Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۲۰ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۹ | 10/07/2020 | کاتژمێر:
سیاسی

مەترسییەکانی وتووێژ

21/06/2020 | 01:04:10
+A
-A
و: مەنسوور مروەتی

لە دیکتاتۆرییەوە تا دێموکراسی

(مەترسییەکانی وتووێژ)

جین شارپ

و: مەنسوور مروەتی

 

هەر وەک لە ژمارەکانی پێشدا باس کرا و لە ژمارەکانی داهاتووشدا وەک زنجیرە باس بەرچاوتان دەکەوێ، لە دیکتاتۆرییەوە تا دێموکراسی ناوی توێژینەوەیەکی “جین شارپ”، بیرمەندی ناوداری بواری خەباتی مەدەنی و ناتوندوتیژە. شارپ ساڵی ١٩٢٨ لە ئۆهایۆی ئامریکا لەدایک بووە، دوکتۆرای فەلسەفەی سیاسیی بووە و جیا لە مامۆستایەتی لە زانکۆکانی ئامریکا، بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر خەباتی ناتوندوتیژ سەردانی زۆر وڵاتی کردوە و تەنانەت زۆر جاریش بۆ پەروەردەکردنی خەڵک سەری لە وڵاتانی دیکتاتۆرلێدراو هەڵێناوە و لەوە گرینگتر لە چەند وڵاتێک خۆی گەیاندووەتە ریزی پێشەوەی ناڕازییان و تێکەڵ بە خەڵکی ئازادیخوازی ئەو وڵاتانە بووە. کاکڵی ئیدەکانی جین شارپ ئەوەیە کە ”دیکتاتۆرەکان هێزی سەرەکیی خۆیان لە گوێڕایەڵی و ملکەچیی خەڵکەوە وەدەست دێنن، ئەگەر خەڵک ئاوا ملکەچ و گوێڕایەڵی دەسەڵاتداران نەبن دەتوانن دیکتاتۆرەکان بە چۆکدا بێنن یا دەنا مەجبوور بە ئاڵوگۆڕیان بکەن.”

لەم زنجیرە باسەدا باس لە بنەما فیکرییەکانی “جین شارپ” بۆ خەبات دژی دیکتاتۆری دەکرێ:

 

مەترسییەکانی وتووێژ

لە بەرانبەر ئەو کێشە زۆرانەی کە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دیکتاتۆردا هەن، هەندێ لە خەڵک لەوانەیە گوێڕایەڵ و ملکەچی دەسەڵات بن. بەشێکی دیکەی خەڵک لە دەستپێڕاگەیشتن بە دێموکراسی نائومێد دەبن و لەوانەیە باڵادەستیی دیکتاتۆر قەبووڵ بکەن و بەتەما بن کە لە ڕێگای وتووێژ و ئاشتی و ڕێککەوتنەوە بتوانن هەندێ دەسکەوتیان هەبێ و کۆتایی بە دڕندەییەکانی دەسەڵات بێنن. وادیارە نەبوونی رێگاچارەی واقعبینانە هۆکاری ئەم بیر و بۆچوونانەیە.

خەباتی لێبڕاوانە بەدژی دیکتاتۆرە بێ‌ڕەحمەکان دوورەدیمەنێکی خۆشی نییە. کەواتە بۆچی بەم ڕێگایەدا بڕۆین؟ ئایا ناکرێ هەموو کەسێک ژیرانە بیر بکاتەوە و هەندێ ڕێگا بۆ وتووێژ ببینێتەوە و هەوڵ بدا لە ڕێگای وتووێژەوە بە شێوەی هەنگاو بە هەنگاو کۆتایی بە دیکتاتۆرییەت بێنێ؟ ئایا دێموکراتەکان ناتوانن بە ورووژاندنی هەستی مرۆڤانەی دیکتاتۆر وای لێ بکەن بەرەبەرە لە دەسەڵاتەکەی کەم بکاتەوە و لە کۆتاییدا بەم شێوەیە حکوومەتێکی دێموکراتیک دروست بکەن؟

هەندێ جار دەگوترێ کە ڕاستییەکان هەمووی بە لایەنێک نییە. ڕەنگە ئەو دیکتاتۆرانەی کە لە هەلومەرجی دژواردا وبەباشی جووڵاونەتەوە، دێموکراتەکان بەباشی لێیان وەرنەگرتوون.

تەنانەت لەوانەیە کەسانێک وا بیر بکەنەوە کە ڕەنگە دیکتاتۆرەکان لە ڕێگای هاندان یان وریاکردنەوە، لەسەر ئەو دۆخە خراپەی بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاوە، بە ڕەزامەندیی خۆیان واز لە دەسەڵات بێنن. لەوانەشە بگوترێ؛ دەکرێ پێشنیاری چارەسەری هەردوو سەر براوە بە دیکتاتۆرەکان بکرێ کە بە قازانجی هەردوولا بێ.

باس لەوە دەکرێ کە ئەگەر هێزە دێموکراتەکان بە شێوەی ئاشتیخوازانە کۆتایی بە ناکۆکییەکان بێنن (کە ئەمە لەوانەیە بە هاوکاری کەسانی شارەزا یا تەنانەت دەوڵەتێکی بیانی بەڕێوە بچێ) ئیتر حەوجێ بە مەترسی و ئازارەکانی خەباتی دواڕۆژ ناکا. ئایا ئەم رێگاچارەیە لە خەباتێکی دژوار _ تەناتەت لە خەباتێکی چەکدارانە کە هیچ، بگرە لە خەباتێکی  ناتوندوتیژیش_ باشتر نییە؟

 

باشی و بەربەستەکانی وتووێژ

وتووێژ بۆ چارەسەرکردنی هەندێ لە کێشەکان ئامرازێکی زۆر باشە و هەتا ئەوکاتەی کەلکی هەبێ، نابێ حاشای لێ بکرێ یا پشتگوێ بخرێ. لە هەندێ هەلومەرجدا و بەتایبەت کاتێک کە باس لە سەر بابەتە بنەڕەتییەکان نییە، وتووێژ یەکێک لە باشترین ڕێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەکانە. مانگرتنە کرێکارییەکان بە مەبەستی بردنەسەرێی حەقدەستەکان نموونەیەکی باشە بۆ بەکەلک بوونی وتووێژ لە ناکۆکییەکدا؛ لەم نموونەیەدا خاڵی پێکەوەسازان شتێکە لە نێوان خواستی هەردوولا. بەڵام کێشە کرێکارییەکان کە لە ڕێگای سەندیکا و ڕێکخراوە یاساییەکانەوە جێبەجێ دەکرێ لەگەڵ ناکۆکی و ململانێیەک کە لەودا باس لە دیکتاتۆرێکی زاڵم و دامەزراندنی سیستمێک بە پێوەری ئازادییە سیاسیەکانە، بەتەواوی لێک جیاوازن.

کاتێک کە باس لە سەر هەندێ بابەتی بنەڕەتیی پێوەندیدار بە بنەما ئایینییەکان، ئازادییەکانی مرۆڤ یا گەشە و پەرەسەندنی کۆمەڵگەیەک دەکرێ، ئیتر وتووێژ چارەسەرێکی باش نییە بۆ گەیشتن بە ئاکامێک کە ڕەزامەندی هەردوولای لێ بکەوێتەوە.

لە سەر هەندێ بابەت ڕێکەوتن و سازان ناکرێ و تەنیا ئاڵوگۆڕ لە دەسەڵات بە قازانجی ئازادیخوازان دەتوانێ ئەوجۆرەی کە شیاوە پارێزگاری لە جەوهەری بابەتە بنەڕەتییەکان بکا. ئەم ئاڵوگۆڕە ئاکامی خەباتە نەک دانوستان. دیارە ئەمە بەو مانایە نییە کە نابێ هیچکات کەلک لە وتووێژ وەربگیرێ، بەڵکوو قسەکە لێرەدایە کە بەبێ هێزێکی بەهێزی دێموکراتی دژبەر، وتووێژ رێگایەکی واقعبینانە بۆ لابردنی دیکتاتۆرە بەهێزەکان نییە.

بەدڵنیاییەوە زۆرجار دۆخەکە بە جۆرێکە بۆ ئەوە نابێ کە بیر لە وتووێژ بکرێتەوە. ئەو دیکتاتۆرانەی کە لە جێگەوپێگەی خۆیان بەتەواوی دڵنیان، لەوانەیە پێشنیاری وتووێژ لە لایەنی بەرانبەریانەوە قەبووڵ نەکەن. یا ئەگەر قەبووڵیشیان کرد لە پاش دسپێک، دەستەی دانووستانکاری دێموکرات لەوانەیە بێ‌سەروشوێن بکرێن و چیدی کەس بە سۆراغیان نەزانێ!

 

ملکەجی بەهۆی وتووێژەوە؟!

کەسانی سەربەخۆ یا گرووپەکانی دژبەری دیکتاتۆر کە لایەنگری وتووێژن پاڵنەری زۆر باشیان بۆ وتووێژ هەیە. بەتایبەتی لە هەلومەرجێکدا کە خەباتێکی چەکدارانە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەدژی دیکتاتۆرێکی بێبەزەیی لە ئارادا بووبێ، بەڵام نەیتوانیبێ سەرکەوتنی کۆتایی بەدەست بهێنێ. ئاساییە کە زۆربەی خەڵک جیاواز لە بیروباوەڕی سیاسییان لایەنگری ئاشتی بن.

وتووێژ بەتایبەتی لەو کاتانەدا کە دیکتاتۆر لە باری سەربازییەوە باڵادەستە و خەڵک چیدیکە توانایی زەرەر و زیانەکانی شەڕیان نییە، لەنێو گرووپە ئازادیخوازەکاندا دەبێتە بابەتێکی جێی باس. لەم هەلومەرجەدا هەر چارەسەرێک کە بتوانێ کەمێک لە داخوازییەکانی خەڵک وەدی بێنێ و کۆتایی بە توندوتیژی بێنێ، لە ڕادەبەدەر وەسوەسە دەخاتە دڵی مرۆڤەوە.

بێگومان پێشنیاری “ئاشتی” لەلایەن دیکاتۆرەوە بۆ هێزە خەباتکارەکان، پێشنیارێکی ڕیاکارانە و درۆیە، چونکە دیکتاتۆر ئەگەر بیهەوێ دەتوانێ لە یەک چرکەدا دەست لە شەڕ بەدژی وڵاتەکە هەڵگرێ و کۆتایی بە توندوتیژی بێ. ئەوانە ئەگەر بیانهەوێ دەتوانن بەبێ هیچ ساتوسەودایەک بۆ گەڕاندنەوەی ڕێز و کەڕامەت و مافەکانی خەڵک، ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، کۆتایی‌هێنان بە ئەشکەنجە و ڕاگرتنی عەمەلیاتی نیزامی و وازهێنان لە دەسەڵات و داوای لێبوردن لە خەڵک دەستپێشخەر بن.

لەو کاتانەدا کە دیکتاتۆرەکان دەسەڵاتی تەواویان هەیە و لەولاشەوە بزووتنەوەیەکی بەرگریکارانەی توندیش لە گۆڕێ‌دایە، لەوانەیە دیکتاتۆرەکان پێیان خۆش بێ لە ڕێگای وتووێژەوە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن، لەژێر دەمامکی ئاشتیخوازییەوە هانیان بدەن خۆیان ڕادەست بکەنەوە. بانگەشەی وتووێژ ڕەنگە لەڕواڵەتدا بەباق‌وبریق بێ، بەڵام لەوانەیە لە ژووری وتووێژ مەترسییەکی زۆر بۆ لە داوخستنی هێزە دێموکرات و ئازادیخوازەکان هەبێ.

لە لایەکەی دیکەوە لە هەلومەرجێکدا کە هێزە خەباتکارەکان بەهێزن و هێزەکانی دیکتاتۆر بەڕاستی مەترسییان لەسەرە، دیکتاتۆرەکان ڕەنگە هەوڵ بدەن بە پەنابردنە بەر وتووێژ ئەوەندەی بۆیان دەکرێ دەست بەسەر سامان و داراییەکاندا بگرن و وڵاتەکە کۆنترۆڵ بکەن. دیارە لە هیچ کام لەم حاڵەتانەدا نابێ لایەنە ئازادیخواز و دێموکراتەکان بە دانیشتن لە سەر مێزی وتووێژ، یارمەتیدەری مەبەستەکانی دیکتاتۆر بن.

ئازادیخوازەکان دەبێ زۆر بە وردی ئاگایان لەو داوانە بێ کە دیکاتۆرەکان لە ڕەوتی وتووێژدا بۆیان داناون. کاتێ کە باس لەسەر هەندێ بابەتی بنەڕەتی وەکوو ئازادییە سیاسییەکان لە ئارادا بێ، بانگەشەی وتووێژ لە لایەن دیکاتۆرەکانەوە ڕەنگە هەوڵێک بێ بۆ ملکەجی و ڕادەست‌کردنی ئاشتیخوازانەی دێموکراتەکان و درێژەدانی رەوتی توندوتیژی لە لایەن دەوڵەتەوە.

هێزە ئازادیخوازەکان دەبێ تەنیا ئەوکاتە بانگهێشتن بۆ وتووێژ قەبووڵ بکەن کە دیکتاتۆر بە تەوای بێهێز بووە و تەنیا داواکارییەک کە هەیەتی ئەوەیە کە ڕێگایەکی ئەمنی تا گەیشتن بە فڕۆکەخایەکی نێودەوڵەتی هەبێ.

 

هێز و دادپەروەری لە وتووێژدا

ئەگەر تەنانەت ئەم جۆرە لێکدانەوە و بیرکردنەوەیە لە سەر وتووێژ تێگەیشتنێکی لەڕادەبەدەر توند و زبر بێ، لە لایەکی دیکەشەوە پێویستە پێداچوونەوە بە سەر هەندێ ڕوانگەی ڕۆمانتیک بە نیسبەت وتووێژەوە بکرێ. بۆ تێگەیشتن لە ڕەوتی وتووێژ پێویستمان بە بیرێکی کراوە و دوور لە پێشداوەرییە.

دانوستان بەو مانایە نییە کە دوولایەنی ناکۆک بە شێوەیەکی تەواو هاوسەنگ و بەرابەر لەسەر مێزی وتووێژ دانیشن و لەسەر ناکۆکییەکان و ئەو بابەتانەی بوونەتە هۆی ناکۆکی قسە بکەن و پێکەوە چارەسەریان بکەن. دەبێ دوو شتمان هەمیشە لەبیر بێ. یەکەم ئەوەی کە لە دانوستاندا دادپەروەریی رێژەیی و ڕوانگەی جیاواز و ئامانجەکان، بابەتی وتووێژەکە دیاری ناکەن. جگە لەوە دەبێ بزانین نێوەرۆکی ئەو ڕێکەوتننامەیەی کە لە ئەنجامی وتووێژەکەوە وەدەست دێ تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر بنەرەتی تواناییەکان و باڵانسی هێزی دوو لایەن دیاری دەکرێ.

بەر لە ڕۆیشتن بۆ سەر مێزی دانوستان دەبێ بیر لە زۆر پرسیاری دژوار بکرێتەوە. ئەگەر لەسەر مێزی وتووێژ لایەنی بەرانبەر نەیتوانی بگاتە رێککەوتن، هەرکام لە لایەنەکان لە داهاتوودا چ ڕێگایەکیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەبێ؟ ئەگەر ڕێککەوتن کرا بەڵام لایەنێک پەیمانی نێوانیانی شکاند و بەپێچەوانەی بەڵێنەکەی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی هێزی بەکار هێنا، لایەنی بەرانبەر دەتوانێ چی بکا؟

وەک باس کرا لە وتووێژدا بەپێی هەڵسەنگاندنی دروست بوون یا نادروست بوونی بابەتەکانی وتووێژ، رێکەوتن ناکرێ. هەرچەند لەوانەیە لەسەر ئەو بابەتانە قسەی زۆر بکرێ بەڵام لە کۆتاییدا ئاکامی وتووێژەکان بەپێی هەڵسەنگاندنی ڕادەی هێزی رێژەیی و تەواوی دوو لایەن دیاری دەکرێ. دێموکراتەکان بۆ ئەوەی حاشا لە لانیکەمی خواستەکانیان نەکرێ دەتوانن چی بکەن؟ دیکتاتۆرەکان بۆ دڵنیا بوون لە کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر وڵات و لەکارخستنی توانای هێزە دژبەرەکان دەبێ چی بکەن؟ بەواتایەکیتر ئەگەر رێککەوتنێک بکڕێ، وادیارە زیاتر ئاکامی خەمڵاندنی هەر دوولا لە توانایی هێزەکانی دوولایەنەکە و دواتر هەڵسەنگاندنی چۆنیەتیی کۆتایی هێنان بە خەباتەکە دەبێ.

هاوکات دەبێ بزانین هەرکام لە لایەنەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان ئامادەن واز لە چی بێنن؟ ئەو وتووێژانە سەرکەوتوو دەبن کە تێدا سازان بکرێ؛ و ئەمەش یانی دابەشکردنی ناکۆکییەکان. هەر لایەنە و بەشێک لە خواستەکانی خۆی دەستەبەر دەکا و واز لە بەشێکی داخوازییەکانی دێنێ.

لە هەلومەرجێکدا کە دیکتاتۆرییەکی ڕەها زاڵە، هێزەکانی پێشڕەوی دێموکراسی چ شتێکیان هەیە کە ڕادەستی دیکتاتۆری بکەن؟ دێموکراتەکان دەبێ کام داواکاریی دیکتاتۆر قەبووڵ بکەن؟ ئایا لە دەوڵەتی داهاتوودا پێویستە دێموکراتەکان بەپێی یاسای بنەڕەتی ڕۆڵێکی هەمیشەیی بۆ دیکتاتۆر لەبەرچاو بگرن؟ کەوابوو چ شتێک لە دێموکراسی دەمێنێتەوە؟

تەنانەت ئەگەر وای دانێین وتووێژەکە بەباشیش دەچێتە پێشێ، ئەوکات دەبێ پرسیار بکەین؛ ئاکامەکەی چ جۆرە ئاشتییەک دەبێ؟ ئایا ژیان وگوزەرانی خەڵک باشتر لەوکاتە دەبێ کە ئازادیخوازەکان خەباتیان دەست پێکرد و لێی بەردەوام بوون؟

***