دەوڵەتی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چل وڵاتدا کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام داوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە تیرۆریزمی حکوومەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چل وڵاتدا چالاکە و بە شێوەی بەرنامە بۆداڕێژراو و بەردەوام بە شێوازگەلی جیا جیا یان خۆی کردەوەی تیرۆریستیی ئەنجام داوە، یان ڕاستەوخۆ پشتیوانیی لە تێرۆر و تێرۆریزم لەو وڵاتانەدا کردوە.
بە پێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنەسەر دەسەڵات لە ئێراندا تیرۆریان وەکوو باشترین و سەرەکیترین ڕێگاچارە بۆ سڕینەوەی دژبەرانی هزری و سیاسی و عەقیدەتی خۆیان لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران هەڵبژاردووە و هەتا ئێستاش ٣٦٠ کەس لە بەرهەڵستکاران و دژبەرانی ئەو ڕێژیمەیان تێرۆر کردوە و سەدان کەسیان بە تەقینەوە و بە ڕەشەکوژی کوشتوە و بریندار کردوە.
ئەمریکا هەروەها دەڵێ: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەوەشەوە نەوەستاوە و بە بێ دادگاییکردن لەنێوخۆی وڵات هەزاران کەسی تێرۆر کردوە و کوشتوە کە بەشێکی زۆریان چالاکی مەدەنی و ئەندامی ڕێکخراوە مرۆییەکان بوون.
ئەوەی ئاشکرایە ئەو کردەوانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدەستی دیپلۆماتکارەکانی ئەو وڵاتە و سپای پاسداران و سپای قودس و حیزبوڵای لوبنان و لەم دواییانەشدا دز و قاچاخچی و مافیاکانی وڵاتانی دیکە ئەنجام دراون.