یەکگرتنەوەی دوو لایەنی حیزبی دێموکڕات ساڵانێکە باس و بابەتی دڵسۆزان و خەمخۆرانی تەبایی و یەکڕیزییە.
دوای کۆنگرەی سێزدەهەمی حیزبی دێموکڕات و کێشە و ناکۆکی و لەتبوونی حیزب، دڵسۆزان و خەمخۆرانی ئەم حیزبە بەشێوەی جۆراوجۆر لە ڕێگەی پێکهێنانی کەمپەین و نووسینی نامە و سەردان و داواکاریی، خوازیاری وەسەریەک کەوتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکڕات بوون و لەم ساڵانەدا دەیان کۆبوونەوەی جۆراوجۆر لە نێوان ئەم دوو لایەنەدا ئەنجام دراوە، بەڵام تا ئێستاش بە ئاکامێکی دڵخواز و کردەیی نەگەیشتوون.
لەم ڕۆژانەدا بەڕێز مامۆستا “عەبدوڵڵا حەسەنزادە” کەسایەتیی ناسراو و سیمای دیاری نێو بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلەکەمان و یەکێک لە ڕێبەرانی ناوداری حیزبی دێموکڕات، داواکارییەکی ڕوو بە ڕێبەرایەتی دوو لایەنی دێموکڕات بڵاو کردەوە و داوای کردبوو بۆ بەرژەوەندی گەل و یەکڕیزی و تەبایی نێوماڵی کورد، حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران کێشە و ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و یووبیلی ئەڵماسی حیزبی دێموکڕات واتە جێژنی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکڕات بکەنە مزگێنی یەکگرتنەوە بۆ خەڵکی کوردستان و ئۆگرانی حیزبی دێموکڕات.
دوای بلاوبوونەوەی داواکارییەکەی بەڕێز مامۆستا حەسەنزادە، بەرپرسانی هەردوو لایەنی دێموکرات لە مێدیاکاندا ڕاوبۆچوونی خۆیان لەو بارەوە دەربڕی و ئەندامانی هەردوولا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا خۆشحاڵی خۆیان لە دەسپێکردنەوەی گەڕێکی دیکەی وتووێژەکان ڕاگەیاند.
تێکۆشەری سیاسی و ئەندامی پێشووی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکڕات بەڕێز “بابا عەلی میهرپەروەر” یەکێک لەو دڵسۆزانەیە کە ساڵانێکە لەو ڕێگەیەدا خەمخۆرانە هەوڵ دەدا و ئەویش لە پەیامێکدا خۆشحاڵی و ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەری ئەم پرۆسەیە ڕاگەیاندووە.
بێگۆمان خۆشەویستی و جێگە و پێگەی حیزبی دێموکڕات لەنێو گەلی کورد و خەباتی مافخوازانەی ئەم گەلەدا، بۆتە هۆی ئەوەی کە خەڵک بە سەرکەوتنەکانی خۆشحاڵ و بە دابڕان و کارەسات و ڕووداوەکانی پێوەندیدار بەم حیزبەوە نیگەران بن. حیزبی دێموکڕات خاوەنی دەیان ساڵ خەباتی پر لە شانازی، دامەزرێنەری کۆمار و خاوەنی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان و شەهیدانی سەرکردەی وەک سەرۆک کۆماری یەکەمین حکوومەتی کوردستان و دوکتۆر قاسملوو و دوکتۆر شەڕەفکەندی و هەزاران شەهیدە کە ئەوەش بۆ هێز و توانا و گەورەیی حیزبی دێموکڕات دەگەڕێتەوە، هەر بەم بۆنەوە خەڵکی کورد چاوەڕوانن تا حیزبێکی تەبا و یەکگرتوو لە مەیداندا ببینن و هەموو بە یەکەوە دژ بە دوژمنانی گەلەکەمان درێژە بە خەبات بدەن.