چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی کوردستان پاش پەرەسەندنی پەتای کۆرۆنا بە ڕێکخستنی کەمپەینێک لە ژێر ناوی هاودڵی کوردستان وەکوو هەمیشە بە هانای خەڵکەکەیانەوە چوون.
چالاکانی مەدەنی و ژینگە پارێز و خەڵکی خۆبەخش و دڵسۆز پاش تەشەنەکردنی کۆرۆنا لە ئێران و کوردستان وەکوو هەمیشە و بە یەکڕیزی بە هانای خەڵکەکەیانەوە چوون و لە هەر بوارێکدا توانیبێتیان یارمەتی خەڵکی کوردستانیان داوە و زۆر بە ڕێک و پێکی و دابەشکردنی کار و چالاکییەکان و لەوانە لێدانی دژە ڤایرۆس لە شار و گوندەکانی کوردستان و کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ بنەماڵە کەمداهاتەکان و هەروەها ڕێنمایی تەندروستیی بۆخەڵک و هاندانیان بۆ ئەوەیکە لە ماڵدا بمێننەوە.
ئەو چالاکییانە لە هەموو شارو ناوچەکانی کوردستاندا بەردەوامە و لەو پیوەندییەدا لە شاری سنە کەمپەینی هاودڵی کوردستان و کچان و کوڕانی دڵسۆز کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە لەماوەی دووڕۆژدا گەڕەکەکانی نەبوەت، یازدەمیتری، گوڵشەن ،پیرمحەممەد، کانی کووزەڵە، فەرەجە،عەباساوا،حەسەناوا و نایسەرو ڕێگای ئاساوڵە دژە ڤایرۆسیان لێداوە وهەروەها بە دانانی بەستەی خۆراکی هاوکاری بنەماڵەکانی ئەو شارەیان کردووە.