Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۹ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۹ | 29/05/2020 | کاتژمێر:
ئەدەب

ڕووسوور لە سەنگەری باوەڕدا

20/04/2020 | 01:39:27
+A
-A
سەلاح خزرپوور

ئەمن سەلاح خزرپوور ساڵی 1352ی هەتاوی لە گوندی قەڵاتەڕەش لە ناوچەی پیرانانی پیرانشار لەدایک بووم. تێکەڵ بوونی باوکم بە شۆڕش و پێشمەرگایەتی و جموجۆڵی بەردەوامی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکەمان بوونە هۆکار بۆ ئەوەی زۆر زوو هەستی کوردایەتی و نەتەوایەتی لە دەروونمدا چەکەرە بکا. ماوەیەک بە شێوەی خۆڕسک لەگەڵ کۆمەڵیک لە هاوڕێیانم کاری تەبلیغییمان بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد، هەتا ئەوەی بەهاری ساڵی 1372 بە یەکجاری هاتمە دەرێ و بوومە پێشمەرگە.

دوای تەواوبوونی دەورەی سەرەتایی ماوەیەک لە فێرگە و دواتر لە مەڵبەندی سپی‌سەنگ ئەرکی مامۆستایەتیی گەورەساڵانم بۆ ماوەی سێ ساڵ لەسەر شان بوو و دواتریش وەک بێسیمچیی ڕاکاڵ و سەرپەل، جێگری دەستەی کۆماندۆ و بەشداری لە تیمی تەشکیلاتییدا بەرپرسایەتییم وەرگرتوە.

خەرمانانی ساڵی 1378 لەگەڵ سێ هاوڕێی پێشمەرگە وەک تیمی سیاسی و تەشکیلاتی بەرەو ناوچەی پیرانشار کەوتینە ڕێ. لەو مەئمووریەتەدا بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک خەریکی ڕاپەڕاندنی کاروباری پێ‌سپێردراو بووین، هەتا ئەوەی دەستی خەیانەت جارێکی دیکە زەبری لە بزووتنەوەی کورد وەشاند. بەرەبەیانیی ڕۆژی 14ی ڕەزبەر لە گوندی «قەڵات»ـی مەنگوڕان مابووینەوە. بە پێی ئەرک دەبوا کەسێکی خەڵکی ئەو گوندەمان دیتبا، بەڵام هەر بە هۆی خەیانەتی ئەو کەسە ئاشکرا بووین و دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژە هێزێکی زۆری سپای پاسداران دەوری گوندەکە و شوێنی مانەوەی ئێمەیان دا. جگە لە بەرەنگاربوونەوە و خۆڕاگری ڕێگەی دیکەمان نەبوو.

شەڕ دەستی پێکرد. ئەو ماڵەی کە ئێمە تێیدا مابووینەوە لە ماوەیەکی کەمدا بەسەرماندا خاپوور کرا و ئاگری تێبەردرا. لە گەرمەی شەڕەکەدا چووینە ماڵێکی دی، بەڵام جاشەکان دڕتر لە هێزەکانی دیکەی سپا و بۆ دەسخۆشیی زیاتر دەستیان لە گیان و ماڵی خەڵکیش نەدەپاراست. بۆیە لە ماوەیەکی کورتدا سێ_چوار ماڵی دەوروبەری ئێمەیان ئاگر تێ‌بەردا و بەردەوام داوای تەسلیم بوونیان لێمان دەکرد؛ بەڵام ئێمە کۆڵمان نەدەدا.

لەو شەڕە نابەرامبەرەدا دوای چوار سەعات خۆڕاگری بەداخەوە دوو لە هاوڕێکانم بە ناوەکانی «عەبدوڵڵا تەبەرزە» و «مراد ڕەحیم‌زادە» شەهید بوون.

لە گەرمەی شەڕەکەدا ئەو کاتەی هەر چوار کەسمان سەلامەت بوون، بڕیار درا بە بەربەرەکانێی سەخت گەمارۆکە بشکێنین، بەڵام گەمارۆکە زۆر تەنگ بوو. کە شەهید مراد بە گوللەی جاشەکان پێکرا. خۆم لێ نیزیک کردەوە. هەوڵی دەدا کە نارنجۆکەکانی بە جاشەکاندا بدا، کۆتا قسەی ئەوە بوو کە بمکوژە با بەو حاڵە نەکەومە دەستی دوژمن. زۆری نەبرد کە بۆ هەمیشە چاوەکانی لەسەر یەک دانا. شەڕ تا دەهات گەرمتر دەبوو، ئەمن و «کاک ئیدریس هۆرموزی»ـیش بریندار ببووین، بەڵام برینەکانی شەهید عەبدوڵڵا زۆر قورس بوون. برینەکانیم بەست، پاش ماوەیەک نارنجۆکێکیان پێدا داین، شەهید عەبدوڵڵا ویستی نارنجۆکەکەیان پێدا دادەتەوە، بەڵام بەداخەوە نارنجۆکەکە لە دەستیدا تەقیەوە و شپرزی کرد، بەڵام بەو حاڵەش هەتا کۆتایی شەڕەکە زیندوو بوو.

دوای چوار سەعات بە برینداری کەوتینە دەستی دوژمن. هەر لەوێ شەهید عەبدوڵڵا بە دەستی جاشی خۆفرۆش حوسێن شوانکارە، بەبەرچاوی ئێمە و بەبرینداری ئێعدام کرا. هەر لەو جێگەیەڕا ئازار و ئەشکەنجەی ڕۆحیی ئێمەش دەستی پێکرد.

ئێمە لەگەڵ ئەوەدا کە بریندار بووین و پێویستمان بە چاودێریی پزشکی هەبوو، بەڵام تەنیا چەند ڕۆژ لە نەخۆشخانە ڕایان گرتین، ئەگەرچی بەوحاڵەش بە بەردەوامی لەژێر بازجووییدا بووین. دوای سێ ڕۆژ بە برینداری بردیانین بۆ زیندانی ئیتلاعات و ئازار و ئەشکەنجەدانی لەگێڕانەوە نەهاتوو بۆ وەرگرتنی زانیاری بۆ ماوەی سێ مانگ درێژەی هەبوو. لەو ماوەیەدا لە ئیتلاعاتی شارەکانی ورمێ و پیرانشار لەژێر لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدا بووین. دوای سێ مانگ خۆڕاگری لە بەرامبەر هەموو ئەو ئەشکەنجە و ئازارانە گواستراینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ.

دوایە پرۆسەی دادگایی‌کردنمان دەستی پێکرد. سروشتی بوو ئێمە کە لە مەیدانی شەڕیشدا گیرابووین، مافی بەرگری لە خۆمان یان گرتنی پارێزەرمان نەبوو. دادگا خۆی پارێزەرێکی تەسخیریی بۆ دەستنیشان کردبووین کە هەموو کاری ئەوە بوو داوای لێبوردنمان بۆ بکا. ئەوە بوو کە لە چەند کۆبوونەوەی کورتدا کە ئەگەر هەمووی خڕ کەیەوە نیو سەعاتی نەکێشا، بڕیارمان لەسەر درا و سزای بیست ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج‌ـمان بەسەردا سەپا.

دەمبەدمەی من و قازیی پەروەندەکەم بۆ گێڕانەوە دەبێ.

قازی یەکەم جار گوتی: «حوکمی ئێعدامم پێداوی». لە وڵامدا گوتم چاوەڕوانییەکی لەوە زیاترم لە ئێوە نەبوو. قازی گوتی: «نا ئێعدام بۆ تۆ کەمە، پێی گەورە دەبی. بەڵام حوکمێکم  پێداوی کە بتشکێنێ. تۆ دەبێ بە موعتادی لە زینداندا بمری».

ئەو قسەیەی قازی کاریگەریی زۆری لەسەر من دانا. هەر لەو کاتەشدا بڕیارم دا کە دەبێ لە بەرامبەر هەموو ئەو پیلانانەی دوژمندا خۆڕاگر بم.

پێش ئەوەی بدرێمە زیندانی ناوەندیی ورمێ (دەریا) کە بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیو لەوێ مامەوە، پێم‌وابوو کە زیندان تەنیا ژوورێکی تەنگ و تاریکە. بەڵام زیندانی دەریا لە بەر چاوم وەک شارێک وابوو، زیندانێک پڕ لە زیندانی. تۆ لەو شوێنە پشت‌ئەستوور بە بیروباوەڕی سیاسیی خۆت کەسێتییەکی دیکەی. ڕەوایی ئەم بیروباوەڕە، بیرکردنەوە لە پرێستیژی حیزبەکەت، قورسایی کەسێتیی خۆت و ئەو چاوەڕوانییە بەرحەقەی لێت دەکرێ، وادەکا زیندان بۆ تۆ سەنگەرێکی دیکەی خەبات بێ و تۆ بتەوێ لەو مەیدانەشدا ڕووسوور بێیە دەرێ.

هەشبوون کەسانێکی نەفس‌نزم کە پشتیان کردبووە باوەڕەکانیان و کەوتبوونە داوی ڕێژیم و لە پێناو چەند ئیمتیازێکی زۆر سووک و چرووکدا سیخوڕییان بەسەر بەندییەکاندا دەکرد و تووشی زەبوونی و کاری قیزەون هاتبوون.

درێژەی هەیە…