سەرەڕای ناڕەزایەتیی ئورووپا و ئەمریکا، کۆنگرەی گەلی چین گەڵاڵەی ئەمنییەتی نەتەوەیی “هۆنگ کۆنگ”ی کە پێشترخوێندنەوەی بۆ کرابوو پەسەند کرد.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی فەرمیی وڵاتی چین، ڕۆژی پێنج شەممە، ٨ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، پارلەمانی ئەو وڵاتە بە کۆی دەنگ گەڵاڵەیەکی پەسەند کرد کە ئازادییەکانی هۆنگ کۆنگ سنووردار دەکات، هەرچەند پیشتریش ڕاوێژکردن لەسەر یاسای ئەمنییەتی هۆنگ کۆنگ کۆمەڵێک ناڕەزایەتیی لەو دوورگەیە بەدواوە بوو و هەروەها ئەمریکا و ئورووپا نیگەرانیی خۆیان بە پەسەند کرانی ئەو یاسایە دەربڕیبوو.
شایانی باسە، دژبەرانی ئەو یاسایە دەڵێن دۆخی هۆنگ کۆنگ کە بە مۆدێلی وڵاتێک و دوو سیستم لە ساڵی ١٩٩٧ لە ژێر دەستی بریتانیا هاتەدەر و دووبارە درایەوە بە چین، بەو یاسایە پێشێل دەکرێ و، سیستمی لیبراڵیی سیاسی و ئابووری دوورگەکە لە ناو دەبەن و یاساکانی چین بەسەر هۆنگ کۆنگدا دەسەپێنن.