Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
شه‌ممه ۱۷ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۹ | 06/06/2020 | کاتژمێر:
ئەدەب

هونەری ناڕازیی هۆنراوەکانی “هادی یەزدانی”

21/05/2020 | 01:48:18
+A
-A
هەردی سەلیمی

یەکێک لە دەرهاویشتەکانی دەسەڵاتە تۆتالیتێرەکان، سەرهەڵدانی هونەری ناڕەزایەتی‌دەربڕە. ئەم جۆرە لە دەسەڵاتانە بەباشی ئاگاداری کاریگەریی بەرچاوی هونەر لەسەر هەست و نەست و چۆنیەتیی بیرکردنەوەی مرۆڤەکان و بە دوای ئەودا ئاکاریانن؛ هەر بۆیە بە شێوەیەکی تەواو سیستماتیک هەوڵی دەست‌بەسەردا گرتنی دەدەن و لەم سۆنگەیەوە هەموو ناونیشان و سەرچاوەی دەست‌پێڕاگەیشتنەکان دەبەنەوە لای خۆیان. کۆماری ئیسلامیش کە دەسەڵاتێکی ئیدئۆلۆگە بەدەر لەم ڕێسایە نییە بە تایبەت بە سەرنجدان بەوەی کە هەر دوو ڕێبەری ئەم ڕێژیمە جیا لە پێگەی ئایینییان ئیدعای ئەدیب‌بوون و هۆگری بە ئەدەبیات و بە تایبەت شێعریان –وەک لکێک لە لکەکانی هونەر کە مەبەستی ئەم بابەتەشە- هەبووە و هەیە.

لێرەدایە کە ڕۆڵی هونەرمەندانی سەربەست و دەروەست خۆ دەردەخا، ئەرکی سەر شانی ئەم هونەرمەندانە تێراو کردنی ڕۆحی توونیی ئەو کەسانەیە کە بە دەم بانگەوازی دەسەڵاتەوە ناچن و لەوەش دەگەڕێن دەرد و ئازارەکانیان لە شوێنێکدا بنوێندرێ. بێجگە لەوەی کە هەست بە پێویستیی ڕەنگدانەوەی ئازارەکانی ئەو کەسانە دەکرێ و پێویستیشە هونەرمەندان لەم حەز و پێویستییە تێبگەن و لە باشترین و گونجاوترین کاتدا پەیامە تاکییەکان بە گشتی بکەن. سەرەکیترین بنەمای بەدیهاتنی کارە هونەرییەکانیان ناڕەزایەتی لە دۆخی ئاراییە، بە بۆنەی ئەوەشەوە کە بەرەوڕووی سیستمێکی داخراون؛ بە ناچار دەبێ بۆ دەورلێدانەوەی سانسۆر و زەبروزەنگەکان پەنا ببردرێتە بەر سەمبولەکان. هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا ئێمە شایەدی ئەوە بووین کە هونەرمەندان لە ئێران بە ڕاشکاوی و ڕاستەوخۆییەکی بوێرانەتر لە پێشوو هەستی خۆیان دەربڕیوە.

هونەری ناڕازی بە تایبەت لە جۆری شێعرییەکەی هەڵگری چەند تایبەتمەندیی دیاری وەک ناڕەازیەتی‌دەربڕین بەدژی زوڵم و زۆر، نافەرمانی لە بەرامبەر ڕێسا زاڵەکان، باس لە دەرد و ئازاری مرۆڤ، هەست بە پێویستیی گۆڕانی دۆخ، وشیارکردنەوەی خەڵک، هاندانی هەر ئەو خەڵکانە بەرەو خولقانی گۆڕانکاریی بنەڕەتییە. لەم بەشەدا شاعیران ناونیشانی شاری ئاواتەکانی خۆیان کە لەوێدا هیچ باسێک لە ناعەداڵەتی، زوڵم‌وزۆر، گرتن و کوشتن و … نییە، بە خوێنەر و بەردەنگەکانی خۆیان دەدەن و، بۆ گەیشتن بەم شوێنە کە پڕاوپڕ لە ئاسایش و ئارامشە تووی سەرهەڵدان و هیوا لە خاکەکەیدا دەچەنێنن و، هەڵگرتنەوەی بەرهەمەکەشی دەسپێرن بە خەڵکانی هەڵوەدای ئازادی و یەکسانی.

بەم پێشەکییەوە دەمەوێ چەند پارچە شێعرێکی شاعیری تازە کۆچ کردوو «هادی یەزدانی» بێنمەوە کە بە بوێرانەترین شێوە ڕەخنەی لە ئاکارەکانی کۆماری ئیسلامی گرتوە:

لە شێعری «چراغی کە خورشید می‌ستود»دا کە نزیک بە ساڵێک لەمەوبەر و بە بۆنەی ساڵڕۆژی تێرۆری شەهید دوکتور قاسملوو هۆنیویەتی، لە پێشەکییە کورتەکەیدا پێشکەشی کردوە بە «دوکتور کە ئەم ڕۆژانە نەبوونی، ناخۆشتر لە هەر کاتێکی ترە»؛ بە داخەوە هەر لەم کورتە دێڕەدا ڕاستییەکی تاڵمان وەبیر دێنێتەوە و لەوە ئاگادارمان دەکاتەوە کەسایەتییەکی گەورەتر لە ئاستی بیرکردنەوەمانمان لەدەست داوە. ناوی شێعرەکەش کە ڕوونە و هێمای ڕووناکایی ئەم تاریکە ڕێیەی خەباتی چەندین ساڵەی گەلی کوردە. لە بەشی دووەمی شێعرەکەیدا ئاماژە بە دووربینیی دوکتور قاسملوو و ئاستی نزمی تێگەیشتنی زۆر یەک لە ڕۆڵگێڕانی ئەو کاتی گۆڕەپانی سیاسەتی ئەم وڵاتە دەکا و لە زمانی ئەوەوە پرسیار دەکا «سەفەری دێموکراسی بە نەعلەین* کوا دەبێ؟! دانیشتنی مینبەر و وتووێژ لە کوێدا هاتوە؟!» لە درێژەیدا باسەکە دێنێتەوە سەر ڕووناکاییەکە و بە بەکاربردنی هێمای چرا و خۆر و، هێمای شەمشەکوێرە و کەمتیار و قەلەڕەشەش بۆ دوژمنانی و هەروەها لە دوایین بەشیشدا بە پێناسەی یار و هاوڕێی گەل، پێگەی ڕاستەقینەی دوکتور قاسملوو دەردەخا.

شێعرەکانی ئەم دواییانەی «هادی یەزدانی» ڕوو لە دەرد و ئازارە دیارەکانی کۆمەڵگە بوو و، لەسەر هەر کام لە ڕووداوەکان هەڵوێستێکی نواندوە. لە ڕاستییدا لەم ژانرە لە شێعر وشە، چەکی پڕبایەخی شاعیر و گەورەترین سەرمایەیەکە کە دەتوانێ لەدەستیدا هەبێ. هادی یەزدانی لەم دەورە لە شێعرەکانیدا کەمتر ڕووداوێکی دیار و دڵتەزێنی ئێران هەیە کە باسی لێ نەکردبێ و خەمێکی لێ نەخواردبێ؛ سفرەی ڕازاوە و ڕەنگینی ئاغا و ئاغازاکان و دەستی بەتاڵ و تەزیو و گیانی لە خوێن هەڵکشاوی کۆڵبەرانی سەر سنوور، بۆنی بێنزین و بارووت و خوێن و گۆشتی گیانبەختکردووانی خەزەڵوەر، «ماسییە ڕەشە بچکۆلەکان»ـی سەدی قشڵاخی سنە کە هەڵوەدای گەیشتن بە دەریا بوون، ئەو ئازادی لە چوارچێوەی ناو و ئیرادەی بیست و پێنج ساڵ خۆڕاگریی «محەممەد نەزەری»، مافخوازیی «محەممەد حەبیبی»، مانگرتنەکانی «سمایل بەخشی» و «سپێدە قولیاندا» دەبینێتەوە و، جاری واش هەیە لە بەژنی کورت و ئیرادەی بەرز و قەندیلیی «زارا محەممەدی»ـدا بەدیی دەکا.

لە «دوایین ڕاپۆرت»ـیدا دۆخی جیهان خراپتر لەوە دەبینێ کە هەواڵ و ڕاپۆرتی لەسەر بڵاو بکاتەوە و ئەم خراپییە ئەوەندە کاریگەر بووە لەسەر حاڵەتی دەروونیی کە پێکەنینیش کۆچی کردوە لەسەر لێوی و ڕادەسپێرێ ڕادیۆکە بکوژێننەوە با گوێیان لێ نەبێ؛ بەڵام سەرەڕای هەموو ناخۆشی و خراپییەکانیش بەردەنگی دڵنیا دەکاتەوە کە هیچ کات گوێی لە وشەیەکی هیوابڕاوانە لە زمانی ئەمەوە نابێ و هیوای بە گۆڕان هەر ماوە.

***

* جۆرە سەرپاییەک کە زیاتر مەلایانی شێعە لە پێی دەکەن.