وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، زانیارییەكانی هەواڵگری عێراق لەبارەی دەسبەسەرکردنی “عەبدولناسر قارداش”، سەركردەی داعش ڕەت دەکاتەوە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ” سکای نیوز” وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا “پێنتاگۆن”، هەواڵی دەستگیرکردنی عەبدولناسر قارداشی ڕەت کردەوە کە یەکێک بوو لەو کەسانەی بۆ جێگرتنەوەی “ئەبوبەکر بەغدادی” خەلیفەی داعش، ناوی دەهێنرا.
لەلایەكی دیكەوە ھێزەكانی سووریەی دێموكرات (ھەسەدە) ڕەتی كردەوە كە ئەو كەسە بۆ جێگرەوەی بەغدادی ناوی ھەبووبێت، بەڵكو قارداشی لە شەڕی كۆنترۆڵ كردنەوەی باغۆز لە لایەن ھێزەكانیانەوە دەستگیر كراوە.
شایانی باسە کە ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، دەزگای هەواڵگریی عێراق، دەستگیركردنی قارداشی ڕاگەیاند، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر ئاشكرا بكات. دواتر ڕاگەیەندراوێكی دیكەی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە كرد، ئێستا قارداش لە دەستی ئەوان دایە و بە ھاوكاری ھێزەكانی سووریای دێموكرات دەسبەسەریان كردوە.