“عەزیز قادری”، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد.
بە پێی هەواڵ گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ۳۱ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات بە ناوی ”عەزیز قادری” ناسراو بە ”کوێخا عەزیز” خەڵکی گوندی ”بۆڕیەر” سەر بە ناوچەی ژاوەرۆ، لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی لە شاری سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک ”عەزیز قادری” هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە تێکەڵ بە ڕیزی حیزبی دێموکرات دەبێ و بەوپەڕی دڵسۆزی و فیداکارییەوە خەباتی کرد و وەک پێشمەرگەیەکی جێی متمانە ئەرکی پێ ئەسپێردراوی حیزبی بە باشی بە ڕێوە دەبرد.
“کوێخا عەزیز” چەند ساڵێک لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا درێژەی بە حیزبی و خەبات بۆ نەتەوەکەی دا، بەڵام دواتر بەهۆی هێندێک گرفتی ژیانی بنەماڵەیی، بە ناچاری و لەسەر ئیجازەی حیزب دەگەڕێتەوە نێوخۆ و تا دوا ساتەکانی ژیانی وەک کەسێکی دڵسۆز و وەفادار بە حیزب مایەوە و پێوەندیی لەگەڵ حیزب نەپچڕاند.
جێی ئاماژەیە، تەرمی کاک ”عەزیز” لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە، لە گۆڕستانی گوندی بۆڕیەر بە خاک سپێردرا.
لە لایەن ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی کاک عەزیز و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.