بەهۆی کێشە و ململانێکان لە سووریە و داخستنی دەروازەی “تل کۆچەر” ژیانی یەک میلیۆن کەس لە ڕۆژئاوای کوردستان لە مەترسیدایە.
دەروازەی “تل کۆچەر” تاکە دەروازەیە کە هاوکارییە مرۆییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانی پێدا تێپەر دەبن، بەڵام ئەو دەروازەیە بەهۆی ڤیتۆی دەوڵەتی ڕووسیەوە ناکرێتەوە و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە خەڵکێکی زۆر لە ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە هاوکارییە مرۆییەکان بێبەش بن.
دەروازەی “تل کۆچەر” ماوەی شەش مانگە داخراوە و بڕیارە مانگی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی دیکە بۆ کردنەوەی ئەو دەروازەیە ئەنجام بدرێ و، ئەگەر ئەمجارەش ڕووسیە ڤیتۆی بکا، ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان تووشی دۆخێکی خراپ و نەخوازراو دەبن.
پێشتر هاوکاری دەرمانی و پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکان لەو دەروازەوە دەچوونە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام ئێستا ئەم پێداویستییە پزیشکیانەش ناگەن و ئەمەش گرفتێکی گەورەی پێکهێناوە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاند کە لە ڕۆژئاوای کوردستان یەک میلیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاریی خێرای مرۆیی هەیە.
بەهۆی سیاسەتی دەوڵەتان و گوشار خستنەسەر خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕووسیە ئیزن نادات ئەو دەروازەیە بکرێتەوە. داخستنی ئەو دەروازەیە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوەکانی دیکەی مافی مرۆڤی بۆ ئاوارەکانی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی لەگەڵ گرفتێکی گەورە بەرەوڕوو کردۆتەوە.
بەهۆی هێرشی داعش و دەوڵەتی تورکیە بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان سەدان هەزار کەس شار و گوندەکانیان وێران کراون، یا بەهۆی شەڕەوە دەربەدەر و ئاوارە بوون و لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان ژیانێکی سەخت بەسەر دەبەن و سیاسەت و ململانێی دەوڵەتانیش بۆتە گرفتێکی گەورە لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک و پێویستییان بە هاوکاری خێرای مرۆیی هەیە.