Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۱۹ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۹ | 09/08/2020 | کاتژمێر:
سیاسی

کورد و گەلانی ئێران مانگی دەستکردیان ناوێ، نان و دەرمان و ئازادییان دەوێ

30/05/2020 | 23:14:48
+A
-A
ڕەزا شوان


ئاخوندە خوێنمژەکانی کۆماری سێدارەی ئیسلامی، کە لە ساڵی (١٩٧٩) وە، بەری خەبات و شۆڕش و راپەڕین و قوربانیدانی گەلی کورد و گەلانی ئێرانیان زەوت‌کرد و دەستیان بەسەر دەسەڵاتی ئێراندا گرت. لەو ساڵەوە تا ئەمڕۆ، بۆ زیاتر خۆسەپاندن و خۆقایم کردن و قۆڕخکرنی دەسەڵاتی تایفی و مەزهەبی، لە جیاتی هێنانەدی هیواکان و داواکارییەکانی گەلانی ئێران و گەلی کوردمان، کەچی بە ئاگر و بە ئاسن، بە داپلۆسین و سەرکوتکردن، بە کوشتن و بڕین و ڕاونان، بە زیندانی‌کردن و لەسێدارەدان، بە لێدان و بە ئەشکەنجەدان، بە برسی‌کردن و هەژاری‌کردن، وڵامی داخوازییەکانی گەلی کورد و گەلانی ئێرانیان دایەوە و دەدەنەوە. لە ئێران و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئازادی و دێموکڕاسی، مافی مرۆڤ، یەکسانی و دادپەروەری و سەروەری یاسا، لە سایەی دەسەڵاتی ئەم ئاخوندە خوێنمژ و ڕەگەزپەرست و کۆنەپەرست و تایفەپەرستانەدا، لەژێری هیچەوەن. تا ئێستا نزیکەی هەشت میلیۆن ئێرانی و کورد، لە ئێران و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە هۆی ستەمی ڕێژیمی ئێرانەوە، نیشتمانی خۆیان جێهێشتوە و بوون بە پەنابەر لە وڵاتانی ئورووپا و ئەمریکا و کەنەدا و ئوسترالیا. ئەوانەشی کە ماونەتەوە بە تەمای ژیانی خۆیان نین. لە ژیانێکی سەخت و دژوار و ترسدا دەژین و ساواک و سپای پاسداران، نیشتمانی خۆیان لێ‌کردوون بە دۆزەخ.

تەنها لە ساڵی (١٩٨٨) دا، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی (خومەینی) ، (٣٠)
هەزار زیندانی سیاسی بێ دادگایی کردن، لە ئێران لە سێدارە دران کە  بەشێکیان کوردن.
شایەنی باسە، یەکێک لەو تاوانبارە سەرکییانەی، کە دەستی هەبوو لە کۆمەڵکوژی ئەم سی هەزار زیندانییە لە سێدارەدراوانە، ناوی (حەمید نووری) یە، کە دادوەرێکی ئەو سەردەمە بوو لە سزادانی زیندانییەکان. حەمید نووری، لە ڕۆژی (٩/ نۆڤەمبەر/٢٠١٩) لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سوئێد، لە(ستۆکهۆڵم) لە لایەن پۆلیسی سوئێدەوە بە تاوانی کۆمەڵکوژی زیندانیانی سیاسی لە ئێران لە ساڵی (١٩٨٨)، دەستگیر کرا، لەسەر ئەو تاوانەی دادگای سوئێد دادگایی کرد.

ڕێژیمی ئاخوندەکانی کۆماری ئیسلامی، هەموو سامانی نەوت و گاز و داهاتی ئێرانیان، لە دروستکردنی چەک و ڕۆکێتی بالیستی و پرۆژەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، تا دەگاتە مانگی دەستکرد، خەرج کردوە، بێ ئەوەی کە گوێ بە برسێتی و بێکاری و هەژاری و ژیانی کولەمەرگی، بژی و مەمرەی، گەلانی ئێران و گەلی کوردمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بدەن.

 

گەمارۆی ئابووری ئەمریکاش لەسەر ئێران، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیراندا نییە، تەنیا گەلانی ئێران و کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، باجی ئەم گەمارۆیەی سەر ئێران دەدەن. تا ئێستا گەمارۆی ئەمریکا، نەیتوانیوە هەوڵەکان و بەرنامەی نزیکبوونەوەی ڕێژیمی ئێران لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و دروستکردنی ڕۆکێتی بالیستی کڵاوهەڵگری ئەتۆمی دوورهاوێژ ڕابگرێ.

ئێرانی سێدارە و تورکیەی زیندانستان، یەک لە یەکتر ڕەگەزپەرستر و نیاز خراپ و خوێنڕێژترن. ئەمانە سەری مارەکەن و هۆکاری ناسەقامگیری، نائارامی، شڵەژاوی، شەڕ و ئاژاوە، لە هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. دوو دەوڵەتی داگیرکەر و شەڕخواز و تیرۆرستن. دەیانەوێت بە داگیرکردنی خاک و نیشتمانی گەلانی تر، بە زەبری هێز و جاشە بەکرێگیراوەکانیانەوە، دەسەڵاتیان فراونتر بکەن و هێژموونی خۆیان بسەپێنن و سامانی گەلانی تر بە تاڵان بەرن.
دوو دەوڵەتن کە بە ئاشکرا یارمەتی تاوانی تیرۆریستی دەدەن، بە چەک و بە پارە، یارمەتی داعش و گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان دەدەن بە گژ گەلانی ناوچەکەیاندا کردون، بۆ ئەوەی ئاسوودەیی و ئاشتی بەرقەرار نەبێ.

لە سایەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری و فاشیستی ڕیژیمی ئاخووندەکانی کۆماری ئیسلامی، ئێران لە لەسێدارەداندا پاڵەوانێتی جیهانی بەدەست هێناوە و نمرەی باڵای جیهانی لە لەسێدارەداندا تۆمار کردوە. خاوەنی سێ مەدالیای ڕەشی شەرمەزاری و ڕووڕەشییە، یەکێکیان لە بواری لەسێدارەدانی گشتیدا، کە زیاتر لە نیوەی ژمارەی ساڵانەی لە سێدارەدان لە هەموو جیهاندا، لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لەسێدارە دراون. مەدالیای دووەمی ئەوەیە کە  ئێران یەکەمی بەدەستهێناوە، لە بواری لەسێدارەدانی مێرمنداڵاندا، بە تایبەتیش لە سێدارەدانی مێرمنداڵانی کورد.
بەپێی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵان و تەمەنی ستانداردی جیهانی، کە پێناسەی منداڵیان کردوە: منداڵ ئەو مرۆڤەیە کە تەمەنی لە هەژدە ساڵ تێ نەپەڕێت. کەچی لە ئێران بەدەر لە هەموو وڵاتانی جیهان، تەمەنی باڵغبوونی کوڕانیان بە (١٥) ساڵ دیاری کردوە و، تەمەنی کچانیش بە (٩) ساڵ دیاری کردوە کە بەشوودانی کچ لەم تەمەنەدا لە ئێراندا یاساییە. دەسەڵاتدارانی شیعەکانی عێراقیش، لە کاتی  سەرۆک وەزیرانی عێراق (ئیبراهیم جەعفەری)، ویستیان چاو لە ئێران بکەن و بە شوودانی کچان لە تەمەنی ٩ ساڵیدا بکەن بە یاسا، بەڵام ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بوونەوە، بە دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان تاوانبار کران. زانیشیان پەرلەمانی عێراق ئامادە نییە کە بڕیار لە یاسایەکی وا بدەن، بۆیە پاشگەزبوونەوە و سەری نەگرت. دووریش نییە کە لە دەرەوەی یاسادا بەرپرسانی شیعەکان تاوان و کاری ناڕەوای وایان لێبوەشێتەوە و بۆ مەرامەکانی خۆیان، گوێ بە یاسا نەدەن و کچانی منداڵ لە خۆیان مارە بکەن.

میدالیای ڕەشی شەرمەزاری سێیەمی ئێران، لە تۆمارکردنی نمرەی باڵای جیهانیدا، لە لەسێدارەدانی زۆرترین کچان و ژناندا بەدەست هێناوە. تا ئێستا ئاخوندەکان (٩٥) کچ و ژنیان لەسێدارە داوە، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە، لە لەسێدارەدانی ژنان لە جیهاندا، مەگەر هەر ئێران ئەم ژمارەیە بشکێنێت و ژمارەیەکی باڵاتر تۆماربکات و مەحاڵە کە پشکی کوردی تێدا نەبێت. چەند ژن و کچە تێکۆشەر و چالاکوانێکی کورد لەنێو ئەو ژمارە لە سێدارەدراوانە دان.

هەرچەندە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و منداڵان و ژنان و نەتەوە یەکگرتووەکان  چەندین جار بە توندی ڕەخنەیان گرتووە و داوایان لە ڕێژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی کردوە، کە دەست لە لەسێدارەدانی لاوان و منداڵان، ژنان و کورد هەڵبگرن. بەڵامان ڕێژیمی ئێران، هەموو داواکانیان ڕەت کردەوە. بە پێچەوانەوە تا دێت زیاتر و دڕندانەتر، سەرکوت و دەمکوتی گەلی کوردمان و گەلانی تری ئێران دەکەن. ژمارەی لە سێدارەدان و کوشتن بە لێدان و ئەشکەنجەدان، لە ئێران و لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا ساڵ لە دوای ساڵ لە هەڵکشاندایە.

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێرانی کە بارەگاکەیان لە شاری (ئۆسڵۆ) لە (نۆروێژ)ە، لە ڕاپۆرتێکیاندا، ئەوەیان ڕاگەیاندا کە لە ساڵی ڕابردوودا (٢٠١٩)، (٢٨٠) کەس لە ئێراندا، لە سێدارە دران. بەڵام ژمارەکە زۆر زیاتر لەوەیە، چونکە ئێران زۆر زیندانی بە نهێنی و بێ دادگایی کردن لە سێدارە داوە و باسی نەکردوون و زۆریش بە ئەشکەنجە و لێدان شەهید کراون. بۆیە هەر لەم راپۆڕتەدا باسیان لەوە کردوە، کە بەرپرسانی ئێران لە سەتا حەفتای لە سێدارەدراوەکان دەشارنەوە و باسیان ناکەن.
زۆریش جاریش بە کۆمەڵ زیندانییەکان لە سێدارە دەدەن، لە ساڵی (٢٠١٦) دا، (٢٥) چالاکوانی کوردیان لە زیندانی (رەجایی) لە یەک ڕۆژدا لەسێدارە داوە.

لە ساڵی (٢٠١٨) وە، تا ئەمڕۆ (١٢) مێرمنداڵ لە سێدارە دراون، کە شەشیان کوردن، یەکێک لەم شەشە کچە کوردێکی حەڤدە ساڵان بوو. (٩٠) منداڵ و مێرمنداڵی تریش لە زیندانەکانی ئێراندا، چاوەڕێی لەسێدارەدان دەکەن و لە بارودۆخێکی جەستەیی و دەروونی خراپدان.

لەم ساڵیشدا، ڕێژیمی دیکتاتۆری کۆماری سێدارە، چەندین لاو و مێرمنداڵایان لەسێدارە داوە، هەموو ساڵێکیش زیندانیانی کورد، پشکی شێریان لە ڕێژەی لەسێدارەداندا هەیە. هەر لەم مانگەدا (ئەپریل) چەند مێرمنداڵێکی کوردیان لە سێدارە دا کە تەمانیان (١٨) ساڵان کەمتر بوو.

 ئەمانە چەند ناوێکن لە زیندانییە لەسێدارەدراوەکانی ئەم ساڵ:

 

لەسێدارەدانی (شایان سەعیدپوور) لە (٢١/ ئەپریل/٢٠٢٠) کە یەکیک بوو لە (٧٤) زیندانییە هەڵاتووەکانی گرتووخانەی شاری (سەقز.
لەسێدارەدانی (مەجید ئیسماعیل زادە) لە (١٨/ ئەپریل/٢٠٢٠)
گیان لەدەست‌دانی (دانیال زین ئەلعابدین) لە (٢/ ئەپریل/٢٠٢٠) کە تەمەنی لە هەژدە ساڵ کەمتر بوو، بە لێدان لە زینداندا شەهیدیان کرد.
هەر لەم مانگەدا، چوار کوردی تریان لە زیندانی (ورمێ) لە (٢٨/ئەپریل/٢٠٢٠) لە سێدارە دا بە ناوەکانی: (زرار پەیغـامی) تەمەنی (٥٣) ساڵە، خەڵکی (شنۆ).
(یاسر رەسووڵی) تەمەنی (٣٣) ساڵە، خەڵکی شاری (بۆکان) کە لە سنە لە سێدارە درا.
(کەیوان ئەڵڵامورادی) گەنجێکی کوردی تەمەن (٢٨) ساڵانە لە (٢٧/ ئەپریل/٢٠٢٠)  خەڵکی ئاوایی دێولانی سنە کە لە گرتووخانەی شاری (سنە) لە سێدارە درا.
(فایەق شەریفی) یش، خەڵکی دیواندەرە، لە (٢٨/ ئەپریل/٢٠٢٠) لەسێدارە درا.

(مستەفا سەلیمی) یش، کە یەکێک بوو لەو (٧٤) زیندانیانەی کە لە رۆژی (٢٧/ ئادار/٢٠٢٠) لە گرتووخانەی (سەقز) هەڵاتن. لە بەرەبەیانی (١١/ ئەپریل/٢٠٢٠) لە تەمەنی ٥٣ ساڵیدا سێدارە درا.

 

ئەو ناوانەی ئاماژەیان پێ‌کرا، ژمارەی هەموو لەسێدارەدراوەکانی ئەم چوار مانگە نین کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لەسێدارە دراون. بە دەیان زیندانی تریان لە سێدارە داوە و بە هەزاران زیندانی تریش، چاوەڕیی سێدارە دەکەن.

 لەم بارودۆخە سەختەدا، کە گەلانی ئێران و گەلی کوردمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بە دەست برسێتی و هەژاری و نەبوونی و بێکاری و بێ دەرمانی و تووشبوون بە ڤایرۆسی کورۆناوە دەناڵێنن، لە لایەن ئێرانەوە هیچ هاوکارییەک نەکراون و ناکرێن، تەنات کۆڵبەریش بە هەژارانی کورد ڕەوا نابینن و بە دەستڕێژی گوللـە دەیانکوژن.
کەچی ڕێژیمی گەندەڵی ئێران، دەیەوێت لە بەرانبەر ئەمریکا هێز و بازووی خۆی نیشان بداو رۆکێتی مەودا دوورهاوێژی بالیستی دروست دەکات و تاقی دەکاتەوە. مانگی دەستکردی سەربازی سیخوڕی بەرە و ئاسمان دەنێری، بەم کارە قێزەوانانەی دەیەوێت ئەمریکا و دەوڵەتانی ئورووپا بورووژێنێ و پارەی ئەم هەموو چەک و تاقیکردنەوانەش لە دەمی خەڵکی برسی و ڕەشوڕووت دەگرنەوە.

کورد و گەلانی ئێران رۆکێتی بالیستی و مانگی دەستکریان ناوێ، نان و دەرمان و ئازادییان دەوێ، شەڕ و زیندانی و لە سێدارەدان و مردنیان ناوێ، دادپەروەری و یەکسانی و مافە زەوتکراوەکانیان و ژیانیان دەوێ، ئاسوودەیی و خۆشی و شادی و ئاشتییان دەوێ، کارگە و ئیش و کاریان دەوێ.

خەڵکی کوردستان و ئێران دەبێ بزانن کاتی ئەوە هاتووە، بە هەموو نەتەوە و ئایدۆلۆژیایەکی جیاوازەوە، بە هەموو چین و توێژەکانەوە، یەکبگرن و ئەم ڕێژیمە کۆنەپەرست و خوێنمژەی ئاخوندە ستەمکارە ڕابماڵن.

ڕێژیمە دیکتاتۆر و خۆسەپێنەکان چەند بەهێزیش بن، خاوەنی زەبەلاحترین سوپاش بن، ئەستەمە کە بتوانن لە بەردەم هەڵمەت و شەپۆلەکانی تسۆنامی ڕاپەڕینی گەلانی ئازای ئازادیخواز و دێموکراسیخواز و مافخواز و ئاشتیخوازی ڕاپەڕیودا خۆیان بگرن.

رەزا شوان