پاش بڵاوبوونەوەی پۆستێرێک لە لاپەڕەی تویتێری “عەلی خامنەیی” کە دروشمی ” ڕێگای کۆتایی” تێدا نووسرابوو، بەواتای سڕینەوەی ئیسرائیل و جووەکانی دنیایە و وەبیرهێنەرەوەی کوشتاری جووەکانە بەدەستی نازییەکانی ئاڵمان، کاردانەوەی جیاجیای لێکەوتەوە و جارێکی دیکە هێرشەکان بۆ سەر خامنەیی دەستی پێکردەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا “مایک پۆمپێئۆ” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا نووسی کە گوتە ڕەگەزپەرەستانە و قێزەونەکانی خامنەیی لەو گوتانەن کە نابێ بە هیچ شێوەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شوێنە گشتییەکاندا باس بکرێن، ئەو قسانە وەبیرهێنەرەوەی قڕکردنی جووەکانن لە لایەن ئاڵمانەوە و ئێمە ئەوە دەزانین کە قسەکانی خامنەیی قسەی خەڵکی ئێران نین.
هەروەها “بنیامین ناتانیاهو” سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەوانەی هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیل دەکەن خۆیان بۆ سڕینەوە و لە نێوچوونی خۆیان ئامادە بکەن.
شایانی باسە کە دوابەدوای هێرشەکان بۆسەر خامنەیی لە هەموو لایەکی جیهانەوە خامنەیی ناچار بوو کە بڵێ مەبەستی من تەنیا حکوومەتی ئیسرائیلە نەک جووەکان.
جێگای ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لەسەرەتاوە هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیل دەکا، بەڵام ناوێرێ تەنانەت وڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر سپای قودس لە سووریە بداتەوە.