Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۷ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۶| 28/05/2017 |کاتژمێر:
کۆمەڵایەتی

دژایەتیی رۆشنبیرانەی ژن

22/09/2015 | 14:01:07
shbannnshexiii
شەهابەدین شێخی

سێکسیزم یان دژایەتیی سیستماتیکی ژن لە کۆمەڵگەدا یەکێک لەو هەڵسوکەوتە سەرەکیانەیە کە لەسەر هەڵاواردنی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە بناخەڕێژ کراوە. ئەگەر ڕەیسیزم هەڵدانەوەی بنەما کولتووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی هەڵاواردنی رەگەزییە لە کۆمەڵگەدا، ئەوا فێمێنیزم بزووتنەوە و قوتابخانەیەکە بۆ دەرخستنی بنەما و ژێرخانە ئاشکرا و داپۆشراوەکانی هەڵاواردنی ڕەگەزی. واتە لە ڕەیسیزمدا لە سەر ئەو بنامایانە کار دەکرێت کە مرۆڤ بە شێوەیەکی سیستماتیک لە رێگەی کولتوور، ئایین، یاسا و دابونەریتەوە دژایەتی تاقم و گرووپێک لە کۆمەڵگە دەکات تەنیا بەهۆی ڕەنگی پێست، یان نەتەوە یان زمان و رەنگە لە بەر ئایینێکی تایبەت کە لەو کۆمەڵگەدا بە خراپ، ناشیرین، یان جاری وا هەیە نایاسایی و دژ بە ئایین ناسراوە.
سێکسیزم ڕێک هەر ئەو شیوە هەڵاواردنەیە بەڵام دژ بە تاقمێک یان گرووپێک لە مرۆڤ، تەنیا لە بەر ئەوەی کە جنسەکەی ژنە. واتە دەبێ لەبەرچاو بگرین کە فێمێنیزم بە بەرجەستەکردنەوەی چەمکی «سێکسیزم» نایەوێت کە لە توندوتیژی پیاوێک بەرانبەر بە ژنێک یان جەور و جەفای باوکێک، برایەک، شوویەک یان یارێک، دژ بە کچەکەی یان ژنەکەی یان خۆشکەکەی یان دڵدارکەی قسە بکات. بەڵکو فێمێنیزم ئەو بزووتنەوە و قوتابخانەیەیە کە بنەماکانی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا دەر دەخات و هەوڵ دەدات بەرانبەری بوەستێت.
ئەگەر مارکسیستەکان بنەمای هەموو هەڵاواردنەکانی کۆمەڵگە دەگەرەێننەوە بۆ «هەڵاواردن و شەڕی چینایەتی»، فێمێنیستەکان هەڵاواردنی ڕەگەزی بە دێرینەترین و گلۆبالترین سیستەم و بنەمای هەڵاواردنی مرۆڤ دژ بە مرۆڤ دیاری دەکەن.
دەبێ ئاماژەش بەوە بکرێت کە قوتابخانە و بزووتنەوەی فێمێنیزم تا ئێستاش کەس نەیتوانیوە لە یەک ڕستە یان تەنانەت لە یەک کتێبیشدا پێناسەیەکی یەکسانی بۆ بدۆزێتەوە. فێمێنیزم دەتوانین بڵێین وەک چەندین و چەند ڕووباری جۆراوجۆرە کە هەموو لە دەریایەکی گەورەدا بە یەک دەگەن و ئەو دەریایەش لە دەوری یەک چەمک و بنەمای گشتی کۆ دەبێتەوە. دەتوانین بڵێن «فێمێنیستەکان ئەو کەسانەن کە بڕوایان بەوە هەیە کە هەڵاواردن و ستەمێکی سیستماتیک لە کۆمەڵگەدا بوونی هەیە و لەلایەن گرووپێک لە جنسیەتێکی تایبەت، یان حەزێکی سێکسیی تایبەت بە ناوی هێترۆسێکشوالیسم کار دەکات. هەروەها بڕوایان هەیە و تێدەکۆشن بۆ ئەوەی خۆیان و کۆمەڵگەکەیان لەو هەڵاواردنە دوور بخەنەوە و پاک بکەنەوە».
ڕەنگە بکرێ ئەم ڕوانینە وەکوو فێمێنیستەکانی «شەپۆلی یەکەم» کە روانگەیەکی لیبڕاڵی هەیە و داوای مافە یەکسانەکان دەکات بۆ ژنان، پێناسە بکرێ. لەم ڕوانینەدا بڕوا لە سەر ئەوە بوو کە کۆمەڵگە بە سیستەم و دەوڵەت و دیسکۆرس و یاسا، پشتگیری لە پیاوان دەکات و ڕکابەری ژنانە. بۆیە دەبێت ژنان هەمان ئەو مافانەیان ببێت کە پیاوان هەیانە. گەورەترین ڕەخنە لە فێمێنیستە لێبراڵەکان، جیا لەوەی کە بنەماکانی نایەکسانی چینایەتی و ئابووری و.. هەروەها دەروونناسی و «بە کۆمەڵگەیی کردن (سۆسیالیزەیشن) لە بەر چاو ناگرن، ئەوەیە کە لەم روانگەدا هەمدیسان «پیاو»تەوەرەی شوناسی مرۆڤە و ئەوانیش وەک پیاو دەڕواننە ژیان و چەمکەکانی: دەبێت مرۆڤ بە پێوانەی پیاو بنرخێنین و ئەوە کە پیاو هەیەتی بۆ ژنیشی دەستەبەر بکەین.
«شەپۆلی دووهەم»ی فێمێنیستەکان دەتوانین بە شەپۆلی مارکسیستی ناو ببەین کە دوای سەقامگیربوون و گلۆبالبوونی گوتاری مارکسیستی، لە زێدەی بوارەکاندا هاتە ئاراوە. ڕوانین و خوێندنەوەی خۆیان بۆ هەڵاواردنی جنسیەتیش خستە ئاراوە، کە هەروەک دەزانین ئەم ڕوانگەیە بنەمای هەڵاواردنەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆیلەتیی چینایەتی و لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە بە لابردنی هەڵاواردنی چینایەتی، ئۆتۆماتیک هەڵاواردنی جنسیەتیش لا دەچێت، چونکە توانای پیاو لە سیستەمی پیاوسالاریدا دەگەڕێتەوە بە خاوەنداریەتی «ئامرازەکانی بەرهەمهێنان». هانا ئارێنت وتەنی، «پیاوی کارێکار کۆیلەی سەرمایەدارە و ژنیش کۆیلەی ئەو کۆیلەیە». …
ئەوەی کە فێمێنیستە مارکسیستەکانی خستە بەر ڕەخنە ئەوە بوو کە ئەوان تەنیا هەڵاواردنی چینایەتییان لە بەرچاو دەگرت. ئەدی ئەو پیاوە کارێکارە کە کۆمەڵگە و سیستەم و یاسا ئیزن و هانی دەدات کە ژن بچەوسێنێتەوە لە کام گوتاردا دەگۆنجێت؟ هەروەها ئەوان بە گلۆباڵکردن و گشتیکردنی کێشەکان، کێشە تایبەتییەکانی ژنانیان لە بەرچاو نەدەگرت، یان پشتگوێیان دەخست.
قۆناخی دووهەمی شەپۆلی دووهەم، واتە فێمێنیستە سۆسیالیستەکان، بەڵام ڕوانینێكی تێڕوتەسەلتر و قووڵتریان بوو. ئەوان لە سەر ئەو بڕوایە بوون کە کۆمەڵگە لە کۆمەڵیک سیستەمی هەڵاواردنی جۆراجۆر و هەمەرەنگ پێکهاتووە و ناتوانین تەنیا لە یەک سیستەمی هەڵاواردن ناو ببەین. بە بڕوای فێمێنیستە سۆسیالیستەکان فێمێنزم دژ بە هەموو بنەما و ژێرخانەکانی هەڵاواردنە، وەکوو هەڵاواردنی جنسیەتی، چینایەتی، زمانی، نەتەوەیی، سێکسی و تەنانەت ئایینیش.
شەپۆلی سێی فێمێنیزم ناوی فراوانی لەخۆی گرتەوە، چونکە تەنیا یەک ڕوانگەی نییە. هەندێ بە شەپۆلی پۆستمۆدیرن ناوی دەبەن، هەندێ بە شەپۆلی «فێمێنیزمی ڕەش»، هەندێکیش بە شەپۆلی فێمێنیزمی فەرانسەیی یانیش دەروننناسانە.
یەکەم ڕەخنە کە لە ناو خودی گوتاری فێمێنیزمەوە لە فێمێنیزم گیرا، لە لایەن فێمێنیستە رەشپێستەکانەوە بوو. بە بڕوای ئەوان، ئەوەی کە تا ئەوکاتە بە ناوی فێمێنیزم تاووتوێ دەکرا، هەموو ڕەنج و دەرد و ستەم و خەون و دەغدەغەی «ژنی سپیپێستی چینی ناوەندیی کۆمەڵگەی ئەورووپی» بوو. واتە لەم ڕوانگەیانەدا وەکوو نموونە هیچ ئاماژەیەک بە تایبەتمەندییەکانی ژنانی رەشپێست نەدەکرا کە جیا لە چەوسانەوە و هەڵاواردنی چینایەتی و زمانی و جنسیەتی، ڕووبەڕووی هەڵاواردنی ڕەگەزی و راسیستیش دەبوونەوە. وەک نموونە پرسیار ئەوەیە داخوا بۆ ئەو ژنەی کە تەنیا لە بەرئەوەی کە رەشپێستە کۆیلە کراوە، چ خوێندنەوەیەک لە فێمێنزمدا هەیە کە مافەکانی ئەو لەبەرچاو بگرێت. ئەرێ وەک نموونە بۆ وەها ژنێک مافی خاوەنداریەتی بە سەر پێوەندیی جنسیدا گرینگە یان مافی مناڵ لەبار بردن یان مافی خوێندن یان شۆرش دژ بە کۆیەلەتیی رەشپێستەکان؟ هەروەها وەک نموونەیەکی ئاشنا بۆ خۆمان: ئەدی بۆ ژنێکی کورد کە کێشەی نەتەوەیی، جنسیەتی و تەنانەت کولتووریشی هەیە فێمێنیزمی شەپۆلی لیبراڵ یان مارکسیست وەڵامی کام یەک لە پرسیارەکانی دەداتەوە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا بوو کە ئەو شەپۆل و خوێندنەوانەی تری فێمێنیزم هاتنە ئاراوە کە گرنگی بە کێشە جیاوازەکانی ژنانی جیاوازتر لە ژنی سپیپێستی ئەورووپیی چینی ناوەندی دەدات.
بەڵام ئەم وتارە نایەوێت لێردەا مێژووی بزوونتنەوەی فێمێنیستی بخاتە بەرچاو. ئەم پێشەکییە تەنیا بۆ دەستپێکردنی ئەوە بوو کە ئەوەی ئەمرۆ ئێمە بە ناوی بزاڤ و چالاکیی ژنان دەیناسین، هەمووی لە خانەیەکدا کۆدەبێتەوە بە ناوی فێمێنیزم.
لام وایە لەم رۆژگارەدا کەس لە ناو کۆمەڵگەی ڕۆشنبیری، سیاسی و کولتووریدا ـ واتە هیچکام لە چالاکانی سیاسی، کۆمەلایەتی و ڕۆشنبیری، بە ڕاشکاوی دژایەتیی مافی ژنان هیچ کە ناکەن، بەڵکوو زۆریش خۆیان بە ئازادیخواز و پیشڕەو و تەنانەت دلسۆزتر لە ژنانیش دەردەخەن.
پرسیار ئەوەیە دوای زیاتر لە یەک سەدە لە شۆرشی ئازادیخوزانەی کورد و لەگەڵ ئەوەی کە هەموو ئەم شۆرشانە بەشێک لە بنەمای بڕوای سیاسی و دروشمەکانیان مافی ژنان بووە، ئەدی بۆچی هیشتا ڕێژەی خۆسووتاندنی ژنانی کورد، ڕێژەی قەتڵی نامووسی، توندوتیژیی جەستەیی و دەرونی، توندوتیژیی بنەماڵەیی و سەرشەقام لە ئاستێکی هەرە بەرزدایە و بەشداریی سیاسیی ژنان لە پۆستە بەرزەکانی حکوومەت، حیزب، پارلەمان و بەشداریی لە چاکییە رۆشنبیری و کولتوورییەکاندا هەر لە ئاستی خوارەوە دایە؟ ئەدی جیا لە هەموو ئەمانە بۆچی دوای ئەم چەندین سەدەیە هەر پیاوی کورد، لە هەر پلەیەکی خوێندەواری، سیاسەت، ڕۆشنبیری و…هتددا بێت، هەر کە تووڕە دەبێت و هەڵدەچیت یەکسەر ئەندام و جەستەی ژن دەکات بە ئامانجی هەموو کۆمپلێکسە جنسییەکانی سەردەمی منداڵی هەتا ئیستەی خۆی؟
هەر بۆیە دەبێ ئاوڕێک بدەینەوە لەو شێوازانەی کە تێیدا گوتاری رۆشنبیری پیاوسالار دژ بە ژن دەوەستێت و شیوازەکەی زۆر ئاراستەتر و ڕازاوەترە لە گوتارێک کە راستەوخۆ و بە ڕاشکاوی دژایەتی ژنان دەکات. لە دابەشکردنێکی گشتیی نێوان گوتارە رۆشنبیری و سیاسییەکانی کوردەواریدا، دەتوانین ئەم چوار گوتارە بەرجەستەتر لە هەموان ببینین. هەر بۆیە دەبێ ئاوڕێک بدەینەوە لەو شێوازانەی کە تێیدا گوتاری رۆشنبیری پیاوسالار دژ بە ژن دەوەستێت و شیوازەکەی زۆر ئاراستەتر و ڕازاوەترە لە گوتارێک کە راستەوخۆ و بە ڕاشکاوی دژایەتی ژنان دەکات. لە دابەشکردنێکی گشتیی نێوان گوتارە رۆشنبیری و سیاسییەکانی کوردەواریدا، دەتوانین ئەم چوار گوتارە بەرجەستەتر لە هەموان ببینین:

گوتاری ناسیۆنالیستیی کوردی
لەم گوتارەدا کێشەی کورد کێشەیەکی نەتەوەیی و وڵاتپارێزانەیە. واتە کورد لەبەر کوردبوون دژی هەڵاواردنێک بووەتەوە کە لە لایەن ئەویترەکانەوە کراوە ـ وەک عەرەب و فارس و تورک. هەروەها وڵاتەکەی هێشتا لە رۆژگاری کۆلۆنیالیزمی پاشماوەی ئیمپراتۆرییەکاندا ماوەتەوە و تا ئێستا نە کورد خۆی توانیویەتی مافە ڕەواکانی خۆی وەربگرێت و نە بەرانبەرکانیشی وەها شێوازێکی دێمۆکراتیکیان پێڕەوە کردووە کە ببێت بە هۆی گەڕانەوەی مافەکان بۆ کورد و پاراستنیان.
لە پێناسەی گوتاری ناسیۆنالیستیی کوردیدا، مرۆڤی کورد کەسێکە کە پارێزەر و تێکۆشەری رێگەی بەدیهێنان و تێکۆشانی ناسنامەی کوردییە. واتە وڵاتپارێزی و نەتەوە و زمان پارێزی و ئیتر بەمجۆرە … لەم گوتارەدا جیاوازییەکی ئەوتۆ بۆ ناسنامەی ڕەگەزی لەبەرچاو ناگیردرێت و وەکوو هەموو گوتارە ناسیۆنالیستییەکانی تری دونیا، مرۆڤ بە پێوەری «پیاوێکی هێترۆسێکشواڵ» دەنرخێنرێت. تەنانەت ئەگەر ناسیۆنالیزمی کوردی ئەو ڕەواییە بدا بە خۆی کە ناسیۆنالیزمێکی هەڕەشەکەر نییە، بەڵکوو ناسیۆنالیزمێکی بەرگریکارە، لە شێوەکانی رووبەروبوونەوەی لەگەڵ ناسنامەکانی دیکەی کۆمەڵگە ـ وەک ژنان، هۆمۆسێکشواڵەکان، چین و توێژە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت ئایین و مەزهەب و دیالێکتە جیاوازەکاندا هەر هەمان شێوەی ناسیۆنالیزمە داگیرکەرکانی خۆی گرتووەتە بەر.
وەک نموونە ئەگەر لە ئێراندا زمانی فارسی و دیالێکتی فارسی تارانی و ئایینی شێعە، ئەویش بە پەیڕەویکردنی هەموو بایەخە پیاوسالارییەکانیەوە، وەکو ناوەندی ناسیۆنالیزمی ئێرانی دەناسرێ، ئەوا لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش‌دا زمان کوردی سۆرانییە و ئایین مەزهەبی سوننەیە، بۆیە بۆ نموونە لە تەلەفیزیۆنی حیزبی دێمۆکراتدا لەوانەیە پیرۆزبایی جەژنی قوربان و ڕەمەزان لە بینەرانیان بکرێت بەڵام قەت پیرۆزبایی «جەشنی غەدیر» لە شێعەکان نەکرێت! بۆیە لەم گوتارەدا نەتەنیا زاراوەی کەڵهوری بە کوردی نەدەناسران، بەڵکوو خەڵکی سنەش زۆرکات لە قسەی ژێرزمانی خەڵکدا بە کورد قەبووڵ نەدەکران و ئێساش دەستەواژەی «کوردی لاستیکی» کە بە کوردەکانی ئەردەڵانی و کەڵهوری و ئیلامی دەوترا، هێشتا لە ناو نەچووە.
جا کە وایە ئەگەر گوتارێک وەک یەکسانیی ژنان بێتە ئاراوە، ئەوا تەنیا بەو مەرجە ڕەوایە کە ئامانجەکانی ناسیۆنالیزمی پیاوسالاری هێترۆسێکشواڵی سوننە مەزهەبی سۆرانی[موکریانی]ئاخێوی بەرجەستە بکاتەوە … ئەگەر گوتارێکی ژنانە بێتە ئاراوە کە بۆنی ئەوەی لێ بێ «کێشە ڕەواکانی کورد» بباتە ژێر پرسیار و «ئێمە لە پرۆسەی خەباتی رزگاریخوازیمان بخاتە دواوە»، ئەوا ئەم گوتارە ناسیۆنالیستییە سۆرانیئاخێوە سوننە مەزهەبە … بە تەواوی توانای خۆیەوە دژی دەوەستێتەوە. ڕەنگە توندوتیژتر لە دوژمنیش بەرانبەری بوەستین، چونکە وەکوو خائین لە بەرچاو دەگیرێن و بەو کەسانە ناو دەبرێن کە ئێمەی کورد لە ڕێگای ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی دوور دەخەنەوە…
لەم گوتاری ناسیۆنالیزمەدا ژن بە شوناسی خۆی، وەک تاکێکی ئازاد بوونی نییە، بەڵکوو ژن یان دایکی نیشتمانە، یان خوشکی نیشتمانە، یان کچی نیشتمانە، یان ژنی پیاوێکی نیشتمانپەروەرە، دەنا لە باشترین حاڵەتدا دایکی شەهید و خوشکی شەهید و هاوسەری شەهیدە! ئەگەریش بێتو وەک خۆی بڕیار بێت قەبوول بکرێت، ئەوا تەنیا کاتێکە کە «جلی پیاوانەی شەڕ» لە بەر بکات و ببێتە «شێرەژن». لەم گوتارەدا ئەگەر کۆر و کۆمەڵێک بە ناو ژنانەوە دابمەزرێت، ڕەنگە ناوی بنرێت « کۆڕی ئافرەتان»!
ژن لەم گوتارەدا، ئەگەر بوونەوەرێکە کە پەیەروەی بایەخ و نۆرمەکانی کۆمەڵگەی ڕزگاریخوازی نەتەوەپەوەروە، ئامادەیە هەمیشە خزمەتی پێشمەرگە پیاوەکانی وڵاتەکەی بکات، ئەوا ژن بوونەوەرێکی جێگەی ڕێزە. ئەگینا ئەگەر لە ئەنجامدانی ئەمانە سەرپێچی بکات خائینە و دوژمنی خەباتی ڕزگاریخوازی گەل و نیشتمانەکەیەتی و لە خزمەت دوژمنان و بیانییەکان دایە، بۆیە خەریکە نەتەوە و گەل لە ئامانجە ڕەواکانی (کە پیاوان مافی دیاریکردنی ئەو ڕەواییانەیان هەیە)، خۆی دوور دەکاتەوە..

ماویەتی
لە ژماره‌ ٦٦٤ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌