ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای لە شورای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بەدواداچوون بۆکوشتنی خەڵکی ئێران لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بکا.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی وێڕای ئاماژە بەوەیکە فەرماندە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دەستیان لە کوشتنی خەڵکی بێتاوانی ئێراندا هەیە بە هیچ چەشنێک لێپرسینەوەیان لێناکرێ و لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پارێزراون، داوای لە شورای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بەدواداچوون بۆ کەیسی کوشتنی خەڵکی بێتاوانی ئێران بکرێ کە لە مانگی خەزەڵوەردا لە لایەن هێزە ئینتیزامییەکان و سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە کوژراون و تاوانباران سزا بدرێن.
ئەو ڕێکخراوە هەروەها لە درێژەی نامەکەیدا ئاماژە بە ناوی ٣٠٤ کەس لە منداڵ و ژن و پیاو دەکا کە بە دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لەدەستداوە و دەڵێ ئەو هێزانە بە ئامانجی کوشتنی خۆپێشاندەران سەر و سینگی خەڵکیان کردۆتە ئامانج و تاوانی دژە مرۆڤانەیان ئەنجام داوە و، کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای ٦ مانگ هێشتا ئاماری کوژراو بریندار و دەسبەسەرکراوانی ڕانەگەیاندووە .
شایانی باسە کە لە خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاویدا زیاتر لە ١٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و هەزارن کەس بریندار یان دەسبەسەرکراون و بەشێکیان تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.