شاعیری ناوداری خەڵکی شاری مەهاباد “ناسر ئاغابرا”، ناسراو بە “ژاکاو” کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی، شاعیری دیارو نیشتمانپەروەری خەڵکی شاری مەهاباد، “ناسر ئاغابرا ” بەهۆی وەستانی دڵ لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
ناسر ئاغابرا لە ۲۰ی خەرمانانی ۱۳٤۷ی هەتاوی لە ئاوایی “بەردەڕەشان” لە بنەماڵەیەکی وەرزێر لەدایک بوو.
لە تەمەنی سێ ساڵیدا تووشی نەخۆشیی سوورێژە دەبێ کە بەچاو دەیگرێ و چاوەکانی لە دەست دەدا.
وەک خۆی گوتویەتی: “خووم بە دنیای تاریکەوە گرت بەڵام ڕووناکاییم لەبیر نەبردەوە، بەڵکوو ئەوم بە وڵاتێک دەزانی و پێم وابوو بەجێم هێشتووە”.
ناوبراو هەر لە منداڵییەوە دەستی بە هۆنینەوەی شێعر کردوە و، لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی شێعر و وتارنووسی لە شاری مەهاباد بەشداری کردوە و لە زۆربەی کێبەرکێیەکاندا خەڵاتی وەرگرتوە.
ژاکاوی شاعیر دوو کتێبە شێعری بە ناوەکانی “کەژاوەی دڵ” و “تریفەی ئاوات” چاپ و بڵاو بووەتەوە.
جگە لە شێعر لە بواری نووسینی تەنز، شانۆ و چیرۆکنووسیش دەستێکی باڵای هەبووە.
لە لایەن ناوەندیی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بەم بۆنەوە سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵەی شاعیر ناسر ئاغابرا و هەموو خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.