Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۲ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۹ | 12/08/2020 | کاتژمێر:
سیاسی

لە دیکتاتۆرییەوە تا دێموکراسی

21/05/2020 | 01:04:36
+A
-A
و: مەنسوور مروەتی

لە دیکتاتۆرییەوە تا دێموکراسی

(ڕووبەڕوو بوونەوەی واقعبینانە لەگەڵ دیکتاتۆرەکان)

 

جین شارپ

و: مەنسوور مروەتی

 

لە دیکتاتۆرییەوە تا دێموکراسی ناوی توێژینەوەیەکی “جین شارپ”، بیرمەندی ناوداری بواری خەباتی مەدەنی و ناتوندوتیژە. شارپ ساڵی ١٩٢٨ لە ئۆهایۆی ئامریکا لەدایک بووە، دوکتۆرای فەلسەفەی سیاسیی بووە و جیا لە مامۆستایەتی لە زانکۆکانی ئامریکا، بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر خەباتی ناتوندوتیژ سەردانی زۆر وڵاتی کردوە و تەنانەت زۆر جاریش بۆ پەروەردەکردنی خەڵک سەری لە وڵاتانی دیکتاتۆرلێدراو هەڵێناوە و لەوە گرینگتر لە چەند وڵاتێک خۆی گەیاندووەتە ریزی پێشەوەی ناڕازییان و تێکەڵ بە خەڵکی ئازادیخوازی ئەو وڵاتانە بووە. کاکڵی ئیدەکانی جین شارپ ئەوەیە کە “دیکتاتۆرەکان هێزی سەرەکیی خۆیان لە گوێڕایەڵی و ملکەچیی خەڵکەوە وەدەست دێنن، ئەگەر خەڵک ئاوا ملکەچ و گوێڕایەڵی دەسەڵاتداران نەبن دەتوانن دیکتاتۆرەکان بەچۆکدا بێنن یان دەنا مەجبوور بە ئاڵوگۆڕیان بکەن.”

شارپ ئەگەرچی هیچکات سەردانی ئێرانی نەکردوە و لە نزیکەوە ئاگای لە دیکتاتۆریەتی ئێرانی نەبووە، بەڵام ناوی و “ماکس وێبر” لە کاتی دادگایی‌کردنە مەشهوورەکەی دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی پاش هەڵبژاردنەکانی ١٣٨٨ لە ئێران کەوتە سەر زاران و حکوومەت و دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەرکراوانییان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە کاریان بە تیۆرییەکانی جین شارپ کردوە و ناوبراویان بە داڕێژەری ڕووداوەکانی پاش هەڵبژاردنەکانی ٨٨ زانی، ئیدیعا و تۆمەتێک کە شارپ هیچ کات نەیگرتە ئەستۆ و لە کاردانەوە بەو تۆمەتەی کۆماری ئیسلامی گوتی: “من هیچکات بە خەڵکی ئێرانم نەوتوە چی بکەن و چی نەکەن. ئەوە ئەوانن کەڵک لە بیرۆکەکانی من وەردەگرن و ئاساییشە کە دەسەڵاتی ئیدئۆلۆژیک و دیکتاتۆری ئێران ئەوەی پێ ناخۆشە.”

جین شارپ دوو ساڵ لەوەپێش (٢٠١٨) لە ئامریکا کۆچی دوایی کرد، بەڵام بیرۆکە و تیۆرییەکانی ئەو چ ئێستا و چ لە چەند دەیەی ڕابردوودا ئیلهامدەر و ڕێنیشاندەری بە چۆکداهێنان و ئاڵوگۆڕ لە چەندین وڵاتی دیکتاتۆرلێدراودا بووە.

ڕووبەڕوو بوونەوەی واقعبینانە لەگەڵ دیکتاتۆرەکان

لەم ساڵانەی ڕابردوودا زۆرێک لە دیکتاتۆرەکان بە ڕیشەی نێوخۆیی یا دەرەکی لە بەرانبەر خەباتی ڕێکخراوی خەڵکدا ڕووخاون یا لەرزۆک بوون. تەنانەت دیتراوە دیکتاتۆرە زۆر بەهێزەکانیش کە بەڕواڵەت کەلێنیان تێ نەدەکەوت و خاوەنی زۆرترین هێز بۆ پاراستنی خۆیان بوون، لە بەرانبەر خەباتی ئاشتیخوازانەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی خەڵکدا بە چۆکدا هاتن.

لە دەیەی ١٩٨٠ بەملاوە زۆر دیکتاتۆر لە وڵاتانی ئێستوونی، لاتوویا، لیتوانی، لەهستان، ئاڵمانی ڕۆژهەڵات، چێکۆسلواکی، ئیسلوونی، ماداگاسکار، مالی، بولیوی و فیلیپین لە بەرانبەر بزووتنەوەی ئاشتیخوازانە و ناتوندوتیژی خەڵکدا ڕووخان.

خەباتی ناتوندوتیژ لە نپاڵ، زامبیا، کورەی باشوور، شیلی، ئارژانتین، هائیتی، برزیل، ئۆرۆگوا، تایلەند، بولغارستان، مەجارستان، نیجریە و بەشێکی زۆر لە وڵاتە تازە سەربەخۆکانی سۆڤیەتی پێشووش یارمەتیی بە پێشوەچوونی بزووتنەوە دێموکراسیخوازەکان داوە.

سەرەڕای ئەمانە لەم ساڵانەی دواییدا چەشنێک خەباتی جەماوەری لە چین، برێمە و تەبەت دەستی پێکردوە کە هەرچەندە بەتەواوی سەرنەکەوتوە و نەبووەتە هۆی ڕووخانی دیکتاتۆر یان داگیرکەرانی ئەو وڵاتانە، بەڵام هەر نەبێ ڕواڵەتی بێبەزەییانەی ئەم ڕێژیمە سەرکوتکەرانەی خستە بەرچاوی هەموو جیهان و لە هەمان کاتدا ئەزموونێکی پڕبایەخیان لە خەباتی ناتوندوتیژ بە هەموو جیهان نیشان دا.

بێگومان ڕووخانی دیکتاتۆری لەو وڵاتانەی باسمان کرد هەموو کێشەکانی چارەسەر نەکردوە. هەژاری و تاوانکاری، ناکارامەیی و برۆکراسی و تێکدانی ژینگە وەکوو میراتی ئەو دیکتاتۆرە ئاژەڵ‌سیفەتانە بەجێ ماوە. بەڵام بەهەرحاڵ ڕووخانی ئەم حکوومەتانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکێک کە تا ئەوڕۆ چەوسێنراونەتەوە، ڕێگەخۆشکەرە بۆ دێموکراسیی زیاتر و ئازادیی تاکەکەسیی زۆرتر و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی بەربڵاوتر.

 

کێشەیەکی هەمیشەیی

لە چەند دەیەی ڕابروودا مەیل بۆ ئازادی لە هەموو کۆمەڵگەکاندا و هەوڵ بۆ وەدەستهێنانی ئازادی لە جیهاندا زیاتر لە جاران پەرەی ئەستاندوە.

بەپێی ئاماری “ماڵی ئازادی” کە هەموو ساڵێ لێکۆڵینەوەیەک لە سەر دۆخی مافە سیاسی و ئازادیە مەدەنییەکان لە هەموو جیهاندا دەکا، وڵاتان بەمجۆرە پۆلێنبەندی دەکا.

لە ساڵی ١٩٨٣دا  ٥٥ وڵات کراوە، ٧٦ وڵات نیمچە کراوە و ٦٣ وڵات داخراو بوون. بەڵام لە ساڵی ١٩٩٣دا ٧٥ وڵات کراوە، ٧٣ وڵات نیمچەکراوە و تەنیا ٣٨ وڵات داخراو ماونەتەوە. وەک دەبینین وڵاتە ئازاد و کراوەکان بەردەوام زیاتر بوون.

ئەم ڕەوتە دڵخۆشکەرە بە لێکدانەوەی بەشێک لە حەشیمەتی جیهان کە لە ژێر دەسەڵاتیی دیکتاتۆریدا دەژین باشتر خۆی نیشان دەدا.

لە ژانویەی ١٩٩٣دا ٣١% لە حەشیمەتی زیاتر لە 5 میلیارد کەسیی جیهان لەو وڵاتانەدا دەژیان کە لەم ریزبەندیەدا لە ڕیزی وڵاتانی نیمچەکراوەدا هەژمار دەکرێن، یانێ لەو وڵاتانەی کە ئازادییە سیاسیەکان زۆر بەرتەسکە و ئازادییە مەدنییەکان پێشێل دەکرێن. ئەم ٣٨ وڵات و ١٢ ناوچەیەی کە بە نیمچەکراوە دەناسرێن ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریی سەربازی وەک (برێمە و سوودان)، پاشایەتیی نەریتخوازی سەرکوتکەر وەکوو (عەرەبستانی سعوودی و بۆتان)، حیزبی بەهێزی دەسەڵاتدار وەکوو(چین، عێراق و کورەی باکوور)، داگیرکەرانی بیانی وەکوو (تبێت و تیمووری ڕۆژهەڵات) و حکوومەتە کاتییەکان لە خۆ دەگرن.*

لە ڕۆژی ئەوڕۆدا زۆرێک لە وڵاتان خەرێکی گۆڕانکاریی خێرای ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسین. هەرچەندە ڕێژەی وڵاتانی کراوە لەم چەند دەیەی ڕابردوودا زیادی کردوە بەڵام هەمیشە ئەم نیگەرانییە هەیە کە لە ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییانەدا هەندێ ناوچە ڕێگای پێچەوانە بگرنە بەر و تووشی جۆرێکی نوێ لە دیکتاتۆری ببنەوە.

 

گرووپە چەکدارەکان، کەسانی حەز لە کورسیی دەسەڵات و ئەو گرووپە سیاسییانەی خاوەن ئیدئۆلۆژییەکی تایبەتن، هەمیشە هەوڵ دەدەن بیروباوەڕ و داخوازییەکانی خۆیان بەسەر خەڵکی دیکەدا بسەپێنن. کوودەتا هەمیشە ڕووی داوە و لە داهاتووشدا هەر ڕوو دەدا. زۆرێک لە خەڵک هێشتا مافە بنەڕەتیەکانیان پێشێل دەکرێ و مافی بەشداری لە چالاکییە سیاسییەکانیان پێ‌ نادرێ و لە داهاتووشدا لێیان زەوت دەکرێ.

بەداخەوە هێشتا دەستمان لە ڕابردوو بەرنەداوە و کێشەی دیکتاتۆری قووڵ و ڕیشەییە. زۆرێک لە وڵاتان چەندین دەیە و تەنانەت چەند سەدە بە دەستی دەسەڵاتە ستەمکارەکانەوە چەوساونەتەوە. هەمیشە هەوڵ دراوە کە خەڵک خوو بە گوێڕایەڵیی بێ ئەملاولای ڕێبەران و دەسەڵاتداران بگرن.

لە حاڵەتی جددیتردا ڕێکخراوەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و تەنانەت ئایینییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت لاواز کراون و تەنانەت خراونەتە ژێر ڕکێفی دەسەڵات و لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە حکوومەتییانەی کە ئەرکیان کۆنترۆڵی کۆمەڵگەیە جێگۆڕکێیان پێکراوە. خەڵک لەم حکوومەتانەدا ئەتۆمیزە کراون، (لە یەکتریان هەڵبڕاندوون) بە جۆرێک کە نەیانتوانیوە متمانە بە یەکتر بکەن و تەنانەت بە حەز و دەسپێشخەریی خۆیان هەنگاوێک هەڵبگرن.

ئاکامەکەی پیشبینیکراوە، خەڵک متمانەیان بە خۆیان نامێنێ و هێزی بەرەنگارییان تێدا دەمرێ. خەڵک هێندە دەترسێن کە ناتوانن بێزاریی خۆیان لە دیکتاتۆر و تینوێتییان بۆ ئازادی، تەنانەت لای کەسوکار و نزیکانی خۆیان باس بکەن. خەڵک ناوێرن بیر لە بەرەنگارییەکی گشتگیر بکەنەوە و دەڵێن “مەگەر بەرەنگاری ئاکامێکی هەیە؟” خەڵک لە جیاتی بیرکردنەوە لەو پرسیارە پێیان باشترە بە کۆڵەمەرگی و بێهیوایی بە داهاتوو درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن.

لە ڕۆژی ئەوڕودا ژیان و گوزەرانی خەڵک لە ڕێژیمە دیکتاتۆرەکاندا تەنانەت خراپتر لە ڕابردوویە. لە ڕابردوودا بەشێک لە خەڵک هەندێ جموجووڵیان دەکرد و جارجارە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانێکیان وەڕی دەخست، دەڵێی هەناسەیەکی نوێیان وەبەر هاتبۆوە. لە کاتی دیکەدا کەسانی سەربەخۆ یا گرووپە چووکەکان بۆ پشتگیری یا بانگەوازی بیروباوەڕی خۆیان بە شێوەی ڕواڵەتییش بوایە هەندێ جووڵەی بوێرانە بەڵام بێ‌دەسکەوتیان دەکرد. ئەم چالاکییانە هەرچەند ڕەسەن و پڕشکۆ بوو، بەڵام بۆ سەرکەوتن بەسەر ترسی خەڵک و زاڵبوونیان بەسەر خووی گوێڕایەڵیی ئەوان بۆ دەسەڵات (دوو مەرجی بنەڕەتی لە خەبات دژی دیکتاتۆری) کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبوو. ئەم جموجۆڵانە نەک نەدەبوونە هۆی سەرکەوتن و تەنانەت هیچ هیوایەکیشیان لە دڵی خەڵکدا دروست نەدەکرد، بەپێچەوانە، بەداخەوە لە هەندێ کاتیشدا دەبوونە هۆی کوشتن و بڕێن و فشاری زیاتر بۆ سەر خەڵک.

 

ئازادی لە ڕێگای توندوتیژییەوە

ئێستا پرسیار ئەوەیە لەم دۆخەدا دەبێ چی بکرێ؟

ئەو ڕێگاچارانەی لە یەکەم هەنگاودا بیرت بۆ دەچێ بەکەڵک نایەن. یاسای بنەڕەتی، یاسای دادوەری و ڕای گشتی زۆر بەئاسانی لە لایەن دیکتاتۆرەکانەوە پشتگوێ دەخرێن.

مرۆڤ بە دیتنی ئەو هەموو بێ بەزەیی و شکەنجە و بێسەرو شوێن کردن و کوشتنانە بەو ئاکامە دەگات کە تەنیا توندوتیژی دەتوانێ کۆتایی بە دیکتاتۆرەکان بێنێ. قوربانیانی تووڕەی دەستی توندوتیژییەکان و نیزیکانیان هەندێ جار سەرەڕای دیتنی ناهاوسەنگی، هەوڵ دەدەن بە کۆکردنەوە و ڕێکخستنی هێزەکانی دژبەری دەوڵەت و پڕچەک کردنیان بە هەموو توانایان دژی دیکتاتۆر خەبات بکەن. ئەم خەڵکانە بە ئازایەتییەوە و بە سەروماڵەوە خەبات دەکەن و تێچووی زۆریش دەدەن.

گەورەیی ئەم خەڵکە بێوێنەیە بەڵام ئەوەی دەیکەن هیچکات ئازادیی لێ بەرهەم نایە. ئەم شۆڕشە توندوتیژانە تەنیا دەست بە پەلەپیتکەی دیکتاتۆردا دێنن بۆ سەرکوتی زیاتر و دوایە خەڵک لە بێدەرەتانیدا بەجێ دەهێڵن.

بە هەر شێوەیەک کە چاو لە خەباتی توندوتیژ بکەین یەک شت بەڕوونی دیارە. ئەگەر خەباتی توندوتیژ هەڵبژێرین ئەوە پێمان لە گۆڕەپانێک ناوە کە دیکتاتۆرەکان تێیدا باڵادەستن. دیکتاتۆرەکان هەمیشە خۆیان بۆ بەکارهێنانی توندوتیژییەکی لە ڕادەبەدەر ئامادە کردوە. دێموکراتەکان هەرچەندە خۆڕابگرن لە کۆتاییدا مەجبوور دەبن لە بەرانبەر ڕاستیەکانی توندوتیژیی سەربازیدا بەچۆکدا بێن. دیکتاتۆرەکان هەمیشە لە ڕەقامێری جەنگی، چەکوچۆڵ، کەرەسەی ڕاگواستن و ڕادەی هێزی سەربازیدا باڵا دەستن.  ئازادیخوازانیش سەڕای بیروباوەڕ و ئیرادەی پتەویان هیچکات شانسی سەرکەوتنیان نییە.

کاتێ کە شۆڕشە ڕزگاریخوازییە نەریتی و چەکدارییەکان کەڵکیان نامێنێ، هەندێک لە دژبەران پێداگری لەسەر خەباتی پارتیزانی دەکەن. بەڵام شەڕی پارتیزانییش تەقریبەن هیچکات بە قازانجی خەڵکی چەوساوە نییە و بەرەو دێموکراسییان نابا. خەباتی پارتیزانی ڕێگاچارەیەکی باش نییە، بەتایبەتی لەبەرئەوەی کە زۆر جاران زەرەر و زیانێکی زۆر وە خەڵکە ئازادیخوازەکە دەکەوێ. تەنانەت کاتێکیش کە تیۆری و ستراتیژیی ورد و دەقیق لە سەر ئامانج و ئاڕمانەکانی بزووتنەوەی پارتیزانی بوونی هەبێ، یا تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەش‌ڕا پشتیوانی بکرێ، هیچ دڵنیاییەک نییە کە بزووتنەوەکە تووشی هەڵە نەبێ و بەلاڕێدا نەچێ.

شەڕە پارتیزانیەکان بەزۆری درێژخایەنن و زۆربەی کاتیش خەڵکی ئاسایی وێڕای چەرمەسەری و زیانی مرۆیی و کۆمەڵایەتی زۆر، دەوڵەت مەجبووریان دەکا ماڵوحاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن.

بزووتنەوە پارتیزانییەکان ئەگەر سەریش کەون، رژیمی نوێ بۆ تۆڵە کردنەوە لە پاشماوەکانی رژیمی پێشوو زۆر خراپتر لەوان رەفتار دەکا. ئەگەر لە کۆتاییدا پارتیزانەکان سەرکەون ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەییشتوو لەبەر گرینگیدانی زۆر بە هێزی سەربازی و لاوازی و لەبەینچوونی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتیەکان لە ماوەی خەباتدا، دیکتاتۆرانەتر لە حکوومەتی پێشوو دەجووڵێتەوە. بۆیە دژبەرانی دیکتاتۆری دەبێ بیر لە ڕێگاچارەیەکی دیکە بکەنەوە.

***

 

* ئێستا هەندێ لەو وڵاتانەی باس کراون گۆڕانکارییان تێدا ڕووی داوە. (وەرگێڕ)