کەمپەینی خێرخوازیی ” کەژوانی بۆکان” لەسەر دەستی کەسانی خۆبەخش و دڵسۆز دەستی بە کار کرد.
ئەم کەمپەینە خێرخوازییە بە مەبەستی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ هاووڵاتیانی هەژار و کەم داهات بە بەڕێوبەرایەتی دەستەی هەڵبژێردراوی شاخەوانانی بۆکان و خێرخوازانی شاری بۆکان دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.
لە ڕاگەیاندراوی ئەم کەمپەینەدا هاتوە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و مەترسی لەسەر ژیانی خەڵک دەمانەوێت لەم ڕێگەیەوە گۆشەیەک لە کێشە و مەینەتی و ئازارەکانی کەسانی هەژارو کەم دەرامەت کەم بکەینەوە.
ئەم کەمپەینە بە مەبەستی هاوکاریکردنی چینی کەم داهاتی کۆمەڵگە وەڕێخراوە کە بژێوی ژیانیان بەستراوەتەوە بە کاری ڕۆژانەیان لەسەر شەقامەکان، کاری دەستفرۆشی و کرێکاری.
کەمپەینی خێرخوازی کەژوانی بۆکان هەوڵدەدات هێندێک پێداویستیی سەرەتایی و خواردن بۆ ئەو بنەماڵانە دابین بکات و بەسەریاندا دابەش بکا، هەر بۆیە داواکارن لە کەسانی خێرخواز و دەستڕۆیشتوو و بازرگانان لەم پێوەندییەدا هاوکارییان بکەن.
شایانی باسە، هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە شارەکانی کوردستان، ئەرکی پاراستن و هەوڵدان بۆ بەرەبەرەکانی و پێشگرتن لەو ڤایرۆسە کەوتە سەرشانی خەڵک خۆیان و بەم هۆیەوە کەسانی دڵسۆز و خەمخۆر بە وەڕێخستنی چەندین کەمپەینی جیاواز بۆ لێدانی دژە ڤایرۆس لە شار و ئاواییەکان، کۆکردنەوەی خواردن و پێداویستی و دروستکردنی پێداویستییە تەندروستییەکانی وەک جلوبەرگ و دەمامک هەوڵی ئەوەیان داوە دژی ڤایرۆسەکە بوەستنەوە و هاوکاریی هاونیشتمانانیان بکەن.