ئەنجامی توێژینەوەی زانایان و بیرمەندانی ئەمریکایی دەریدەخات کە گەرم بوونی کەش و هەوا بە تەنیایی ناتوانێ کۆتایی بە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بێنێ.
بە پێی لێکۆڵینەوەی بیرمەندانی زانستگەی “پرینستون” کە ئەنجامەکەی لە حەوتوونامەی “ساینس” بڵاو بۆتەوە، بڵاو بوونەوەی جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا تا ئاستێک پێوەندی بە ساردبوونی کەش و هەوا هەیە، بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نییە گەرمای هاوین بتوانێ ڕێگری لە بڵاو بوونەوەی ڤایروسەکە بکات.
ئەو بیرمەندانە ئەوەیان ڕەت نەکردۆتەوە کە کەش و هەوا کاریگەری لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە، بەڵام گووتویانە کاریگەریەکە ئەوەندە نییە ڕێگری لە بڵاو بوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە بکات.
ئەو توێژەرانە ئەوەیان ڕوون کردۆتەوە کە کۆڕۆنا لە هەموو کەش و هەوایەکدا زۆر خێرا بڵاو دەبێتەوە و تەنیا لە کاتێکدا ئەو ڤایرۆسە دەبێ بە ڤایرۆسێکی وەرزی کە بەشێکی زۆری حەشیمەتەکە تووشی بووبن.