ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە میلیشیاکانی سەربە کۆماری ئیسلامیی ئیران لە عێراق بەرپرسن لە کوشتن و ڕفاندن و سەرکوتی خۆپێشاندەرانی عێراقی.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا، وێڕای مەحکوومکردنی کوشتنی خۆپێشاندەران لە لایەن گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، داوای لە حکوومەتی عێراق کردوە کە تاوانباران سزا بدا.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی شەممە ٤ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی بڵاوی کردۆتەوە، ڕایگەیاندوە کە خۆپێشاندەرانی عێراقی زۆر ئاشتیخوازانە داوای مافەکانیان لە حکوومەت دەکەن، بەڵام لە لایەن میلیشیا و گرووپە شیعەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوەمدراونەتە بەر دەسڕێژ و ٤٩٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ٨٠٠٠ کەسیش بریندار بوون.
هەروەها لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ١٢٣ چالاکی مەدەنی ڕفێندراون کە ٩٨کەسیان لە ژێر ئەشکەنجە دا بە دەستی ئەو گرووپانە گیانیان لەدەستداوە و ٢٣کەسیشیان چارەنووسیان نادیارە.
شایانی باسە کە خۆپێشاندەرانی عێراقی سەرەڕای هاتنە سەرکاری “مستەفا کازمی ” وەکوو سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە سوورن لەسەر داواکانیان و بەشێکیان بە توندی داوای چوونە دەرەوەی عێراق لە ژێر هێژموونی کۆماری ئیسلامیی ئێران وچاکسازی بنەڕەتیی لەو وڵاتەدا دەکەن.