Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۹ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۹ | 29/05/2020 | کاتژمێر:
ئەدەب

ڕابوون ڕۆژهەڵات سەفەری بێ‌سنوور بە پاسپۆرتی وشە

20/04/2020 | 01:34:12
+A
-A
ڕەسووڵ سوڵتانی

پێكهاتەشكێنیی زمان، واتا، فۆرم

لەگەڵ پەرەگرتنی بیری فۆرمالیستە ڕووسییەكان، ڕوانگە و تێڕامانی ئەدیبان و شاعیران بۆ شێعر گۆڕانی بەسەردا هات و، شان بە شانی ئەوان لێكۆڵەران و توێژەرانی ئەو بوارەش بە ڕێچكەیەكی جیاوازتر لە جاراندا كەوتنە ڕاڤە و لێكدانەوەی دەقە ئەدەبییەكان و ڕێك لەو كاتەوە زمان لە دەقی ئەدەبی بە تایبەتی لە شێعردا گرینگی و بایەخی تایبەتی پێ‌درا و بوو بە بابەت و مەبەستی یەكەم لە لێكۆڵینەوەكاندا، تا وای لێ‌هات گوتیان لە دەرەوەی زمان هیچ شتێك بایەخی ئەوەی نییە لێی بكۆڵیتەوە.

زمان ماڵی هزرە، بەبێ زمان مرۆڤ ناتوانێ شەپۆل و لێشاوی هزرەكانی كۆ بكاتەوە و مانایان پێ ببەخشێ، بە تایبەتی كە دێینە نێو گۆڕەپانی شێعرەوە، ئیتر زمان دەبێتە جیهانێكی سەربەخۆ، جیهانێک كە شاعیر بنیاتی دەنێ و خوێنەر بە كۆڵانی مانادا دەگێڕێ. بەڵام ئەو زمانی شاعیرانەیە چ سحرێكە؟ زمانێكی ئاسمانییە؟ هەر ئەو زمانە نییە كە ئێمە پێی دەدوێین؟ بەڵێ و نەخێر.

بەڵێ، وشەكان بەڕواڵەت هەر ئەو وشانەن كە ئێمە بیستوومانن، بەڵام چنراوەی وشە و ڕستەكان بوونەتە هۆی بنیانتانی جیهانێكی نوێ. جیهانێك، كە ڕاماندەچڵەكێنێ و تووشی تێڕامان و وردبوونەوەمان دەكا. چونكە شاعیر پێ دەنێتە ئەوپەڕی ئەو كەوشەنەوە كە ئێمە لەگەڵی ڕاهاتووین. ئەو بە لە پەنا یەک دانانی وشەكان و بە شكاندنی ئەو ڕێسایانەی تا هەنووكە ئێمە لەگەڵیان ڕاهاتووین، سیستمێكی زمانیی نوێ بەرهەم دێنێ، سیستمێكی زیندوو، كە ئێمە تێیدا ژیانێكی نوێ ئەزموون دەكەین و هەناسەیەكی نوێ هەڵدەمژین، هەر ئەوە بوو كە فۆرمالیستەكان ناویان نا نامۆكردنەوە یان ئاشنایی سڕینەوە.

 

ئاشنایی سڕینەوە چییە؟

ئێمە لە ڕەوتی ڕۆژانەی بەكارهێنانی زماندا دەگەینە ئاستێک، كە ئیتر بیر لە گەوهەری وشە و زمان ناكەینەوە. تەنیا بیر لەوە دەكەینەوە پەیامێک بە ڕوونی بگەیەنینە بەرامبەرەكەمان. هەر بۆیە ئەوەی لە قسەی ڕۆژانەدا و تەنانەت لە بوارەكانی جیا لە ئەدەبیاتدا لەگەڵی ڕووبەڕووین، زمانێكی تاكڕەهەندیی داماڵراوە، كە تەنیا ئامرازێكە بۆ گەیاندنی مانا. لە ئەدەبیاتدا ئەو شتە پێچەوانە دەبێتەوە. ئەوەی وا دەكا ئێمە چێژ لە شێعر وەرگرین، پێوەندییەكی چڕوپڕی بەو بابەتی نامۆكردنەوەی زمانەوە هەیە، كە فۆرمالیستەكان واتەنی: تۆزی عادەتی ڕۆژانە لەسەر زمان دەتەكێنن.

فۆرمالیستەكان بە پێ‌داگرتنەوە لەسەر مەسەلەی زمان وەک بابەتی سەرەكی، ئاماژەیان بە لادانی لە ڕێسا باوەكانی زمان كردوە، كە شاعیر بە لادان لە ڕێساباوەكان و شكاندنی ئەو ڕێسا باوانە، فۆرم و واتای نوێ دەخولقێنێ، ئەگەرچی ئەوان فۆرم و واتا بە دوو شتی لێک‌جیاواز نابینن. شكڵۆفسكی یەكێک لە بەناوبانگترین فۆرمالیستەكان دەڵێ: “ئامانجی زمانی ئەدەبی ئەوەیە بە فۆرمی نوێ و نائاسایی، تۆزی خووخدەی ڕۆژانەمان دەتەكێنێ.”

ڕابوون بەو پێكهاتەشكێنییەی كە دەیكا و لە ڕاستیدا پێكهاتەیەكی نوێی زمانی دادێنێ، ئێمە لە زمانی ئیدئۆلۆژی واتە ئەو زمانەی پێشتر خوومان پێوە گرتبوو دادەبڕێ و سیستمێكی نوێی نیشانەییمان دەخاتە بەردەم. سیستمێک كە مێشكی خوێنەر ڕادەچڵەكێنێ و نقورچكێک لە ڕوانگەی ئیستاتیكیمان دەدات.

 

نێوان‌دەقیەتی، یان دەقاوێزان لە غەزەلەكانی ڕابووندا

شكڵۆفسكی دەستەواژەی پێوەندیی نێواندەقیەتی یان دەقاوێزانی داهێنا و لەوەشدا پشتی بە بۆچوونەكانی باختین بەست. بەو مانایە كە ئەو دەقانەی لە بابەت و باسێكی هاوبەش دەدوێن، لە هەموو قۆناغەكانی مێژوودا پێوەندییان پێكەوە هەیە و جۆرێك یەكتردواندن (مكالمە) لە نێوانیاندا هەیە.

بەو پێیە، هیچ دەقێک لە بۆشاییدا لەدایک نابێ. بە تایبەتی كە شاعیر لە كۆنەستی كۆمەڵگەی مرۆییەوە باسی ئازارەكان دەكات و لە كۆنەستی نەتەوەكەی خۆیەوە برین و ژانەكانی نیشتمان دەنووسێتەوە.

 

وە‌رن بمخۆن برایانم، وە‌‌ ڕادە‌ستی مفیستۆم كە‌ن

وە‌رن وێڕای خە‌نجە‌رتان، شە‌وێكی دە‌ست لە‌ ئە‌ستۆم كە‌ن

 

لە‌سە‌رمی كە‌ن ئە‌وی مێژوە‌ی دڕوویە‌، شای لە‌ خوێن گە‌وزاو

شكۆی زیاتر دە‌بێ، تینوویە‌ گە‌ر قینتان، دە‌ تۆ تۆم كە‌ن

 

شە‌وی ئاخر لە‌ بیرتان بێ، بە‌ مە‌ستی ڕاكە‌نە‌ جە‌ستە‌م

لە‌خوێنم پێكی سە‌رسوڕمان ھە‌ڵێنن و جا قە‌ڵاچۆم كە‌ن

 

ھە‌واڵی من بە‌رن بۆ چاوی كە‌نداوێكی ئاژاوە‌

یە‌ھوودایانە‌ بن ئێوە‌ و مە‌سیحایانە‌ جا، ھۆم كە‌ن

 

بە‌ خاچێكم ببە‌خشن پڕ لە‌ ئاوێنە‌ی ھە‌مووتان بێ

ئە‌من مە‌رگم؛ عە‌یامێكە‌، لە‌ گۆڕخانێكی تاپۆم كە‌ن

 

سنوورتانم بە‌زاند و خۆم لە‌ خۆم دا ون دە‌بووم پێم وا

ئیتر نە‌مزانی ئێوە‌ی من، دە‌بێ پشتتان لە‌ ئاسۆم كە‌ن

 

وە‌رن ئە‌ی كە‌ڵبە‌كانی نیشتمان، تیژتر بە‌ ناخم دا

سبە‌ینێتان درە‌نگانە‌ لە‌ من دا، ڕوو لە‌ ئە‌وشۆم كە‌ن

 

شاعیر لەم غەزەلەدا، بە گەڕانەوە بۆ بەسەرهاتی لەخاچ دانی عیسای مەسیح و خیانەتی یەهوودا و دڕكەتاجەكەی سەری عیسا و خوێنی عیسا، ئاماژە بە برافرۆشی و خیانەتی هاوزمانەكانی دەكا، لە زمانی كەسێكەوە، كە هاوزمانەكانی خۆی فرۆشتوویانەتەوە و ڕادەستی دوژمنیان كردوە. ئەم دەقە وەک هزر، پێیەكی لە چیرۆكی مەسیح‌دایە و چاوێكی لە مێژووی خوێناوییە و ئاوێنەیەكیشی لەبەردەم غەدری هاوزمانەكانیدا ڕاگرتوە.

 

شكاندنی نۆرم و ڕێسا باوەكانی زمان

لادان لە نۆرمەكانی زمان باسێكی بەربڵاوە، كە لادانی واتایی و ڕێزمانی و پێكهاتەیی لەخۆ دەگرێ.

یاكۆبسۆن پێی وابوو، پرۆسەی پێوەندی شەش پاژی هەیە كە بریتین لە: بێژەر، بەردەنگ، پردی پێوەندی، نیشانە، پەیام و بابەت. مرۆڤ لە ئاخافتنی ڕۆژانەی خۆیدا بە پێی ڕێزمانی باو قسەكانی دەكا و پەیامەكەی بە سەرڕاستی دەگەیەنێتە بەردەنگەكەی. بەڵام لە ئەدەبیاتدا زۆربەی كات بۆ كاریگەرتربوونی زمان و چڕكردنەوەی مانای زۆر لە وشەی كەمدا، ئەو ڕێزمان و نۆرمانە تێک دەشكێن و ئەوە بەشێكە لە سڕینەوەی ئاشنایی و نامۆكردنەوەی وێنە و زمان. سیرووسی شەمیسا دەڵێ: “خۆ هەموو لادانێكی زمانی نابێتە داهێنان، بەڵكوو ئەو لادانە دەبێ بنەمایەكی جوانیناسانە و ئیستاتیكیشی هەبێ.”

ڕابوون دوو جار لە نۆرم و ڕێساكان لا دەدا. یەكێكیان ئەو كاتەیە كە ڕێسا ڕێزمانییەكانی زمان دەشكێنێ وەک:

 

چاوە‌كانیشت، دە‌ڵێی ئاور لە‌ ناخیاندا ژیاوە‌

ڕە‌مزی چیین ڕێنووسی ئە‌و چاوانە‌ وا پڕ نوورە‌ دێڕی؟

 

خەڵک لە قسەكردنی خۆكاو (ئۆتۆماتیک)ـی ڕۆژانەیاندا هەرگیز ناڵێن ئاگر ژیاوە، یان ئاگر دەژی، دەڵێن ئاگر داییسێ، كەچی شاعیر پێمان دەڵێ، ئاور لە ناخی چاوەكاندا ژیاوە.

هەر لە پرۆسەی ئاشنایی سڕینەوەدا داهێنانی دەستەواژەی ڕێنووسی چاو، ڕێنووسی ئەو چاوانە كە دێڕەكانی پڕن لە نوور، داهێنانێكی واتایی و ئاشنایی سڕینەوەیەكی نوێیە. لێرەدایە خوێنەر ڕادەچڵەكێ.

یان؛

یا جە‌نگە‌ڵی ئە‌و دارە‌ وا ئاسمان لە‌ پە‌نجە‌یدا ونە!

 

 

ئاشنایی سڕینەوە بە دروستكردنی پێكهاتەی نوێی زمانی وەك:

 

ئیلهامی پێ كردووم ھە‌ور، ھە‌ر چۆڵگە‌یە‌ک بخوێنمە‌وە‌

ھە‌ر چۆمێ وشکی بێتە‌ ڕێی، تا ڕێژنە‌یە‌ک بڕوێنمە‌‌وە‌

چۆڵگەیەک بخوێنمەوە

ڕێژنەیەک بڕوێنمەوە

 

خواستنەوە (ئیقتباس)

خواستنەوەی دێڕ یان نیوەدێڕێک لە شاعیرانی پێش خۆی و بەكارهێنانەوەی بە شێوازێكی نوێ و داڕشتنەوەیەک، كە یان مانایەكی جیاوازی دروست كردبێ، یان ئەوەتا بۆچوونەكەی خۆی پێ پشتئەستوور كردبێ و وەفادارییەكیشی بۆ ڕابردوو نیشان دابێ وەک:

خە‌تتی خۆر و خە‌ونی دە‌ریا و سە‌وزیی ژینی لووتكە‌یە‌ک

بوونە‌ “تاوانی ئە‌وانە‌ی وا لە‌ سێدارە‌ دران”

 

كە ئاوڕدانەوەیە لەو شێعرە بەرزەی قانع وا لە شینی كۆمار و لەسێدارە دانی پێشەوا و هاوڕێیانیدا نووسیویەتی و دەڵێ:

چی بوو تاوانی ئەوانەی وا لەسێدارە دران؟

 

گەڕانەوە بۆ مێژووی دوور یان نزیک

گەڕانەوە بۆ مێژووی كۆن یان نزیک، ئاوڕدانەوە لە ڕووداوەكانیش، بەشێكە لە داهێنانی ڕابوون و بەو شێوەیە، هەم ئوستوورە و ڕەمزەكانی مێژوومان بۆ زیندوو ڕادەگرێ، هەم لەو سۆنگەیەوە غەدرەكانی مێژوومان وەبیر دێنێتەوە.

 

بە‌یتی شانامە‌یی كوردانە‌ قە‌ڵای دە‌مدمی دێرین

شێعری دیوانی گە‌لە،‌ باڵی كچێک ئایە‌تی خوایە‌

 

دە‌بێ جوغرافی بزە‌ی چیی كوڕە‌ پڕ پڕ بێ لە‌ مێژووی

پە‌یكە‌رێک نە‌خشی دڵی شۆڕە‌ مە‌لانی دە‌قە‌ڵایە

 

گە‌یوە‌تێ بانە‌مە‌ڕێک چە‌شنی‌ چیای داسنی ئە‌مڕۆ

سە‌یدە‌وان شۆڕشی سە‌وزایی ئە‌وینی لە‌سە‌رایە

 

بە گشتی، غەزەلەكانی ڕابوون، هەناسەیەكی نوێیان بە بەر غەزەلی كوردییدا كردەوە و زمانێكی نوێ و رێچكەیەكی نوێیان بۆ شاعیرانی ئێستا كردەوە و، سەلماندیان هێشتا زمانی كوردی لەو گۆڕەپانەدا توانای ئەوەی هەیە ئەسپی خۆی تاو بدا و ئەگەر كۆمەڵێک كەس پێیان وایە كێش و سەروا قەڵەمی دەست و پێی شاعیر دەبەستن، دەبێ بڵێین ئەو كەسانە لە دەرەوەی كێش و سەرواش هەر لە ئاست زمان و داهێنانی شاعیرانەدا دەستەوەستان و كۆڵەوارن.

***