Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۱۴ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۹ | 04/08/2020 | کاتژمێر:
سیاسی

خاکی کوردستان هەمان ژینگەی کوردستانە

02/06/2020 | 11:03:44
+A
-A
دیمانە: شەونم هەمزەیی

 

مەنسوور سۆهرابی:

دوکتور مەنسوور سۆهرابی: “هۆکاری سەرەکیی ئەو زیانانەی تا ئەمڕۆ وەبەر ژینگەی کوردستان کەوتوە، دەسەڵاتە.”

 

پرسی ژینگە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و  خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێز وکەسانی نیشتمانپەروەری بەخۆیەوە سەرقاڵ کردوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵک لەگەڵ كێشەی گۆڕانی دێموگرافیی ژینگە، زۆربوونی ڕووداوە سروشتییەكان، پیسبوونی هەوا، وشكبوونی چۆم و ڕووبار و تاڵاوەكان، پیسبوونی ئاو و خاک، كەمبوونەوەی سەرچاوەكانی ئاوی ژێر زەوی، لە نێو چوونی دارستانەكان و كۆمەڵێک شتی لەم بابەتە بەرەوڕوویە، بۆ زیاتر تاوتوێ کردنی ئەم پرسە و هۆکارەکانی لە نێو بردنی ژینگە و خەسارەکانی کە بەر ژینگەی کوردستان کەوتوە و هەموو پرس و بابەتەکانی پێوەندیدار بە ژینگەوە، ماڵپەڕی “کوردستان و کورد” وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز دوکتور “مەنسوور سۆهرابی” دوكتورای “ئەگرۆ ئێكۆلۆژی” پێک هێناوە.

 

هۆکارەکانی سووتانی دارستانەکانی کوردستان چیین؟ چ کەس و لایەنێک لە بەرانبەر سووتانی دارستانەکان تاوانبار یان بەرپرسیارە؟

هۆکاری مرۆیی لە پشت زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکان‌دایە، لە کوردستان هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکان هێزە حکوومەتییەکانن کە بە بیانووی بوونی هێزی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەت، جەنگەڵ و دارستانەکان تۆپباران دەکەن کە دەبێتە هۆی سووتانی ئەو شوێنانە. هەروەها ئەو مینانەی کە لە کوردستان چێندراون، زۆر جار دەبێتە هۆی وێرانی و ئاگرکەوتنەوەکان کە دیسان بە هۆی حکوومەتەوە ڕوو دەدا.

هەندێک جاریش خەڵک بە ئەنقەست و بە هەڵە هۆکارێکن بۆ ئەم ئاگرکەوتنەوانە. بۆ نموونە کاتێک خەڵک دەچنە سەیران و بۆ ساز کردنی چایی ئاور دەکەنەوە -بە تایبەت لە وەرزی گەرمادا- پۆلووی بەجێماوی ئەم ئاورە بە هۆی باوە ئاور لە گژ و گیای دارستانەکان بەردەدا و قەیرانی ئاگرکەوتنەوەی لێ دەکەوێتەوە. قەیرانێک کە بە ئاسانی دروست دەبێ و کۆنترۆڵ کردنەکەشی دژوار و ئەستەمە.

هێندێک جاریش خەڵک لە دارستانەکان لەتە شووشە بەجێ دێڵن، کە ئەم لەتە شووشانە دەتوانێ ڕۆڵی عەدەسی بگێڕێ و ڕووناکایی خۆر لە یەک شوێندا کۆ بکاتەوە و ببێتە هۆی ئاگر کەوتنەوە. خەڵک پێویستە شوێن پێی ئێکۆلۆژیکی خۆیان لە دارستانەکان کەم بکەنەوە و لە هەموو ئەو ئاکار و کردەوانەی کە دەبنە هۆی زیان گەیاندن بە ژینگە و دارستانەکان خۆ ببوێرن و بە دوای پارێزگاری لە دارستانەکان و سەرچاوە سروشتییەکانەوە بن.

 

لێکەوتە و زیانەکانی سووتان و تێکچوونی ژینگەی کوردستان چ لە ڕووی ئابووری، ژینگەیی و تەندروستییەوە چین؟

بە لە نێو بردنی سەرچاوە سروشتییەکان، ژینگە بەرەو وێرانی دەڕوا و لە ئاکامدا لەگەڵ درێژەی ئەم ڕەوتە، پتانسیەلی ژیانی ئەم شوێنە لە نێو دەچێ. جۆراوجۆریی ژینگەیی کەم دەبێتەوە و ژیانی گیانلەبەرانی دیکە وەک گیا و بوونەوەرەکانیش دەکەوێتە مەترسییەوە.

گەشەی ئابوورییش بە شێوەی ناسەقامگیر و ناهاوسەنگە کە دەبێتە هۆی وێرانیی ژینگە و بەفیڕۆ چوونی سەرچاوەکانی لێ دەکەوێتەوە و قەیرانی تریشی بەدوادا دێ وەک، قەیرانی ئاو، قەیرانی تەپوتۆز، قەیرانی زبڵ و پاشماوەکانی و … کە هەمووی ئەمانە ژیان و تەندروستیی مرۆڤی ئەم سەردەمە و داهاتوو و بوونەوەرەکانی تریشی لەگەڵ مەتریسیی جیددی بەرەوڕوو کردوەتەوە.

 

دەزانین لە نێو بردنی ژینگەی کوردستان سەرەڕای هەوڵی بەردەوامی ژینگەپارێزان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرە دەسێنێ، بە ڕای ئێوە ئەو خەسارانەی لە ماوەی ئەم چەند ساڵە لە کوردستان کەوتوەتەوە بە چ ڕادەیەک بووە؟

هەر وەکوو ئێوە ئاماژەتان پێ کرد، خەسارەکان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر بووە، چونکە لە کوردستان سەرەڕای لاوازیی مودیریەت و گەشەی ناسەقامگیر و ناهاوسەنگ، ستەمی نەتەوەیی و هەڵاواردنیش هەیە کە کاریگەریی وێرانی و لە نێو چوون زیاتر دەکا. هەموو فاکتۆرە ژینگەییەکان (ئاو، هەوا، خاک، جۆراوجۆریی ژینگەیی) لە کوردستان تووشی شێواوی بوون. کە بەدەر لەوە دەکرێ باسی مودیریەتی زبڵ و پاشماوەکانیشی لێ زیاد بکرێ.

ئاو لە کوردستان بە مەبەستی پرۆژە پیشەییەکان بۆ شوێنەکانی تر ڕادەگوێزرێ، ئامادەن ئاوەکە بە سەدان کیلۆمیتر بۆ شوێنی دیکە بگوێزنەوە، بەڵام ئامادە نین پرۆژە پیشەییەکانیان لە سەرچاوەی ئاوەکە کە کوردستانە جێبەجێ بکەن.

لە لایەکی دیکەوە زۆرترین ڕێژەی داخوران (فرسایش)ـی خاک لە ئێراندا لە کوردستان دەبیندرێ، چونکە پیشەی زۆربەی خەڵکی کوردستان کشتوکاڵە و جووتیاران بۆ بژیوی ژیانیان زەوییە لێژەکانیش دەکێڵن و، خاک زۆر بە ئاسانی تووشی داخوران دەبێ.

ئاوە ڕەوانەکانی کوردستان دەگوازنەوە بۆ ناوچەکانی تر و ڕێگە بە جووتیاران دەدەن بیر لێ بدەن، لە کوردستان زەویی کشتوکاڵی هەیە کە لە مەودای دوو هێکتاردا حەوت بیری لێ دراوە، لەگەڵ بەردەوامیی ئەو ڕەوتە سەرچاوەی ئاوەکانی ژێرزەوی کە بە میلیۆنان ساڵ کۆ بوونەتەوە لە نێو دەچن، لە ئاکامی ئەوەدا شایەدی نیشتن و ڕۆچوونی زەوی دەبین.

 

وەک ئاگادارین لە کاتی ڕوودانی ئەو کارەساتانەی لە ژینگە دەکەوێتەوە ئەوە ئەرکی دەوڵەتە کە بە فریای ئەم شوێنانە بکەوێ، بەڵام دەزانین ئەوە بووەتە ئەرکی کەسانی دڵسۆز و خەمخۆر لە ڕێکخراو و ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکان، کەمتەرخەمییەکانی دەزگا حکومەتییەکان چەندە کاریگەرییان لە سەر چەندی و چۆنیی زیانەکان هەیە؟

حکوومەت بە گرتنە بەری سیاسەتی چەوسێنەرانە و خوێنمژانەی خۆی زۆرتر بەرەو وێرانیی خاکی کوردستان هەنگاو دەنێ و هۆکاری سەرەکیی ئەو زیانانەی تا ئەمڕۆ وەبەر ژینگەی کوردستان کەوتوە، دەسەڵاتە. هەر وەک دەزانن چالاکیی پێکهاتە نادەوڵەتییەکانیش بە توندی لە لایەن حکوومەتەوە بەرتەسک کراوەتەوە و گەلێک جار بینیومانە بە بیانووی جۆراوجۆر کەسانی چالاکی ئەم ڕێکخراوانە دەسبەسەر و زیندانی کراون. حکوومەت نیگەرانی چالاکیی ئەم ڕێکخراوانەیە و بە زاڵ کردنی کەشی ترس و دڵەڕاوکێ تێ‌دەکۆشی خەڵک لە هاوکاریی ئەم رێکخراوانە بگێڕێتەوە.

 

ئەرکی خەڵک و ژینگەپارێزان بە تایبەتی ئەنجومەن و ڕێکخراوەکان لە نەبوونی دەسەڵاتێکی پشتیواندا چییە؟ پێویستە چی بکەن تا بتوانن ئەو کەلێنە پڕ بکەنەوە و ڕێگە نەدەن ژینگەی کوردستان لەوەندە زیاتر زیانی بەرکەوێ؟

بە ڕای من لە دۆخی ئێستای کوردستاندا ڕۆڵی پێکهاتە و ڕێکخراوە نادەوڵەتی (NGO)کان زۆر گرینگە، لە هەنگاوی یەکەمدا پێویستە بۆخۆیان زانیاریی بەڕۆژیان هەبێ و باوەڕمەند بە ئەخلاقی ژینگەیی بن، دواتر دەبێ ئەم زانیاری و بنەما ئەخلاقییانەی ژینگە بگوازرێنەوە بۆ کۆمەڵگە و، خەڵک پەروەردە بکەن. هەروەها دەتوانن بە چالاکیی مەدەنی لە بەرانبەر ئەو کردەوە تێکدەرانە و ڕووخێنەرانەی حکوومەت دژکردەوە نیشان بدەن. کەسانێکیش کە لە باری ماڵییەوە لە دۆخێکی باشدا بەسەر دەبەن، یارمەتیی ماددیی ئەم ڕێکخراوە ژینگەییانە بدەن هەتا پێداویستییە سەرەکییەکانیان لەبەر دەستدا بێ.

 

هەڵسەنگاندنی جەنابت بۆ ڕۆڵی حیزبە کوردستانییەکان لە ڕۆشنگەری و بەرپرسایەتیی میدیاکانی حیزب لە هەمبەر هەستیارکردنی کۆمەڵگە بە پرسی ژینگە چییە؟

حیزب و لایەنە سیاسییەکانیش هەر وەک ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکان پێویستە زانیارییەکانیان بەڕۆژ بکەنەوە و هەموو کادر و ئەندامانی حیزب لەگەڵ پرسی ژینگە و ئەخلاقی ژینگەیی ئاشنا بکەن. لە هەموو پێداویستییەکان بۆ زانیاری دان و فێرکردن و پەروەردە کۆمەڵگە کەلک وەربگرن. دەبێ ئەوەیان لە بیر بێ ئەو خاکەی ئەم حیزبانە بۆ ئازادییەکەی خەبات دەکەن لە ڕاستییدا ژینگە و سروشتی کوردستانە، کاتێک سروشت و ژینگە لە نێو بچێ ئیتر خاکێک بۆ جێگیربوونی ئازادی نامێنێ.

لە کۆتاییدا من بە حیزبە کوردییەکان و ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پێشنیار دەکەم لە بەشی تەشکیلاتیی خۆیاندا بەشێک لە ئاستی سەرەوەی حیزب تەرخان بکەن بۆ ژینگە و یان ئەوەی کە لانی‌کەم ڕاوێژکارێکی ژینگەیان هەبێ، لە ناوەندە فێرکارییەکانی حیزبەکان لەگەڵ بارهێنانی سیاسی، ژینگە و ئەخلاقی ژینگەیی فێری کادر و پێشمەرگەکانیان بکەن. نابێ ئەوە لە بیر بکرێ خاکی کوردستان هەمان ژینگەی کوردستانە.