لەگەڵ تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، باس لەوە دەکرا کە ئەم ڤایرۆسە لە وەرزی گەرمادا کۆتایی دێ و ئەو قسەیەش هیوایەکی زۆری دابوو بە خەڵک بەڵام ئێستا دەرکەوتوە کە گەرما کاریگەریی لەسەر ڤایرۆسەکە نییە.
لەگەڵ ئەوەی کە خەڵک بەهیوای هاتنی وەزی گەرما لە ماڵەکانیاندا مانەوە و تەحەممولی قەرەنتینەیان کرد، بەڵام بەپێی ئامار و زانیارییەکان گەرما کاریگەری لەسەر کەمبوونەوە و کۆتایی هاتنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا نییە و لە حەوتووی ڕابردوودا زۆرترین تووشبوو بەم ڤایرۆسە لە جیهاندا تۆمار کرا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بڵاوبوونەوتەوە، باس لە جۆرێکی دیکەی ڤایرۆسەکە دەکرێ کە گەرما کاریگەریی لەسەری نییە.
لەگەڵ ئەوەی کە بێکاری و برسییەتی و مانەوە لە ماڵەکاندا تاقەتی لە خەڵک بڕیوە، بەڵام ڤایرۆسەکە هەر ڕۆژە لە شوێنێک تەشەنە دەستێنێ. لە زۆربەی وڵاتان خەڵک ڕوویان کردۆتەوە بازاڕی کار و شوێنە ئایینییەکانیش کراونەتەوە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە خەڵکێکی زۆرتر تووشی ڤایرۆسەکە بن.
بەپێی ئەو ئامار و زانیارییانەی کە لە لایەن ناوەندە ڕەسمییەکانەوە بڵاو کراونەتەوە، تا ئێستا پێنج میلیۆن و ٥٩٢ هەزار و ٦٠٠ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون کە ٣٤٦ هەزار و ٧٦١ کەس گیانیان لەدەستداوە.
لە ئێران بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی تا ئێستا ١٣٥ هەزار و ٧٠٠ کەس تووشی کۆڕۆنا بوون کە ٧٤١٧ کەسیان گیانیان لەدەستداوە، دیارە ئەم ئامارە جێگەی باوەڕی ناوەندە پیوەندیدارە جیهانییەکان نییە و پێیان وایە کە کۆماری ئیسلامی ئاماری ڕاست و دروست بڵاو ناکاتەوە و تا ئێستا دەیان کەس بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاری دروست لە بارەی کۆرۆناوە لە لایەن دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامییەوە گیراون و ڕاپێچی بەندیخانەکان کراون.