هێزەکانی ئاسایشی ویلایەتی “هەرات”ی ئەفغانستان پشتڕاستیان کردەوە کە ڕۆژی هەینی ٢ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، ” قاری شەفیع” بەرپرسی سەربازیی تالیبان و ئەندامی ڕێبەریی ئەو گرووپە تیرۆریستییە و ” مەلا ڕوات” بەرپرسی تەندروستیی تالیبان لە کاتی گەڕانەوەیان لە ئێران و دابەزین لە ماشینی سپای پاسداران لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ویلایەتی هەراتی ئەفغانستانەوە دەسبەسەر کراون.
وتەبێژی هێزەکانی ئاسایشی هەرات ڕایگەیاند کە ” قاری شەفیع ” کە بەرپرسی نیزامیی تالیبان و بەرپرسی هەموو ئەو کردەوە تیرۆریستییانەیە کە لە ویلایەتی “هەرات” جێبەجێکراون، لە کاتی گەڕانەوەی لە ئێران و دابەزینی لە ماشینی سپای پاسداراندا لەسەر سنووری ئەو دوو وڵاتە لە لایەن هێزەکانمانەوە دەسبەسەرکرا، هەروەها مەلا “ڕوات” کە بەرپرسی تەندروستیی تالیبانە لە سەر سنوور و لە ماشینێکی دیکەی سپای پاسداراندا دەسبەسەر کراوە.
شایانی باسە، پێشتریش نوێنەرانی پەرلەمانی ئەفغانستان و هەروەها بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاندبوو کە تالیبان و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بەردەوامیی تێرۆر لە ئەفغانستان ڕێککەوتوون و ئەو ڕێژیمە پشتیوانیی لە ئاژاوە و تیرۆر لە ئەفغانستاندا دەکا.