Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۲۲ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۹ | 12/07/2020 | کاتژمێر:
جیهان

ناڕەزایەتییەکانی ئەمریکا بە مەرگی “جۆرج فلۆید” بەردەوامن

02/06/2020 | 11:12:42
+A
-A

دوای ئەوەی کە بە هۆی ئەزیەت و ئازاری چەند پۆلیسی ئەمریکایی پیاوێکی ڕەش‌پێست بە ناوی “جۆرج فلۆید” گیانی لەدەست دا، خەڵکی ئەمریکا هاتنە سەرشەقامەکان و ئەم کردەوەی پۆلیسیان مەحکووم کرد.

چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا چەند پۆلیسێکی ئەمریکایی پیاوێکی ڕەش‌پێستی ئەمریکاییان بەناوی “جۆرج فلۆید” دەسبەسەر کرد و بە هۆی ئازاری زۆر و تەنگەنەفەسی لەژێر پێی پۆلیسدا گیانی لەدەست دا. مەرگی ناوبراو بوو بە هۆی ئەوەی کە لە زۆربەی شارەکانی ئەمریکا خەڵک بڕژێنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر بەو کردەوە نامرۆڤانەی پۆلیس دەرببڕن.

بە هۆی خۆپیشاندانەکانەوە بەشێک لە فرۆشگاکان تاڵان کروان، چەند شوێنێک ئاگریان تێبەردراوە، لە هێندێک شوێن پۆلیس وێڕای خۆپیشاندەران ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر ئەو کردەوە نامرۆڤانەیە دەربڕیوە و تا ئێستا لە دەیان شار قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندراوە.

“دۆناڵد تڕامپ” سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە پەیامێکدا ڕوو بە خەڵکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە ئەمریکا یاسا سەروەرە و لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە دەکرێ. ئێستا هەر چوار پۆلیسەکە کە لە مەرگی “جۆرج فلۆید”دا بەشدار بوون گیراون و ڕەوانەی دادگا کراون، هەر چواریان بە تاوانی کوشتنی ناوبراو مەحکووم کراون.

مەرگی جۆرج فلۆید لە مێدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و لە ئاڵمان و بریتانیاش بۆ مەحکوومکردنی ئەو کردەوەیەی پۆلیسی ئەمریکا خەڵک لە پێش باڵوێزخانەکانی ئەمریکا خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.

لە وڵاتان مەرگی کەسێک بە دەست پۆلیس ناڕەزایەتیی گەورەی لێ‌دەکەوێتەوە و خەڵک زوڵمی پۆلیس و حکوومەت قبووڵ ناکەن، لە وڵاتانی عەڕەبی مەرگی داشقەچییەک بەهاری عەرەبی لێ‌کەوتەوە و لە ئەمریکاش مەرگی ڕەش‌پێستێک، سپی‌پێست و ڕەش‌پێست و هەموو ڕەنگ و توێژەکانی ئەمریکای بە پۆلیسیشەوە هێنایە سەر شەقام، بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا هەموو ڕۆژێ بە تاوانی مافخوازی یا لەسەر پەیدا کردنی پاروە نانێ خەڵک دەکوژرێ و لەسێدارە دەدرێ، کۆڵبەر دەکوژرێ و خەڵک لە برسان دەمرێ، بەڵام بە لای زۆر کەسەوە زۆر بە ئاسایی دادەنرێ و یاسای کۆماری ئیسلامیش بەجێی ئەوەی هێزە چەکدارە ئینسانکوژەکان مەحکووم بکات، خەڵاتیان دەکا. خۆپیشاندانەکان بە زەبری چەک سەرکوت دەکرێن و بێ تاوانەکان ڕاپێچی دادگا و بەندیخانەکان دەکرێن و قاتڵەکانیش کە هێزی چەکداری حکوومەتن، وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن و درێژە بە جینایەتەکانیان دەدەن.