چالاکانی مەدەنی و خەڵکی دڵسۆزی کوردستان لە هەموو شارەکانی کوردستان بە هانای خەڵکەوە دەچن و ئەرکی نەتەوەیی نیشتمانی و ئەخلاقی خۆیان بەجێ دێنن.
هەر لەو پێوەندییەدا وەکوو شارو ناوچەکانی دیکەی کوردستان چالاکانی شارەکانی سنە، سەقز، مەریوان و کامیاران بۆ بەرگری لە بڵاو بوونەوەی کۆڕۆنا لە مەیدانن و بێ هیچ چاوەڕوانییەک شەو و ڕۆژ بەرەنگاریی پەتای کۆرۆنا دەبنەوە.
لەگەڵ ئەوەی کۆڕۆنا لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام لە گەشەسەندن دایە و کۆماری ئیسلامی هیچ هەوڵێکی جددی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو ڤایرۆسە کوشندەیە نادات، لاوانی ڕۆژهەڵات زیاتر هەست بە بەرپرسایەتی دەکەن و بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو ڤایرۆسە کوشندەیە دێنە مەیدان.
لاوان بە پێکهێنانی کۆمیتەی گەڕەکی شارەکان و گوندەکان و بڵاو کردنەوەی مادەی دژە ڤایرۆس لە کۆڵان و شوێنە گشتییەکان پێمان دەڵێن کە ڕۆژهەڵات بێ پارێزەر نییە و خەڵک خۆڕسکانە بەخەمی نیشتمانەوەن.