Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۹ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۹ | 29/05/2020 | کاتژمێر:
ئەدەب

دەمامک بە دەممەوە گیر نابێ

04/05/2020 | 19:57:51
+A
-A

هەتا ئێستا نازانم کۆرۆنا من دەگرێتەوە یان نامگرێتەوە. ئەوەی من لە زمان زمانناسانی ئەم سەردەمەوە بیستوومە، خودی کۆرۆنا کێشەی لەسەرە و ڕەنگە هەر لە بنەڕەت‌ڕا کۆرۆنا نەبووبێت و پێشتر ناوێکی دیکەی وەک “کیژۆنا” و “کچێنا”ی لەسەر بووبێ. هەرچەند “موتەئەخرین” دەڵێن کۆڕۆنایە کە ڕاستە، بەڵام دەبێ “ۆ”ی یەکەمی بکرێت بە”و” جا  ئەوکات دەربڕینی دروست‌‌تر دەبێت. هەندێک لە زانایانی ئەم بوارەش بەتایبەت زانایانی زمانزانیی بواری ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا لەسەر ئەم بڕوایەن “کۆڕۆنا”، “کڕۆنا” و “کوڕۆنا” هیچکامیان هیچ لە کێشەکە ناگۆڕن و هەر لە بنەڕەت‌ڕا چلۆن “خوێندنەوەی بۆ دەکرێ” لەجیات “دەخوێندرێتەوە” و “پێداچوونەوەی بۆ دەکەین” لە جیات “پێیدا دەچینەوە”، کێشە ناخوڵقێنن، ئەواش هەرکام لەجۆرەکانی “کۆڕۆنا”، “کڕۆنا” و “کوڕۆنا” بقۆزییەوە هیچ تۆفیرێک چێ‌ناکا. ئەوانەی لەسەر وشەی “کوڕۆنا” کۆکن، دەڵێن ئەم وشەیە لە دوو پاژی “کوڕۆ” واتە “هۆی‌کوڕە” بەمانای بانگ‌کردن بۆ کوڕ و پاشگری “نا” پێک‌هاتووە. دەگێڕنەوە، لە سەردەمی کۆندا پەتایەک هاتووەتە ئەم کوردستانە و پیاوێک چووەتەوە ماڵێ لای هاوسەرەکەی باسی زیانەکانی پەتاکەی کردووە و ژنەش بە سەرسوڕمانەوە گوتوویەتی: “کوڕۆنا؟”

من لەگەڵ ڕاستی و ناڕاستیی ئەم بۆچوونانە کە کوڕۆنا مەبەست لە “کوڕە نا”یە یان وەک دەڵێن بە زمانی بیگانان جوققەی شایە، هیچ کێشەم نییە. کێشەی من ئەمەیە دەمامکم بۆ نابەسترێ. گۆرانییەکی فۆلکۆر دەڵێ: “خەتای من نییە کاری خودایە/ لەیلا دەوڵەمەند مەجنوون گەدایە”، منیش دەڵێم: “خەتای من نیە کاری خودایە/ دەمامک هەڵناگرێ، دەنووکم وایە.”

من بەشی زۆری کارەکانی ڕۆژانەم بە دەنووک جێبەجێ دەکەم. بە دەنووک ئاو دەخۆمەوە. بە دەنووک خواردن دەخۆم، بە دەنووک شت هەڵدەگرم، بە دەنووک دار دەکۆڵم، بە دەنووک جوچکەکانم هەڵگێڕ و وەرگێڕ دەکەم و… بە کورتی دەنووکم لە جیات دوو دەستیش کار دەکا. کەوابوو دەمامکی چی؟

دەبێ “کوڕۆنا”کەی کوردیش زۆر لە “کۆرۆناکە”ی چینی و کۆرییەکان دروستتر بێ. چونکە ئەوان ماویەکی کورتە ناوی کۆرۆنایان بۆ ڤیرووس داناوە و پێشتر ئۆتۆمبێلێک و دوای ئەویش جۆرێک ئاوەجۆیان ناونابوو کۆرۆنا. ئێستا ڕەنگە یەکێک ئاوەجۆی کۆڕۆنا بخواتەوە، سواری ئۆتۆمبێلی کۆرۆنا بێت و ڤیرووسی کۆرۆناش لەنێو سییەکانیدا بێت. ئەوکاتەیە دەڵێن لە کۆڕۆنادا گیری خواردوە. بەڵام کۆڕۆناکەی خۆمان لەجیاتی دەرد بێتەرمانە. بەتایبەت بۆ پیاوان دەرمانە. چونکە ئەگەر پیاوێکی کورد ئاوەجۆی کۆڕۆنا بخواتەوە و ژنێک پێی‌بێژێ کوڕۆنا! ڕەنگە بەم فەرمانی پارێزکردنەی ژنەکە پێکەکە یان شوشە ئاوەجۆکە دابنێتە زەوی هەڵی‌نەدات. یان ئەگەر پیاوێک بە سواری ئۆتۆمبێلی کۆرۆنا خێرا بڕوا دیسان بە فەرمانی “کوڕۆنا”ی ژنێک ڕەنگە پێی شل بکا و خێرایی ئۆتۆمبێلەکە کەم بکاتەوە. بەڵام کێشە لێرەدایە ئەگەر ژن ئەم کارانەی سەرەوە بکا و پێی ‌بگوترێ کوڕۆنا، خۆ بە هیچ شێویەک ڕاناوەستێ. ڕەنگە پێی‌وابێت هەر دەبێ پیاوان ئەم فەرمانە جێبەجێ بکەن. من کە بێ‌دەمامکم، تەواوی ئەو بیردۆزانە پووچەڵ دەکەمەوە کە دەڵێن زمانی کوردی نێر و مێ لەبەر چاو ناگرێ و بە یەک چاو دەیانبینێ. بۆیە دەڵێم ئەگەر ژنێک تووشی کێشەی کۆرۆنا جا چ ڤیرووس، چ ئۆتۆمبێل و چ ئاوەجۆکەی بێت، وشەی کوڕۆنا فریای ناکەوێ و پێویستە  وشەی “کچێ‌نا”ی بۆ دابتاشرێ. دیارە لە نێوان کچێ‌نا و ژنێ‌ناش جیاوازییەک هەیە. ئەم جیاوازییەش تەنیا بە ڕوانینی ف‌ی‌م‌ی‌ن‌ی‌ن‌ی‌س‌ت‌انەوە کێشە دروست دەکا. ئەوان پێیان‌وایە جوداکردنەوەی ژن و کچ لەگەڵ ڕێبازی فیمینیزم یەک ناگرێتەوە. ئەگەر داوا لە ڕۆژنامەنووسانی کوردیش بکەین چارەسەرێک بۆ ئەم گرفتە بدۆزنەوە، ئەوە بە “مێینە‌نا”  و “نێرینە‌نا” گرفتەکە چارەسەر دەکەن.

ئاکامی ئەم لێکدانەوەیە دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامە کە “کۆرۆنا” لە زمانی کوردیدا بە سەر دوو وشەی “مێینەنا” و “نێرینە‌نا”دا دابەش دەبێ. ئەگەر پرسیاری بێ‌هێزبوونی ڤیرووسەکەش لە نێو کورداندا لە پسپۆڕانی بوارەکە بکەن، ڕەنگە وڵامیان ئەمە بێت، چونکە ڤیرووسی کۆرۆنا لە لایەن ڕۆژنامەنوسانی ئەم سەردەمەوە بەسەر دوو پارچەی “مێینە‌نا” و “نێرینە‌نا”دا دابەش دەکرێ، توانای کاریگەریی لەسەر کۆئەندامی هەناسە دادەبزێ و لەئاکامدا دەچێته نێو سیپەلکی کوردان، بەڵام بەهۆی پارچەبوونەکەی هێزە کوشندەیەکەی لەدەست دەدا. ئەمەیە گرینگیی زمان کە هێزی ڤایرۆسی کۆرۆناش خاو دەکاتەوە.

دوای ئەوە زمانزانان گوتیان ئەگەر وشەی “مرۆنا” وەک کورتکراوەی “مرۆڤ‌نا” بۆ ئەم بابەتە دەکار بکەین، کێشەی نێوان ژنان و پیاوانیش چارەسەر دەبێت. بەڵام بۆ ئەوەی ڤیرۆسەکە بە بێ‌هێزی و پارچە کراوی بمێنێتەوە، شیکارانی نەخۆشییەکان ئەم بۆچوونەیان پووشبەسەر کرد و بێدەنگەیان لێکرد.

کاریگەریی دەمامکیش لە کۆنەوە هەستی پێ‌کراوە. بەڵام داخی داخانم من لەبەر دەنووکم دەمامکم بۆ نابەسترێ. باشە هەر پرسیار لە تۆ دەکەم، کاتێک بەم دەنووکە تیژەم نێوقەدی یەختە بییەکان دەسمم، چۆن ئەم دەمامکە پەڕۆیە بە لووتمەوە بپارێزم؟

پێش “کوڕۆنا”، “کۆڕۆنا”، “کیژۆنا”، “کچێ‌نا”، “مێینە‌نا”، “نێرینەنا” و “مرۆڤ‌نا”، هەوڵم ‌دا دەمامک ببەستم. بەڵام ئەم دەنووکە ڕەقەم کە زمانێکی بچووک و ناسک و باریک و تیژی لەخۆیدا پاراستەوە، ئیزنی نەداوە “دەمامک” بە دەممەوە بوەستێ.