“ڤلادمیر پووتین” سەرۆک کۆماری ڕووسیە بە دەرکردنی بڕیارێک، فەرمانی بە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کرد و ڕایسپاردوە کە لەگەڵ “ئەسەد” دانوستان بکات بۆ کردنەوەی بنکەی سەربازی زیاتر لە سووریە.
بە پێی ڕاپۆرتی “ئینتێرفاکس” ، ئەو بڕیارە ڕۆژێک دوای ئەوە واژۆ کرا کە ڤلادمیر پووتین پلەی بەرپرسایەتی” ئەلکساندر یفیموف” باڵوێزی وڵاتەکەی لە سووریە بۆ نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆمار بەرز کردەوە.
کارناسان لەو باوەڕەدان ئەو هەوڵەی پوتین ئیزنی ئەوە بە ڕووسیە دەدات هێزی خۆی لە سووریە سەقامگیر بکات و ڕێوشوێنە ئاساییە دیپلۆماتیکەکان تێپەڕێنێت.
شایانی باسە کە ئێستا ڕووسیە دوو بنکەی سەربازیی هەمیشەیی لە سووریە هەیە کە بریتین لە بنکەی ئاسمانی”هۆمەیمیم” لە پارێزگای لازقیە کە هێرشە گەورەکان لە دژی ناڕازیان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لەوێوە ئەنجام دەدرێت و، ئەوەی تریان بنکەی دەریایی لە شاری “تەرتووس” لە کەنارەکانی مەدیتەرانە کە بۆ ماوەی ٤٩ ساڵ دراوە بە ڕووسیە.
جێگای ئاماژەیە، لەم دواییانەدا باس لە ڕێککەوتنی ئیسرائیل و ڕووسیە دەکرێ بۆ دەرپەڕاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریە و چوونە دەرەوەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە سووریە. ڕێژیمی ئاخوندی دوای ئەو هەموو هەزینەیە کە لە سووریە کردی مایە پووچ دەردەچێ و بێجگە لە ڕیسوایی هیچی دیکەی بۆ نامێنێتەوە.