دەسەڵات بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ یان هەمیشەیی لەلایەن گرووپێک یان کەسانێکەوە دەستی بەسەردا نەگیرێ. ئەو مەرجە بەڕوونی لەلایەن قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی‌یەوە پێشێل کراوە، چونکە هەندێک کەس ‌و دامەزراوە بە شێوەیەکی قانوونی ڕێگەیان پێدراوە بۆ هەمیشە دەسەڵاتییان لە دەستدا بێ‌ کە گرنگترینیان ڕێبەری کۆماری ئیسلامییە کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی تەمەن یان تەندروستیی، هەتا کۆتایی ژیانی دەستی بەسەر گرینگترین‌ و بەهێزترین پۆستی وڵاتدا گرتوە. چوارەم، مەرجێکی دیکەی دێموکراسی، دەوڵەتی یاسایە کە دەبێ لە لایەن سیستەمێکی دادوەری بەهێزەوە گەرەنتی بکرێ. ئەو مەرجەش بە شێوەیەکی قانوونی لە ئێران پێشێل کراوە، چونکە لە لایەک، دەسەڵاتی دادوەری لەلایەن ڕێبەرەوە دەستی بە سەردا گیراوە و لە لایەکی‌ترەوە، یاسا و ڕێساکانی ئایینی شیعە ‌وەکوو بنەمای یاسایی ‌و دادوەری دانراون. پێنجەم، یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکان لە دێمۆکراسی لیبڕاڵدا، پاراستنی مافە بنەڕەتییەکان ‌و ئازادییە مەدەنییەکانە کە ئەویش بە هەمان شێوە، نەک هەر لە لایەن قانوونی بنەڕەتی و سیستەمی دادوەرییەوە ڕێزی لێ ناگیرێ، بەڵکوو بەتوندیش پێشێل دەکرێ.

بەو پێیە ڕێژیمی سیاسیی ئێران، مەرجە پێویستەکانی تێدا نین بۆ ئەوەی لە پۆلێنبەندی هاوچەرخدا بە ڕێژیمێکی سیاسیی دێمۆکرات دابندرێ؛ نە دێموکراسیی لیبڕاڵ‌ و نە دێمۆکراسی هەڵبژاردەیی. ئەوەی کە ڕوونە، ئەوەیە کە ڕێژیمی سیاسیی ئێران ڕێژیمێکی ئۆتۆکراتە.

***

بن‌نووس:

 

١) مادەکانی ٧٢، ٩١، ٩٤و ١١٢ی قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران

٢) مادەی ٧١ی قانوونی بنەڕەتی

٣) مادەی ١١٠، بڕگەی ٧و ٨ی قانوونی بنەڕەتی

٤) مادەی ١٧٦ی قانوونی بنەڕەتی

٥) مادەی ٤ی قانوونی بنەڕەتی

٦) دەستنیشانکردنی ٦ ئەندامی شوڕای نیگابان لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە پێویستی بە دەنگی ئەندامانی مەجلیسیش هەیە، بەڵام ئەندامانی مەجلیس خۆیان پەسندکراوی شوڕای نیگابانن.

٧) مادەکانی ١٥٦ هەتا ١٧٤ی قانوونی بنەڕەتی.