Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۲ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۹ | 12/08/2020 | کاتژمێر:
ژنان

پرسی ژنان و ڕۆڵی میدیا

16/04/2020 | 20:52:25
+A
-A
دیمانە: شەونم هەمزەیی

 تروسکە سادقی: ئەركی میدیاكاران بۆ پرسی ژن زۆر سەختترە، ئەوە ڕۆژنامەوانان و میدیاكارانن دەتوانن دەرك بە سەختییەكانی ژنان بكەن، پاڵپشتیان بن، دۆسییەكانیان بەھەر شێوازێك بۆیان دەلوێ بە میدیایی بكەن.

 ڕاگەیاندن دنیایەکی زۆر فراوانە بەڕووی گەیاندنی زانیاری بە هەموو جیهاندا.  تێگەیشتنە لە ڕووداوەکانی دەوروبەرو جیهان،  ئێستاش کۆمەڵێک ژن هەن کە خولیایان ڕاگەیاندنە و لەم بوارەدا کار دەکەن، بۆ زیاتر دەور و ڕۆڵی ژنان لە ڕاگەیاندنداو چۆنییەتی کەڵک وەرگرتن لەم بوارە ماڵپەڕی “کوردستان و کورد” وتوێژێکی لەگەڵ میدیاکار و ڕۆژنامەنووس خاتوو “تروسکە سادقی” پێکهێناوە.

 

وەک ڕاگەیەندکارێک دەستپێکی کاری ڕاگەیاندنت بۆ کەی دەگەڕێتەوە و چۆن بوو ئەم بوارەت هەڵبژارد؟

بەر لەوەی باس لەوە بكەم كە چۆن چوومەتە كاری ڕاگەیاندنەوە دەبێ بڕێك بۆ زووتر بگەڕێمەوە، ئەو كاتەی لە ڕۆژھەلاتی كوردستان منداڵ بووم و لە ئەنجومەنە ئەدەبیەكان و كۆڕە شێعریەكاندا بەشدار دەبووم و تەنانەت چەند جارێكیش ئەركی بەڕێوەبردنی كۆڕە شێعر و فستیڤاڵەكانم وەك پێشكەشكار پێ ئەسپێدراوە.

ڕەنگە ئەو كەشەی كە لە منداڵیمەوە لە لایەن خێزانەكەمەوە بۆم دروست كراوە وھانیان داوم بەردەوام لە نێو كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا بم ھەر ئەوە ھۆكار بن بۆ ئەوەی حەزی كاری میدیایی لەمندا بەم شێوەیە گەشە بكات.

ڕێك ساڵی 2010 بوو چوومە ڕادیۆ دەنگی كوردستانی عێراق، بەو پێیەی لە ھەولێر دادەنیشین و لەوێوە وەك ھەواڵساز و بێژەر دەستم بە كاری میدیایی كرد و بۆ ئەو قۆناغەش بە دیاریكراوی دایكم پاڵپشت و ھاندەرم بوو ئەوەش بەھۆی ئەوەیكە خۆی خانمێكی لێھاتوویە لە بواری ڕاگەیاندندا و ساڵانێكی زۆر كار و ئەزموونی ھەیە و لەو بوارەدا ناسراوە.

 

ڕۆڵ و بەشداریی ژنان لە ڕاگەیاندندا چۆن دەبینی، ئایا ژنان توانیویانە بە باشی کەڵک لەم بوارە وەربگرن و تێیدا سەرکەوتوو بن؟

حاشا ھەڵنەگرە لە ڕۆژھەلاتی نێوەڕاست ھیچ كات و لە ھیچ بوارێكدا ئەو دەرفەتە بە ژن نەدراوە بەو جۆرەی كە پێویستە و دەبێ كەڵك لە تواناییەكانیان وەرگیرێ، ئەوە شتێكی ئاساییە ململانێ سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان ھەمووی لە نێوان پیاواندا بووە و ھەموو كاتێكیش ئەوان ئەو مافەیان داوە بەخۆیان یاسا بە حەزی خۆیان دابڕێژنەوە، ئەوە لە گەلی كوردیش ھیچ كات بەدوور نەبووە، ھەرچەندە لە مێژووی ئێمەدا ژنان زۆر ھەوڵیانداوە و وێڕای ھەموو بەربەستەكان خۆیان گەیاندۆتە پێگە گرنگەكان لە كایە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكاندا، بەڵام بەداخەوە ئەوەندە زۆر نەبوونە.

بۆ كاری میدیاییش ھەر وایە، من وەك خۆم پێموایە كاركردن لە بواری میدیا بەگشتی جیا لەو شێوازە مۆدێرن و پرۆفیشنالەی كە لە سەردەمی ئێستادا باسی لێوەدەكرێ بە گشتی بۆ نەتەوەی ئێمە زۆر شتێكی تازەیە، ئێمە ھێشتا لە ئاستی پیاوەكانیشدا نەگەیشتووینەتە وڵاتانی پێشكەوتوو لە پەروەردەكردنی میدیاكاری لێھاتوو، ھۆكارەكەش ڕوونە ئێمە وەك نەتەوەیەك لەمپەری سیاسی زۆرمان لەبەردەمە و دوژمنی ئێمە ھەوڵی داوە لە ڕێچكەی ئاسایی ژیان دوورمان بخاتەوە، چ بگا بەوەی ئێمە بمانھەوێ لە بوارێكدا كە دیكتاتۆرەكان زۆری حەز پێناكەن خۆمانی تێدا بەھێز بكەین.

بۆیە لێرەدا دەبێ لە وەڵامی جەنابتدا بڵێم بەداخەوە ڕۆڵی ژن لە بواری میدیاییدا لاوازە و كەمترین ھەوڵ بۆ خۆپێگەیاندن و بە جورئەتیشەوە دەڵێم كەمترین دەرفەت بە ژن دەدرێ لەو بوارەدا.

 

ئاستی ژنان لە بوارە جیاوازەکانی ڕاگەیاندن لە ڕۆژهەڵات چۆن دەبینی؟  ژنانی ڕۆژهەڵات تا چەند توانیویانە لەم بوارە کەلک وەربگرن؟

دۆخی ڕۆژھەلاتی كوردستان تەواو جیاوازە، ئەو كەشە سیاسییە ئەمنییەی لە لایەن دوژمنەوە بەسەر ڕۆژھەلاتی كوردستاندا سەپاوە ھەمیشە لە ھەوڵ دابووە دەنگی ھەر ناڕازییەك كپ بكا چ بگا بەوەی كەسێك بیھەوێ لە بواری ڕاگەیاندن و میدیادا لەوێ كار بكا، با لە خۆمان بپرسین ئەرێ كۆماری ئیسلامیی ئێران باوەڕی بە مافی مرۆڤ ھەیە تا بڕوای بە ئازادی ڕادەبرین و چاپەمەنی ھەبێ؟! بۆیە ڕۆژھەلاتی كوردستان دەبێ لەو پرسە مامەڵەی تایبەتی لەگەڵ بكرێت. ئەگەرچی لە ساڵانی ڕابردوودا و بەھۆی بەردەست بوونی ئامێرەكانی گواستنەوە خەڵكێكی زۆر ھەوڵیان داوە دەنگی ڕۆژھەلاتی كوردستان و ڕووداو و پێشھاتەكانی ئەوێ بگوازنەوە بەڵام ئەوە ناكرێ لە چوارچێوەی میدیایی پیشەییدا حیسابی بۆ بكرێت، بەلام ئەوەندەی دەبینم ئەو ڕۆژھەڵاتییانەی بە ناچاری وڵاتیان جێ ھێشتووە یان توانیویانە لە دەزگا ڕاگەیاندنەكاندا جێی خۆیان بكەنەوە پێموایە بە نسبەت ئەو ھەموو ڕێگە پێنەدان و سەركوتكارییەی لەوێ ھەیە لە ئاستی خۆیان یەكجار باش و پیشەیی مامەڵە دەكەن ئەوە جیا لەوەی كە ڕاگەیاندنەكانی حیزبەكانی ڕۆژھەلاتی كوردستانیش ھەر كامە و بە پێی توانایی خۆیان لایەكی ئەو كەلێنەیان پڕ كردۆتەوە.

بۆیە ناتوانم بە دیاری كراوی بڵێم ئاستی ژنان لە بواری كاری میدیاییدا لە ڕۆژھەلاتی كوردستان چۆنە، لە دوورەوە قەزاوەت ناكرێ و ئەو بەستەرە ئازادەش بۆ ئەوان ھیچكات ھەڵنەكەوتووە، بەڵام لە بوارەكانی دیكەدا ژن لە ڕۆژھەلاتی كوردستان تا ئاستێكی باش توانیویەتی خۆی پێبگەیەنەێت و ئەوەش جێگەی دەستخۆشییە، ناتوانین بڵێین كیفایەت دەكا بەڵام لە نێو ئەو ھەموو بەربەستە سیاسی و كۆمەڵایەتییەدا باشە.

 

ڕاگەیاندن توانیویەتی ڕەخنە بکاتە هەموو کون و کەلەبەرێک، ئێوە وەک ڕاگەیەندکارێک چەندە توانیوتانە بە کەلک وەرگرتن لەم ڕێگەیە دەنگ و ڕەنگی کوردی ڕۆژهەڵات و بە تایبەت ژنان بن؟

دنیای ڕاگەیاندن دنیایەكی ئاڵۆز و پڕ ڕووداوی جیاوازە. بۆ ئێمەی ژن كە لە میدیادا كار دەكەین ھەمیشە بەشێك لە تونایی و سەرنجەكانمان لەسەر خودی ژنانە، لە ڕۆژھەلاتی نێوەڕاست ژنان گەورەترین قوربانی ململانێ سیاسی و كۆمەڵایەتی و كلتووری و ئایینیەكانن، بۆ ئێمەش كە سوور دەزانین ڕۆژھەڵات چەندە بێ كەسە و ژنانیش لە چەند ڕووەوە گوشاریان لەسەرە ھەمیشە ھەوڵم‌داوە بە پێی توانا پرسەكانی ژنان لە قالبی ڕاپۆرتە ھەواڵدا بخەمە بەر باس یان وەك خۆم لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بیانخەمە بەر باس.

ھەرچەندە ئەوە یەكجار كەمە و ئێمە پێویستیمان بە ھێزێكی زۆری كاری و بەستەرێكی باشە بۆ ئەوەی دۆخی ژنی كورد بە گشتی و ژنی كورد لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان بە تایبەتیتر بخەینە بەر باس. ئێمە بۆ ئەوە پێویستیمان بە دامەزراوەی چالاكی و ئەكتیڤی ژنان ھەیە، دامەزراوە گەلێك كە دوور لە خۆ بەستنەوە بە لایەنێكی سیاسی چڕ بێتەوە لەسەر پرسی ژن و ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر بە ژنان دەكرێت. پێویستیمان بە دامەزراوە گەلێك ھەیە كە پێوەندییەكانیان لەگەڵ نێوەندە نێودەوڵەتییە داكۆكیكارەكانی ژنان بەھێز بێت و ئێمە دۆسیەكانی ژنانمان بە خێرایی بە نێودەوڵەتی بكەین، پێویستیمان بە یەكگرتوویی خۆمانە وەك ژن لەو بوارەدا و پێوسیتیمان بە پەروەردەی بنەڕەتی ھەیە لەو بوارەدا بۆیە ئەركەكە بەڕاستی قورسە و كەموكوڕییەكان زۆرن.

 

زۆرجار دەگوترێ ڕاگەیاندن چەندە دەتوانێ خزمەت بکات و کەڵکی باشی لێ وەربگیردرێت، زۆرجاریش دەتوانێ سەرچاوەی کێشە و نەهامەتییەکان بە تایبەت بۆ ژنان بێ، لەم پێوەندەییەدا سەرنجتان چییە؟

دەبێ دۆخی كورد لە مامەڵە كردن لەگەڵ میدیا جیاوازبێ، ئەوە سەرنجی منە وەك تروسكە خەڵكی دیكە دەتوانن جۆری دیكە بیر بكەنەوە بەڵام من پێموایە ئێمە وەك نەتەوەیەك كە تا ئێستاش خاوەنی ھیچ كییان و قەوارەیەكی سەربەخۆ نین چۆن دەتوانین میدیا لە دەرەوەی گەیاندنی ڕاستییەكان لەسەر نەتەوەی خۆمان، چۆن دەتوانین میدیا وەك كەرەستەیەك بۆ شەڕی نێوخۆیی، چۆن دەتوانین میدیا وەك ئامرازێك بۆ لێدانی یەكتر بە مەرامی سیاسیی دوژمنانەوە بەكار بێنین!  پێم وایە لە ھەر چوارپارچەی كوردستان زۆرمان ماوە بگەیەنە ئەو ئاستەی كە نەتەوە، گەل، خاك و یەكبوونمان بخەینە پێشی كێشە سیاسی و حیزبییەكانمانەوە.

ئەوە ئەو پێویستییەیە كە میدیا و میدیاكاری كورد لە ھەر چوارپارچەی كوردستان دەیھەوێ، ئەو پێویستییەیە كە ئێمە بەر لە ھەر شتێك داخوازییە بنچینەییە نەتەوەییەكانمان بخەینە بەر باس، بەڵێ ئەگەر خاوەنی كیانێكی سەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆ بووین دەتوانین بچینە سەر ئەو باسانە، مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئێمە وەك نەتەوە ھێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستە لە چۆنیەتی بەكارھێنانی میدیا ئەوەش ھۆكاری جیاوازی ھەیە، پرش و بڵاوی نێو ماڵی كورد بە گشتی ھۆكاری سەرەكییە و كێشەش بەر لە ھەر شتێك ھەر لە خۆمانە. ئەڵبەتە دەمھەوێ ئەوە ڕوون بكەمەوە كە ناكرێ چاوپۆشی لەوە بكەین كە چونكە ئێمە لە قۆناغی خەباتی ڕزگاریخوازیداین دەبێ چاوپۆشی لە كەموكوڕییە كۆمەڵایەتی، سیاسی و كلتووریەكانمان بكەین و بە ئاسانی بەسەریاندا تێپەڕین چونكە دواتر ھەر ئەوانە دەبنەوە لەمپەر و لە دنیای مۆدێرنێتە و ڕاھێنانی بە دێموكراسی كردنی كایەكانی ژیان دوورمان دەخاتەوە.

بەڵام بۆ ئەوەی كە میدیا بۆتە سەرچاوەی نەھامەتی بۆ ژن بە ھیچ شێوەیەك ئەوە ڕاست نییە، میدیا چۆن دەتوانێ ببێتە سەرچاوەی نەھامەتی بۆ ژنی كورد غەیری ئەوەی بۆتە تەنیا دەریچەیەك بۆ ژنان كە ئەگەر ڕووبەرووی زوڵم و زەبر و زەنگی سیاسی و كۆمەڵایەتی دەبنەوە دەنگیان دەگەیەنێتە دنیا؟!

پێشتریش وتم میدیا دنیایەكی ئاڵۆزە و لەگەڵ كەشی سیاسی و كۆمەڵایەتی نەتەوەی كورد بە سەختی توانیویەتی خۆی بگونجێنێ، بەھۆی ئەوەی نەتەوەی كورد لە دۆخێكی نۆرماڵدا نییە بەڵام بەو حاڵەشەوە ئەوە كوڕان و كچانی كوردن لە كاری میدیایی پیشەییانەدا لەم سالانەی دواییدا توانییان كێشە و خۆشی و ناخۆشی و نەھامەتی و زوڵم و زۆریەكانی سەر گەلی كورد بە جیھان بگەیەنن.

 

پێتان وایە ژنان تا چەند دەتوانن لە ڕێگەی ڕاگەیاندن کە پڕ بەردەنگترین ڕێگەی سەردەمە، داواکارییەکانیان بگەیەنن؟

بەھۆی بەردەستبوونی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، تا ڕادەیەك زەمینەی گەیاندنی دەنگی ناڕازی ڕەخساوە، پێوسیتە ژنان و كچانی ئێمە ھەركات ڕووبەڕووی ھەرجۆرە توندوتیژییەك دەبنەوە لەو ئامرازانە كەڵك وەرگرن بۆ بەرزكردنەوەی دەنگیان، بۆ گەیاندنی ئەو كێشەیە بە من و تۆ. نكۆڵی لەوە ناكرێ ژنی كورد ھەمیشە لەژێر گوشارێكی توند دایە بەڵام ئەركی میدیاكاران بۆ ئەو پرسە زۆر سەختترە، ئەوە ڕۆژنامەوانان و میدیاكارانن دەتوانن دەرك بە سەختییەكانی ژنان بكەن، پاڵپشتیان بن، دۆسییەكانیان بەھەر شێوازێك بۆیان دەلوێ بە میدیایی بكەن، وە دڵنیاشم لەگەڵ ھەموو بەربەستە نێرینەكانی بەردەم ژنان بەتایەت لە ڕۆژھەلاتی نێوەڕاستدا ھەر خودی ژنانن دەتوانن پاڵپشت و ھاوكاری یەكتر بن. ئەو كێشانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لەھەموو جێیەكی جیھان تا ڕادەیەكی زۆر ھاوبەشن، بۆیە ھەر خودی ژنانیش دەتوانن بە پاڵپشتی یەكتری ئامرازەكانی چارەسەر كردنی كێشەكان بدۆزنەوە و ڕاستیی كێشەكانیش وەك خۆی بۆ بەردەنگی دەسەڵاتدار و دژە ژن باس بكات و ڕووبەڕووی پرسیاریان بكەنەوە و داوای وەڵام و چارەسەریان لێ بكات.

***

تروسکە سادقی؛

٭ساڵی 1371ی هەتاوی لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە.

٭بەهۆی نیشتمانپەروەریی بنەماڵەکەی، هەر لە منداڵییەوە ئاوێتەی کوردایەتی و گەلدۆستی بووە و بەهۆی گوشاری بەردەوامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنەماڵەکەی ساڵی 1384ی هەتاوی بە ناچاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان جێ هێشتووە و لە باشوری کوردستان گیرساونەتەوە.

٭ ئەندامی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان بووە بەشداریی چەندین چالاکی جۆراوجۆری ئەدەبیی کردوە و خەڵاتی لە فیستیڤاڵەکاندا وەرگرتوە.

٭چوار کتێبی منداڵانی لە زمانی ئینگلیسیەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و کتێبی تریشی لەژێر چاپدان.

٭ بە هاوکاری دایکی دێتە دنیای ڕاگەیاندنەوە و لە زۆر ماڵپەڕ و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی دیار کاری کردوە.

٭ وەک ژنێکی سەرکەوتوو لە بواری میدیادا ساڵی ۲۰۱۹ لە کۆنفڕانسێکی هاوبەشی حکومەتی بەریتانیا و کەنەدا لەسەر “ڕۆڵی میدیا و ئازادیی ڕاگەیاندن” بانگهێشت کراوە.

٭ ئێستا لە دەزگای ڕاگەیاندنی کوردستان ۲٤ وەک پێشکەشکار کار دەکا.