مەکتەبی سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان زۆر بەڕێز!
سڵاوێکی گەرمی برایانە
بە داخێکی گرانەوە لە هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی و تێکۆشەری گەورەی کورد و کادری لەمێژینەی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان مام جەمال¬ئاغا (جەمال حەکیم¬ئاغا) ئاگادار بووم. ڕابردووی خەباتگێڕانە و پڕسەروەریی جەمال-ئاغا تۆمارێکی ئەوەندە دوورودرێژە کە تەنیا حیزبەکەی خۆی دەتوانێ ئاوڕی لێ¬بداتەوە و هەقی خۆی بداتێ. بۆیە ئەمن وەک دۆست و هاوڕێیەکی بچووکی ئەو نەمرە تەنیا دەتوانم لەسەر ساڵەکانی ١٩٨٠ بدوێم،ئەو کاتە کە بارەگای ڕێبەرایەتیی هەردوو حیزبی برا و هاوخەبات (دێموکڕات و یەکیەتی) لە دۆڵی جافایەتی دراوسێی یەکتر بوون و هەردوو مەکتەبی سیاسی ناوبەناو سەردانی یەکتریان دەکرد.
لەو ساڵانەدا مامە جەمال کە یار و هاودەمی هەردوو ڕێبەری کۆچکردوو مام جەلال و دوکتۆر قاسملوو بوو، لە زوربەی هەرە زۆری دیدارەکاندا بە شدار بوو و لەوێدا ئەمن دەگەڵ کەسایەتیی ئەو پیاوە ئاشنا بووم. جەمال¬ئاغا کە ئەزموونی چەند قۆناغی خەباتی مافخوازانەی گەلی کوردی وەسەر یەک نابوو، بەڕاستی پیاوێکی ئاشنا بە مێژووی رابردووی بزووتنەوەی کورد و ماف وداخوازەکانی ئەم گەلە و شۆرشە ڕەواکانی بوو.
ئەو کە جێگە و پێگەیەکی بەرزی کۆمەڵایەتیی هەبوو و لە کۆمەڵی کوردەواریدا هەمووان ڕێزیان بۆ دادەنا، لەنێو ڕیزەکانی شۆرشی کوردیشدا جێگای ڕێزی هەموو ئەوانە بوو کە لەنزیکەوە دەیانناسی. سەرنج¬ڕاکێش ئەوە بوو کە دەگەڵ ئەو پێگە کۆمەڵایەتییە و دەگەڵ جیاوازیی زۆری تەمەنی خۆشەویستی هەموو پێشمەرگە لاوەکانیش بوو، چونکە بۆ هەمووان مامێک و تەنانەت هاوڕێیەکی میهرەبان بوو.
لەمانە بگەڕێتەوە، جەمال¬ئاغا ئەدیب و ئەدەبدۆستێکی بە تواناش بوو، زۆر حەزی بە خوێندنەوە و باسی ئەدەبی دەکرد. ئەو هەروەها شێعری جوانیشی هەبوون کە هیوادارم ئەگەر تا ئێستاش نەکرابێ، دوای لەدنیادەرچوونی، بەرهەمە ئەدەبییەکانی کۆ بکرێنەوە و بەچاپ بگەن. لێرەدا وەک نموونە تاکە بەیتێکی وەبیر دێنمەوە کە لە بارەی شاری سلێمانییەوە نووسیویە. دەزانین کە ئەو ئاشقی هەموو کوردستان بوو، بەڵام سلێمانی دەگەڵ خوێن و گۆشتی تێکەڵ بوو:
«بەهەشتی زاتی پاکی خوا کە مەشهوورە لەبەر جوانی
کتومت ڕەنگی ڕێژراوە لەسەر شێوەی سلێمانی»
خۆ ناکرێ پیاو یادی جەمال¬ئاغا بکاتەوە و باسی سەخا و دڵفرەوانی و لەوانەش زیاتر قسەخۆشی و نوکتەزانییەکەی نەکا. زیادم نەگوتوە ئەگەر بڵێم هەرکەس جارێکی مەجلیسی جەمال¬ئاغا دیبێ هەمیشە بەئاوات بووە دەرفەتی دیدارێکی تازەی لەگەڵ ئەو گەورەپیاوە بۆ بڕەخسێ.
بەڕاستی سەرکۆنەی خۆم دەکەم کە لەو ساڵانەی کۆتایی تەمەنیدا نەچوومە سەردانی و پاساویشم ئەوە بوو کە بۆم قورس بوو خۆشەویستێکی وا بە کەنەفتی ببینم. نەفرەتی دنیاش بۆ «کۆڕۆنا» دەنێرم کە ڕێگای نەدا هەموومان لەسەر گڵکۆکەی ئامادە بین و بەوجۆرەی شیاوی خۆی بوو، ماڵئاوایی دەگەڵ بکەین.
لە ناخی دڵمەوە سەرەخۆشی لە ئێوە و خانەوادە بەڕێزەکەی و هەواڵەکانی لە ڕیزەکانی یەکیەتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی کورد و هەموو خەڵکی شارە خۆشەویستەکەی و تێکڕای خەڵکی کوردستان دەکەم. ڕووحی جەمال¬ئاغا شاد و تەمەندرێژی بۆ ئازیزانی و کوردستانیش سەرکەوتوو بێ.
عەبدوڵڵا حەسەن¬زادە
٣\٤\٢٠٢٠