Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۱۴ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۹ | 04/08/2020 | کاتژمێر:
سیاسی

مافی مرۆڤ، دێموکراسی و کۆماری ئیسلامی

21/06/2020 | 00:50:53
+A
-A
عومەر باڵەکی

مافی مرۆڤ هەروەکی لە ناوەکەی دەردەکەوێ تایبەت بە مرۆڤە، واتا مرۆڤەکان لە سەرانسەری دنیا ناتوانێ ئەم مافە خەوشدار، یا بە هۆکاری جۆراوجۆر جیاوازی بخاتە نێوان مرۆڤەکان و مافەکانیان پێشێل بکا. بە پێناسەیەکی دیکە مافی مرۆڤ، مافێکە نە دەستێندرێتەوە و نە دەبخشرێ بە کەسانی دیکە، ئەم مافە لەگەڵ مرۆڤ لەدایک دەبێ و لێی جیا نابێتەوە. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین دەوڵەتەکان، پەیماننامەکان و قانوونە نێونەتەوەیی و نێوخۆیی وڵاتەکان، ناتوانن هۆکار بن بۆ دەسنیشان کردنی، بەڵکوو تەنیا دەتوانن هۆکارێکی گرینگ بن بۆ پاراستن و ڕێگری لە پێشێل‌کردنی ئەو مافانە. لە هەر وڵات و سیستمێکدا ڕەچاوی پاراستنیان نەکرێ، هاووڵاتیی پلە یەکی و دووی لێ دەکەوێتەوە و، قانوونەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ فەلسەفەی مافی مرۆڤ هاوسەنگ نابێ و ئەو کۆمەڵگەیە قەت ڕووی ئارامی و ئاشتی بە خۆیەوە نابینێ.

دێموکراسی تەواوکەری مافی مرۆڤە و لە بەستێنی ژیاندا یەکتر بەهێز دەکەن. بە واتایەکی دیکە دێموکراسی بناغەیەکە کە لەسەر بنەمای ئەو، مافی مرۆڤ بە باشترین شێوە بەڕێوە دەچێ و دەپارێزرێ. لە سەردەمی ئێستادا ئەو دەوڵەت و نیزامە سیاسییانەی بە شێوەی دێموکراتیک بەڕێوە دەچن توانای پاراستن و بەڕێوەبردنی مافی مرۆڤیان هەیە و، دەتوانن ئاشتیی ڕاستەقینە دەستەبەر بکەن.

لە نیزامە دێموکراتیکەکاندا، خەڵک لە چوارچێوەی سیاسی و قانوونییدا یەکسانن. لەو نیزامانەی کە لە ڕێگای دێموکراسییەوە دەسەڵات دەستاودەست دەکا، دەسەڵاتداران هەست بە بەرپرسایەتی لە بەرامبەر خەڵکدا بە ئەرگی خۆیان دەزانن و حکوومەت لەو جۆرە نیزامانەدا بەردەوام سەرچاوەکانی دێموکراتیک بوونی خۆی نوێ دەکاتەوە. بەڵام لە نیزامی کۆماری ئیسلامییدا کە سەرچاوەی دەسەڵاتی خۆی دەبەستێتەوە بە ئاسمان و خۆی بە نوێنەری خوا دەزانێ، هیچ بایەخێک بە مرۆڤ و مافەکانی دانانێ و بە هەموو شێوەیەک پێشێلی ئەو مافانە دەکا.

لە کۆماری ئیسلامییدا باوەڕی دامەزرێنەرانی ڕێژیم، ئەسڵ و مادە و بڕگەکانی قانوونی بنەڕەتیی ئەو نیزامەیە. ئەگەر چاو بە بڕگەکانی قانوونی بنەڕەتی و مەدەنیی سزادانی ئیسلامیی ئێراندا بگێڕین بە زەقی و ئاشکرا ئەو دژایەتییە لەگەڵ پێوانەکانی دێموکراسی و مافی مرۆڤ دەبیندرێ. بە پێی قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی مافەکان و ئیمتازاتی نێو دامودەزگای ئیداریی ئێران بە پێی دین و مەزهەب دیاری کراوە، واتا ئەگەر کەسێک موسوڵمان بێ بە چەند هەنگاو لە پێشترە لە کەسێکی ناموسوڵمان و، ئەگەر شێعەی دوازدە ئیمامی و باوەڕمەند بە ویلایەتی ڕەهای فەقیهـ بێ ئەوە لە برا موسوڵمانە ناشێعەکەی خۆی لە پێشترە.

ئەوەش دژایەتییەکی ئاشکرایە لەگەڵ جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ کە نزیک بە تەواوی وڵاتان کە کۆماری ئیسلامییش یەک لەوانە قەبووڵیان کردوە و، پێبەندیی خۆیان بە بەڕێوەبردن و پاراستنی ئەم مافانە دەربڕیوە.

بۆ نموونە لە مادەکانی (١، ٢، ٣ و ٧)ـی ئەم جاڕنامەیەدا هاتوە: “هەموو مرۆڤەکان بە ئازادی لەدایک دەبن و لە کەرامەت و مافەکانیان لەگەڵ یەکتر بەرابەرن.” “هەرکەس دەتوانێ بەبێ هیچ جیاوازی دانانێک بە تایبەتی لە باری نژاد، ڕەنگ، ڕەگەز، زمان، دین و بیروڕای سیاسی و هەر باوەڕێکی دیکە، هەموو ئەو ماف و ئازادییانەی هەبێ کە لەو بەیاننامەیەدا هاتوون.” “هەر مرۆڤێک مافی ژیان، ئازدی و ئەمنیەتی تایبەتی خۆی هەیە.” “ئینسانەکان لە بەرامبەر قانوونەکاندا یەکسانن و مافی ئەوەیان هەیە وەک یەک لە لایەن قانوونەوە پشگیرییان لێ بکرێ.” بەڵام لە نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا مرۆڤ لەو مافانە بەهرەمەند نییە، بەڵکوو ئەوی لە پێش پاراستنی مافی مرۆڤە، دین و مەزهەب و باوەڕ بەو نیزامەیە؛ دەتوانین بڵێین لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی نیزامی کۆماری ئیسلامییدا مافەکان بە پێوانەی دین و مەزهەب و توانەوە لە ویلایەتی ڕێبەردا دەسنیشان دەکرێن.

لە ڕوانگەی ڕەگەزییشەوە قانوونەکانی ئێران بە تەواوی دژایەتییان لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکانی مافی مرۆڤدا هەیە، بۆ نموونە بە پێی ئەسڵەکانی قانوونی بنەڕەتیی ئێران، ژن ناتوانێ ئەو پۆستە گرینگانەی حکوومەت بەدەستەوە بگرێ. پۆستی ڕێبەری، سەرکۆماری، لەشکری و دادوەری، لەو پۆستانەن. لە حاڵێکدا لە سەردەمی ئێستادا دەبینین بەشێکی بەرچاو لە وڵاتانی دنیا کە هەندێکیان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئاڵوگۆڕە سیاسی و ئابوورییەکانی جیهان هەیە، لە لایەن ژنانەوە بەڕێوە دەچن. ئەو هەڵاواردنانە بە نیسبەتی ژنان تەنیا لەو چەند بابەتەدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو لە بەرچاو نەگرتنی مافەکانی ژنان وەک ڕەگەزی بەرامبەری پیاوان هەموو تانوپۆی قانوونەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی گرتۆتەوە؛ لە گرێبەستی هاوسەرییەوە بگرە هەتا خوێن‌بایی و شایەدی و میرات و …

لە بەشی یەکەمی پێشەکیی ئەم قانوونەدا هاتوە “اصول و ضوابط اسلامی” وەک بنەمای قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و، لە ئەسڵی چواریشدا دووپاتی ئەو بابەتە دەکاتەوە و دەڵێ: “هەموو قانوون و ڕێوشوێنەکان لە کۆماری ئیسلامییدا دەبێ لەسەر ئەساسی ڕێوشوێنی ئیسلامی بن” و لە بەشی سێهەمی ئەو قانوونەدا کە تایبەت کراوە بە مافی میللەت دیسان پێداگری دەکاتەوە لەسەر ئەو پێبەندییە و، لە کۆتایی زۆربەی ئەسڵەکاندا مەرجی دژایەتی نەکردن لەگەڵ ئەو بنەمایە دێنێتەوە.

هەر ئەو بەستنەوەیە بە بنەمای ئایین و مەزهەبێکی تایبەت، پێچەوانەی ڕۆحی جاڕنامەی مافی مرۆڤە، لە هەمان کاتیشدا ئەو بنەما و ڕێوشوێنانە ئیسلامییانە کە باسی لێ دەکرێ ڕوون نەکراونەتەوە. بۆیە دەبینین لە دادگاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دادوەرەکان بە تێگەیشتنی خۆیان بڕیار دەردەکەن و، بەم شێوەیە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا بە هەزاران کەسی جیابیر بە تاوانی “محاربە” و “مفسد فی الارض” ئێعدام کراون؛ بەبێ ئەوەی ڕوون بێتەوە ئەو تاوانانە چۆن خراوەتە پاڵیان و مەبەستی دادوەر و قانوون‌دانەری کۆماری ئیسلامی لە موحارەبە چییە؟

نموونەیەکی دیکە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تەفسیری قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامییە کە بەرپرسایەتیی کەوتۆتە سەر شانی شۆڕای نیگەهبان، لە دوازدە ئەندامی ئەو شۆڕایە شەش کەسیان ڕاستەوخۆ ڕێبەر دایان‌دەنێ و، هەر کاتێک چوار لەو شەش کەسەش لەسەر تەفسیری بابەتێکی قانوونی ساغ ببنەوە، حوکمی قانوون وەردەگرێ و لەسەر هەموو دامودەزگاکانی دیکەی کۆماری ئیسلامییە کە بەبێ ئەملا و ئەولا ئەو قانوونە بەڕێوە بەرن. ئەوە لە حاڵێک‌دایە لە وڵاتانی دێموکراتیک، ناوەندی قانوون‌ دانان پارلمانی ئەو وڵاتانەیە کە ئەندامەکانی ڕاستەوخۆ لە ڕێگای خەڵکەوە هەڵ‌دەبژێردرێن و پەسەندی قانوونەکانیش لەو پارلمانانە لە بەرژەوەندیی خەڵک‌دایە. لە ئەسڵی ٩٣ـی قانوونی بنەڕەتییدا هاتوە: “مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی بەبێ‌ بوونی شۆڕای نیگەهبان ئێعتباری قانوونیی نییە”.

لەم سەردەمەدا کە سەردەمی وشیاریی خەڵکە، نیزامی سیاسیی وڵاتێک سەر دەکەوێ کە بتوانێ خۆی لەگەڵ وەزعی سەردەم بگونجێنێ و، قانوونەکانی هاوتەراز بکا لەگەڵ قانوونە نێونەتەوەییەکان بۆ ئەوە پێشگیری بکا لە سەرهەڵدانی قەیرانی سیاسیی، ئابووری و ئینسانی. یەکێک لە پێناسەکانی حکوومەتی نادێموکراتیک، بوونی قەیرانی جۆراوجۆر لە نێوخۆی وڵاتەکەیە. کۆماری ئیسلامی یەکێک لەو نیزامە سیاسییانەیە کە قەیرانی جۆراوجۆری بەسەر گەلانی ئێراندا سەپاندوە. کۆمەڵێک لەو قەیرانانە بە هۆی سیاسەتی هەڵەی هەناردەکردنی شۆڕش و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە و، پشتیوانی لە گرووپە توندئاژۆ ئیسلامییەکان لە سەرانسەری دنیا، داننەنان بە بوونی نەتەوەکان وەک نەتەوە و چارەسەرنەکردنی پرسی ئەو نەتەوانە و، تەنانەت سەپاندنی شەڕ بەسەریاندا، سەریان هەڵ‌داوە و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەبووە و هەیە لەسەر سەرهەڵ‌دانی قەیرانە نێوخۆییەکان و، ئەوە بێجگە لەو قەیرانانەیە کە بە هۆی قانوونە پەسەندکراوەکانی کۆماری ئیسلامی بەرۆکی خەڵکی ئێرانیان گرتوە.

ئەوقەیرانانە کاتێک بەرۆکی کۆمەڵگەی ئێران بەر دەدەن کە دەسەڵات و سیستمی سیاسی، مل بۆ دێموکراسی و مافی مرۆڤ ڕابکێشن و نیزامی بەڕێوەبردنی وڵات لەسەر بنەماکانی دێموکراسی و مافی مرۆڤ بونیاد بندرێ و، دەسەڵاتداران قەبووڵی ئەو ڕاستییە بکەن کە ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوە و ئائین و مەزهەبە و، تەنیا یەک نەتەوە و یەک دین و یەک مەزهەب مافی ئەوەی نییە دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەریی ئێران بە دەستەوە بگرێ؛ بەڵکوو هەموو نەتەوە و دین و مەزهەبەکان پێویستە بەقانوون دانیان پێدا بندرێ و بەشدارییان پێ بکری.

بەواتایەکی دیکە بە سەرنجدان بە پێکهاتەی چەند نەتەوەیی ئێران، دێموکراسی و پاراستنی مافی مرۆڤ یەکێک لە ڕێکارە دروستەکانی پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی ئەو نەتەوانەیە، بە پێچەوانەی ئەوە ئەگەر تەنانەت دەسەڵات قەیرانە دەرەکییەکانیش بۆ ماوەیەکی کاتییش بووبێ چارەسەر بکا، قەیرانە نێوخۆیەکان زیاتر گەشەدەکەن و پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی نەتەوەکانی پێک‌هێنەری ئێران زیاتر توشی هاڵۆزی وکێشە دەکەن. هەر بۆیە نیزامی سیاسی کە دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی ئێران دەگرێتە ئەستۆ، دەبێ توانای دابینکردنی هەموو ئەو ماف و ئازادییانەی هەبێ کە مافی نەتەوەکانی پێک‌هێنەری ئێرانە.

***