Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۱۹ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۹ | 09/08/2020 | کاتژمێر:
روانینی دەرەکی

لەکزی‌دانی شۆقی هیلالە شیعییەکەی کۆماری ئیسلامی

21/06/2020 | 00:54:04
+A
-A
جەمیل سەرمەستی

ناسیونالیزمی فارسی_شیعی لەو کاتەوەی خۆیان ناسیوە، بەردەوام لە سێ ڕەهەندەوە هەوڵی فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆیان داوە و لە بارودۆخ و قۆناغگەلی جیادا لەهەر ڕێیەکەوە بۆیان گونجابێ هەوڵی بەرفراوان کردنەوەی هێژموونی دەسەڵاتی خۆیان داوە. ئەوان لە ڕاستیدا وەکوو ناسیونالیزمێکی هێرشبەر، لەسەر سێکوچکەی ئەفسانە و ئۆستوورەسازی، مەزهەب و زمان؛ فراوانخوازییەکەیان تا ئەم سەردەمەش درێژەی هەیە. بەتایبەت پاش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ئەم هێژمۆنیخوازییە بە پێناسەی مەزهەبییەوە ئاقارێکی دیکەی بڕی، ئەویش خەیاڵی دروستکردنی هیلالی شیعی کە خومەینی لە جەمارانەوە چاوی بڕیبووە کەربەلا و لەوێوە لە قودسی دەڕوانی. گەیشتن بەو خەونە بە سەرکوت و کوشتاری دژبەرانی ئەو بیرە و نەتەوە و ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێرانیش دەستی پێکرد کە شەڕ لەگەڵ عێراق و شەڕی کوردستان دوو دیاردە لە دەیان دیاردەی ئەم پلانەنن.

بێگومان فراوانخوازی یان هەر سیاسەتێکی هێرشبەرانە تێچووی خۆی هەیە و بەئاسانی پێگەیشتنی مەحاڵە. لە ڕاستیدا دەسەڵات و زانست یان مەعریفەش دووانەی لێک دانەبڕاون، بەڵام جوغرافیایەکی پان و بەرین بە ناوی دروستکراوی ئێران وەکوو وڵاتێکی دەوڵەمەند و پڕ پیت کەوتبووە ژێردەستی ئەو دەسەڵاتدارە ملهوڕ و مەزهەبییانەی کە ئەمجارە و بە ڕوانینێکی ئیدۆلۆژییەوە بەبێ سەرنجدان بە چۆنیەتیی ژیان و گوزەرانی خەڵک و بیرکردنەوە لە داهاتووی وڵات، تەنیا لەبەر مانەوەی خۆیان لەسەر کورسی دەسەڵات و زیادبوونی پانتایی دەسەڵاتێکی خەیاڵی و وەهمی کە نە باوی ماوە و نە دەگونجێ، بەشیکی زۆری سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەیان بە ناوی ئیسلام و شیعەگەرییەوە لەو وڵاتانە خەرج کرد کە خەڵکەکەی یان بەشێک لەوان شیعە مەزهەبن. سەدان میلیارد دۆلار لە داهاتی خەڵکی ئێران خەرجی ئاژاوەنانەوە و دروستکردنی گرووپ و میلیشیا بۆ دەست بەسەر داگرتنی پێتەختەکانی عێڕاق، یەمەن، لوبنان و سووریە کرا.

ئەوەی ئێستا ڕێژیم دوای چوار دەیە هەڵی دەگرێتەوە پێچەوانەی ئەم هەموو خەرج کردنەیە کە بۆی دانابوو. کەڵەکەبوونی قەیرانە نێوخۆییەکان لە سۆنگەی ناکارامەیی دەسەڵات و وەلانانی خەڵک و مافەکانیان، هەموو چینو  توێژەکانی کۆمەگەی بەدژی ڕێژیم ڕێک خستوە. وشیاریی سیاسیی گەلانی ناوچە و ناسینی کۆماری ئیسلامیش بووەتە هۆی پەرەسەندنی بیری شوناسخوازی لەم وڵاتانەدا و بەگژداچوونەوەی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەستراوەکردن و تێکدانی ئەمنیەتی نێوخۆییان؛ بۆیە دەبینین کە نفووزی ئێران لە ناوچە هەر دێ و لە کزی دەدا.

ناڕەزایەتییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو لە عێراق، سووریە، لوبنان و ئەفغانستانیش بە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی کە هیچ تەباییەکی لەگەڵ تەناهی و بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتانە نییە، هەر دێ و پتر دەبن. بە چەشنێک کە هەر ئەو پیرۆزییانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ناوی مەزهەبەوە بەو خەڵکەی دەفرۆشت، لە ئێستادا بێڕێزی پێدەکرێ و بۆتە مایەی ڕق و قینی خۆپێشاندەرانی ئەو وڵاتانە. سروشتییە ئەوان نایانەوێ وڵاتێک وەکوو ئێرانیان هەبێ کە لە ژێرسێبەری دەسەڵاتی ئاخوندەکاندا هیچ ماف و ئازادییەکەیان نەبێ. بۆیە بەئاشکرا داوای چوونەدەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتەکەیاندا دەکەن و ئەو ڕێژیمە بە هێمای ئاژاوە و نەگبەتی و شەڕ و دزی و گەندەڵی و دواکەوتوویی بۆ وڵاتەکەیان دەزانن.

بەمجۆرە کۆماری ئیسلامی چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوەش ڕەنج بە خەسار چوو. ئەو هیلالەی کە ئەو هەمووە خەڵکەی بۆ بە کوشت دا و بە تێرۆر و پشتیوانی لە تێرۆریزم دەستی بە خوێنی میلیۆنان خەڵکی جیهان سوور کرد، بێ شۆق و ڕووناکییە. ئەمە بێجگە لە بارودۆخی نێوخوی ئێران کە خەڵکەکەی لەم دواییانەدا ترسیان لە دیکتاتۆر نەماوە و بوونەتە هێزێکی تۆقێنەر و بەرەوڕووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوونەتەوە و کۆشکی دەسەڵاتدارەکانیان وە لەرزە خستوە. ئێستا کێیە نەزانێ کە ژیانیکی مرۆڤانە و ئازاد لە ئێران پێش هەموو شتێک بە نەمانی دەسەڵاتی ئاخوندەکان لەو وڵاتە وەدی دێ، باوەڕێک کە خەریکە لە پانتایی هەموو وڵاتدا گشتگیر دەبێ و خەباتی بۆ دەکرێ.