هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ماوەی مانگی ڕەمەزاندا لە شاری سنە ١٠ کەس لە چالاکانی مەزهەبیی ئەو شارەیان دەسبەسەر کردوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان کە ڕۆژی یەکشەممە پێنجی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی بڵاو کراوەتەوە، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری سنە چەندین جارهێرشیان کردۆتە سەر مزگەوتی “ئیبراهیم خەلیلوڵا” و قوتابخانەی مەزهەبیی “دارولعولووم” لەو مزگەوتە و ٨ کەسیان دەسبەسەر کردوە.
هەروەها لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە سەرەتای مانگی ڕەمەزان هەر لەو مزگەوتەدا مامۆستا “حوسێن عەلیمورادی” و کوڕەکەی بە ناوی “محەممەد سوهەیب عەلیمورادی”یان دەسبەسەر کردوە کە هێشتا “سوهەیب عەلیمورادی” دەسبەسەرە و چارەنووسی نادیارە.
شایانی باسە، کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هەرلەسەرەتاوە لەسەر بناغەی مەزهەبی شیعە دامەزراوە، هەڵاواردنێکی سیستماتیکی بۆ لەنێوبردنی مەزهەب و بیرو بڕواکانی دیکە بەڕێوە بردوە و لەو ڕێگەیەوە کێشە و ناکۆکی زۆری خستۆتە نێوان دوو لایەنی شیعە و سوننە لە ئێران و بەشێک لە وڵاتانی دیکەی جیهان و لە عێراق کێشەی نێوان ئەو دوولایەنە بۆتە هۆی ئەوەی کە ماوەی ١٧ ساڵە جێژنی ڕەمەزان بەیەکەوە و لەیەک ڕۆژدا ناگرن.