دادگای مافی مرۆڤی ئورووپا، بڕیارێکی لەسەر سکاڵای گەنجێکی “ئامەد”ی باکووری کوردستان لەبارەی خۆپێشاندان بۆ داواکردنی زمانی دایک دەرکرد و ڕایگەیاند: “خۆپێشاندان و ناڕەزایی بۆ داواکردنی پەروەردە بە زمانی دایک تاوان نییە”.
دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، هەروەها رایگەیاندووە: “تورکیە ١١ـەهەمین ماددەی ڕێککەوتننامەی مافی مرۆڤی ئورووپای پێشێل کردوە کە لەبارەی ئازادیی گردبوونەوە و خۆپێشاندانە. هەروەها خاڵی یەکەمی ماددەی پێنجیشی پێشێل کردوە کە لەبارەی ئاسایش و ئازادییەکانە”.
“حاکم ئایدن” ئەو گەنجە ئامەدییەیە کە ساڵی ٢٠٠٨ لەو کاتەی خوێندکاری بەشی کشتوکاڵ بوو لە زانکۆی دیاربەکر، لەکاتی خۆپێشاندانێک بۆ داواکردنی خوێندن بە زمانی دایک دەسبەسەرکراو تۆمەتی ”بانگەشەکردن بۆ ڕێکخراوی تیرۆرستی”ی درایە پاڵ و سزای ١٠ مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا.
شایانی باسە کە بەدواداچوونی دادگای ئورووپا دوای ١١ ساڵ لە بەردەوامیی کەیسەکە، دوا بڕیاری خۆی لەبارەی پەروەندەکە دا و ڕایگەیاند: “حکوومەتی تورکیە ناحەقیی کردوە. خۆپێشاندان و ناڕەزایی بۆ داواکردنی خوێندن بە زمانی دایک تاوان نییە. بەهۆی ئەم ناحەقییە دەبێت حکوومەتی تورکیە بڕی ٧٠٠٠ یۆرۆ بداتە حاکم ئایدن و سەرەنجام دوای ١١ ساڵ کۆتایی بەو کەیسە هات.